ساڵێك بەسەر پرۆسهی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان تێدەپەڕێت، لەناو پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، کوردستانیانی ھەرچوار پارچەی کوردستان، یادی ئەو رۆژە مەزنە دەکەنەوە و کۆنفیدراسیۆنی کوردستانی دیاسپۆرا (دیاکورد) رادەگەیەنن.
یەکێك لە تەوەرەکانی کۆنفراسەکە، ساڵیادی ریفراندوم بوو بۆ سەربەخۆییی کوردستان، وەك بەڵگەیەکی گرینگ، پارێزگاری کەرکووك وەك داکۆکیکارێکی ئەنجامدانی ریفراندۆم بەشداری پانێلەکە بوو و روونی کردەوە، کە ریفراندۆم مافی رەواوی گەلی کورد بووە و بڕیارێکی دروستی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بووە.
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووك ڕایگەیاند: ھەڵبەتە رۆژی 25 ئەیلوول رۆژێكە لە مێژووی گەلی كورد بە زیندوویی دەمێنێتەوە و بە كەس لا نابرێت، راستە دوای ئەوە تووشی سوپای داگیركەر بووین و گەلەكەمان لە كەركووك و ناوچەكانی دیكە بە بارودۆخێكی سەختدا تێدەپەڕن، بەڵام ئەوە شتێكی نوێ نییە لە مێژووی گەلی كورد".
گوتیشی: "25ی ئەیلوول لە دڵی ھەمووماندایە و لەو رۆژەدا پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكەم، دەستخۆشی لە ھەموو ئەو كەسانە دەكەم كە بەشدارییان لە ریفراندۆم كرد. دەبێ شانازی بەو رۆژەوە بكەین، چونكە بە ھەموو دنیامان گوت كە سەربەخۆییمان دەوێ و ئەوەش ھەردێتەدی.
ههروهها دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، ئاماژە بە گرینگی یادکردنەوەی ساڵانەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەکات، لەناو دامودەزگاکانی ئەورووپادا بۆ ئاشناکردنی زیاتری بەرپرسانی ئەورووپا بە مافەکانی کورد.
ئاژگەیی گوتی: ئەو پەیامەی گەلی كورد بڕیاری لەسەرداوە، گرینگە بگەیەندرێتە ناوەندەكانی دەسەڵات لە دەرەوەی وڵات، ئەو كۆنفرانسەش کە لێرە ئەنجام دراوە، بە هۆیەوە دەتواندرێت ئەو پەیامە بگەیەندرێتە بەرپرسانی یەكێتیی ئەورووپا، كە رۆژێك دێت ئەو بڕیارە لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.