كۆنسووڵی گشتیی نوێی هۆڵەندا، سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و، لەلایەن هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبەوە پێشوازی لێ كرا، لە دیدارێكیشدا پرسگەلێكیان خستە بەر باس و گفتوگۆوە.
سەرەتا، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ناوی سەركردایەتیی پارتییەوە بەخێرهاتن و پیرۆزبایی گەرمی ئاڕاستەی ڤیلم كۆزاین، كۆنسووڵی گشتیی نوێی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. لە میانەی ئەو دیدارەدا سیوەیلی ستاییشی ڕۆڵی گەل و حكوومەتی هۆڵەندای كرد بۆ هاوكاریی گەلی كوردستان و پشتیوانیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بیست ساڵی ڕابردوودا بە تایبەتی لە كاتی شەڕی دژی داعش و گەمارۆكانی ئەم دواییەی حكوومەتی ناوەندی لەسەر هەرێمی كوردستان.
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكان، هەروەها باسی لە پێشهاتە سیاسییەكان و بارودۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستانی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە و ڕایگەیاند، كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بە مەبەستی هاوكاری و گەییشتنە لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە ڕێككەوتنێك كە حكوومەتی داهاتووی عێراق بە بەشداریی بەشێكی زۆری لایەنە سیاسییەكان بێیت تاكو بتواندرێت ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئاساییشی و كۆمەڵایەتی و بەرەوپێشەوەچوونی ئابووری و خوشگوزەرانی بۆ گەلانی عێراق دابین بكات و، لە هەمان كاتدا بتواندرێت كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان حكوومەتی ھەرێمی و حكوومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا چارە بكەن.
لە درێژەی گفتوگۆگاندا، سیوەیلی دووپاتی ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردەوە بۆ چارەكردنی كێشەكان، كە بریتییە لە سێ مەبدەئی سەرەكی، ئەوانیش شەراكەتی ڕاستەقینە، ڕێكەوتن لەسەر بڕیارەكان و دووركەوتنەوە لە زۆرینە و كەمینە و تەوازن لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا. لەبارەی جیاوازییە نێوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان و دەسنیشانكردنی نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان لە كابینەی نوێ و دەستەڵاتەكانی حكوومەتی فیدراڵدا، پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات كە بە یەكدەنگی و بە ڕێككەوتن بەشداربووانی گەلی كوردستان یەكلا بكاتەوە، بەداخەوە هەندێك لایەن یەكلایەنە بڕیار دەدەن وەكو ئەوەی كە تەنیا ئەوانن نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكەن، لە كاتێكدا كە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی دەنگەكانی هەیە و بە مافی هەڵبژاردنی خۆی دەزانێت، بۆ ئەم مەبەستەیش ئێمە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆی لەگەڵ هەموو لایەنەكان تاكو یەكڕیزی و یەكدەنگیی كوردستان بەدەست بهێنین.
لەو دیدارەدا، تیشك خرایە سەر هەڵبژاردنی ٣٠-٩ ی پەرلەمانی كوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ئەوەی خستە ڕوو: "بە لای ئێمەوە گرینگە پڕۆسەكە بە ئارامی و دوور لە ئەو كێشانە بێت كە لە هەڵبژاردنی مانگی پێنج بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوویان دا".
ڤیلم كۆزاین، كۆنسووڵی گشتی سوپاسی سیوەیلی و مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی كرد بۆ ئەو پێشوازییە. هەروەها بە بایەخەوە باسی لە دواسەردانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ هۆڵەندا كرد و، ئەوەی خستە ڕوو كە نوێنەرایەتیی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان فراوانتر دەكەن و كار و چالاكییەكانی كۆنسووڵخانەی هۆڵەندا زیاتر گەشەیان پێ دەدرێت و هەموو كەرتەكان دەگرێتەوە و بە ئامانجی فراوانكردنی بەرژەوەندییەكانی هەردوولا و دووپاتی هاوكاری و پاڵپشتیی حكوومەت و گەلی هۆڵەندای بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە.
هەر لەو دیدارەدا بە بایەخەوە تیشك خرایە سەر گرینگی و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و فراوانكردنیان بۆ كەرتەكانی ئابووری و بازرگانی و كولتووری و پەروەردەیی، كە سوود بە هەردوو گەل دەگەیێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.