Erbil 1°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 23:58

سه‌رۆک بارزانی: ئێمە بەڵێنتان پێ دەدەین، ئەگەر کەرامەت و ئیرادە و سەروەریی ئێوە کەوتە مەترسی، مردن هەڵبژێرین و بەرگریتان لێ بکەین

كه‌رنه‌ڤاڵێكی جه‌ماوه‌ری بۆ سه‌رخستنی لیستی 183 پارتی له‌ هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو
کوردستان TV
#7
100%

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى گه‌یشته‌ كه‌رنه‌ڤاڵى گه‌وره‌ى بانگه‌شه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ سه‌رخستنی لیستی 183 پارتی له‌ یاریگه‌ى فه‌ره‌نسۆ هه‌ریرى شارى هه‌ولێر و كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌ به‌ خوله‌كێك وه‌ستان بۆ گیانى شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد ، شایه‌نی باسه‌ كه‌رنه‌ڤاڵى ئه‌مڕۆى پارتى دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ولێر هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ساڵیادى پرۆسه‌ى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان، ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017، زیاتر لە ٪93ـی خەڵكی كوردستان دەنگیان به‌ به‌ڵێ دا.

له‌ گه‌وره‌ترین كه‌رنه‌ڤاڵی جه‌ماوه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ولێر، سه‌رۆك بارزانی به‌ڵێنیدا، هه‌میشه‌ ڕاستگۆ بین له‌گه‌ڵتان، به‌ڵێن ده‌ده‌ین كه‌ كه‌رامه‌ت و سه‌ره‌وریی ئێوه‌ بكه‌وێته‌ مه‌ترسی، سه‌ری خۆمانی بۆ دابێین.


دەقی وتاری سه‌رۆك بارزانی له‌ كه‌رنه‌ڤاڵی جەماوەریی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ هەولێر

بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: پارتى له‌ زۆر له‌ مافه‌كانى خۆى خۆش بوو بۆ ئه‌وه‌ى ناوماڵى كورد رێك بێت و یه‌كڕیز بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ جێى نه‌گرت. به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ دژى پارتیش به‌كارهێنران. جەختیشی کردەوە کە یه‌كڕیزى و ته‌بایى ناو ماڵى كورد ده‌بێت پابه‌ندى ئه‌و بنه‌مایانه‌ بن، كه‌ نیشتمانین و نه‌ته‌وه‌یین.

ئەم وتانەی سەرۆک بارزانی لە كه‌رنه‌ڤاڵى گه‌وره‌ى بانگه‌شه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستاندا هات کە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٨ له‌ یاریگه‌ى فه‌ره‌نسۆ هه‌ریرى، لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییە، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم ساڵیادی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، بە ئامادەبوونی دەیانهەزار کەس لە لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو و تیایدا سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشەکش کرد.

سەرەتا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ڕۆژی ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧، ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم کرد و ڕایگەیاند: له‌م رۆژه‌ پیرۆزه‌دا، كه‌ ساڵى پار، وه‌ك ئه‌مڕۆ بڕیارتان له‌ چاره‌نووسى خۆتان دا و مێژووتان تۆمار كرد، پیرۆزبایى ئه‌و رۆژه‌تان لێ ده‌كه‌م و سوپاسى وه‌فا و دڵسۆزى و خۆڕاگریتان ده‌كه‌م. ئه‌و په‌نجانه‌تان ماچ ده‌كه‌م، كه‌ ئه‌و رۆژه‌ مۆرتان كرد.

سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند: مافێكى یاسایى و سرووشتى هه‌موو گه‌لێكه‌ بڕیار له‌ چاره‌نووسى خۆى بدات. ئێوه‌ش ساڵى پار وه‌ك ئێمه‌ بڕیارتان له‌ چاره‌نووسى خۆتان دا. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ خراپ ته‌فسیر كرا. ده‌بوایه‌ پرسیار له‌ ئێوه‌ بكرێت، ئه‌رێ بۆ ئه‌و بڕیاره‌تان دا، ئه‌رێ ده‌ردى ئێوه‌ چییه‌، له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى بێن قه‌ره‌بووى كه‌سوكارى ئه‌نفال و كیمیایباران و ئه‌نفال و خه‌ڵكى ده‌ربه‌ده‌ر بكه‌نه‌وه‌، كه‌چى هه‌وڵیان دا سزاى قورستر بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌م خه‌ڵكه‌. تاوان نه‌بوو خه‌ڵك بڵێت ده‌مه‌وێت ئاوا بژین.

سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: ده‌بوایه‌ په‌نا ببرێته‌ به‌ر گفتوگۆ و دیالۆگ، ئه‌وه‌ خواستى ئێمه‌ بوو. كه‌س نه‌یگوتبوو ئێمه‌ رۆژێك دواتر سه‌ربه‌خۆیى راده‌گه‌یه‌نین. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ جارێكى دیكه‌ ده‌ڵێم خراپ ته‌فسیر كرا و سوئى ئیستیفاده‌ له‌و رۆژه‌ كرا. ئێمه‌ پێمان وایه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خیلافى ده‌ستوور هه‌نگاومان نه‌ناوه‌.

له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌، (ان الالتزام بهذا الدستور يحفظ للعراق اتحاده‌ الحر)، ئه‌گه‌ر ده‌ستوور جێبه‌جێ كرابا، په‌نامان نه‌ده‌برد بۆ ریفرامدۆم. به‌ڵام هه‌موو ده‌رگایه‌كیان قه‌پات كرد. هیچ ئومێدێكیان نه‌هێشته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ بژین و شه‌ریك بین. له‌وه‌ش ده‌رچوو، كه‌ سزامان بده‌ن، هه‌ندێك له‌ هه‌موو سنووره‌كانیان به‌زاند. ویستیان ئیراده‌ى ئێمه‌ بشكێنن، كه‌رامه‌تى ئێمه‌ بشكێنن. بۆیه‌ ئێمه‌ش بڕیارمان دا، بمرین و نه‌هێڵین نه‌ كه‌رامه‌تى ئێمه‌ بشكێت و نه‌ ئیراده‌ی ئێمە بشكێت.

سەرۆک بارزانی سوپاسی دڵسۆزی و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و پیشمەرگە قارەمانەکانی کرد و ڕاشیگەیاند: ئه‌م ئه‌زموونه‌ش وه‌كو هه‌موو ئه‌زموونه‌كانى پێشتر ده‌ركه‌وت، كه‌ به‌ ئاسن و ئاگر و شه‌ڕ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كورد ناكرێت. ده‌بێت به‌ له‌یه‌ك تێگه‌یشتن و قه‌ناعه‌تى هاوبه‌ش و گفتوگۆ و رێز له‌یه‌ك گرتن بێت. ئێمه‌ ئه‌وسا و ئێستا و له‌ ئاینده‌ش، داكۆكى له‌سه‌ر بژارى خۆمان ده‌كه‌ین، كه‌ ئاشتیى و درێژكردنى ده‌ستى برایه‌تییه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك. ئه‌وه‌ى كه‌ به‌ دیالۆگ و لێك تێگه‌یشتن و هاوكارى به‌ده‌ست هه‌ردوولا دێت، سه‌د ساڵیش به‌ شه‌ڕ نه‌ به‌ده‌ست ئێمه‌ دێت و نه‌ به‌ ده‌ستى ئه‌وان دێت.

سەرۆک بارزانی سوپاسی هەڵوێستی گەلی عێراقیشی کرد کە نەکەوتنە ژێر کاریگەریی هەڵوێستەکانی دەسەڵاتدارانی بەغدا و ڕایگەیاند: به‌ راستى من ترسم زۆر بوو. كه‌ ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ى دژ به‌ كورد كه‌ هه‌ندێك به‌رپرس ده‌یانویست بیكه‌نه‌ فه‌رهه‌نگى شه‌قامى عه‌ره‌بى له‌ عێراق، نه‌وه‌ك سه‌ربگرێت. به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنى ١٢ـی ئایاردا گه‌لى عێراق سزاى هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ یان به‌شى هه‌ره‌ زۆرى ئه‌و كه‌سانه‌یان دا، كه‌ ده‌یانویست له‌سه‌ر حسابى دژایه‌تیكردنى خه‌ڵكى كوردستان و مافى خه‌ڵكى كوردستان خۆیان بكه‌ن به‌ پاڵه‌وان، به‌ڵام سزا دران له‌ لایه‌ن گه‌لى عێراقه‌وه‌ و سوپاس بۆ گه‌لى عێراق. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى گه‌لى عێراق كاریگه‌رییه‌كى زۆر زۆر گه‌وره‌ى هه‌بوو له‌سه‌ر ئێمه‌. لێره‌دا به‌ بیر خۆم و ئێوه‌ و به‌ بیرى به‌غداش ده‌هێنمه‌وه‌، كه‌ راسپارده‌ و حیكمه‌تى جه‌نابى بارزانى، كه‌ هه‌میشه‌ ته‌وسییه‌ى ده‌كرد، شه‌ڕ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ میله‌ت بێت و شه‌ڕى نێوان دوو میله‌ت كوفره‌ و تاوانه‌. هیچ كاتێك ئێمه‌ رێگه‌ ناده‌ین ناكۆكى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تێك ببێته‌ شه‌ڕ و ناكۆكى نێوان گه‌لى كورد و عه‌ره‌ب، یان گه‌لێكى دیكه‌. حكومه‌ت دێن و ده‌ڕۆن، به‌ڵام میله‌تان ده‌مێنن. ئه‌مه‌ سیاسه‌تى نه‌گۆڕى پارتى بووه‌ هه‌ر له‌ رۆژى دامه‌زراندنییه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ و بۆ هه‌میشه‌ هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ى ده‌بێت.

سەرۆک بارزانی داواشی لە خەڵکی سەراسەری کوردستان کرد کە ئەوپەڕی ڕێز لەو ئاوارە عەرەبانە بگرن کە ناچار بوونە ئاواره‌ ببن و بێن بۆ كوردستان و شوێنى خۆیان له‌به‌ر نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى و تیرۆر به‌جێ هێشتووه‌ و تا خۆیان قه‌ناعه‌ت ده‌كه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنى خۆیان.

سەرۆک بارزانی پەیامێکیشی ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و ڕایگەیاند: داوا له‌ هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌م ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن و هه‌موو كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ته‌وافق و ته‌وازن و به‌ گوێره‌ى ده‌ستوور كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. چونكه‌ ده‌رفه‌تێكى دیكه‌شمان بۆ هاته‌ پێش، له‌ كاتى رزگاركردنى مووسڵ، كه‌ به‌ خوێنى پێشمه‌رگه‌ رێگه‌ خۆش كرا بۆ ئه‌وه‌ى مووسڵ رزگار بكرێت و ده‌رفه‌تێكى زێڕین هاته‌ پێش، به‌ڵام به‌رپرسانى به‌غدا تێكیان دا، با ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ ده‌ست نه‌چێت. ئێمه‌ تا پێكه‌وه‌ین ده‌بێت برا و دۆست و هاوكارى یه‌ك بین.

هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە: پێش چه‌ند رۆژێك من له‌گه‌ڵ فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى به‌غدا دانیشتم و داوام لێكردن چۆن به‌رگرى له‌ مافى خه‌ڵكى كوردستان بكه‌ن، ئاواش به‌رگرى له‌ مافى هاووڵاتیانى ترى عێراقیش له‌ به‌سره‌، نه‌جه‌ف، رومادى و به‌غدا بكه‌ن و خۆیان به‌ به‌رگریكارى ئه‌ساسى بۆ مافى ئه‌وانیش بزانن.

سەرۆک بارزانی باسی تەبایی و یەکڕیزیشی کرد و ڕایگەیاند کە پارتى له‌ زۆر له‌ مافه‌كانى خۆى خۆش بوو بۆ ئه‌وه‌ى ناوماڵى كورد رێك بێت و یه‌كڕیز بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ جێى نه‌گرت. به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ دژى پارتیش به‌كارهێنران. جەختیشی کردەوە کە یه‌كڕیزى و ته‌بایى ناو ماڵى كورد ده‌بێت پابه‌ندى ئه‌و بنه‌مایانه‌ بن، كه‌ نیشتمانین و نه‌ته‌وه‌یین.

لە کۆتاییشدا سەرۆک بارزانی باسی هەڵبژاردنی ٣٠ـی ئەیلوولی کرد و رایگەیاند: چه‌ند رۆژێكمان ماوه‌ بۆ تۆماركردنى مێژووییه‌كى دیكه‌ى پڕ له‌ سه‌روه‌رى. له‌ ٣٠ـى ئه‌م مانگه‌ رۆژى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانه‌. رۆژێكى چاره‌نووسسازه‌. رۆژێكه‌ كه‌ ئێوه‌ بڕیار ده‌ده‌ن. ئایا ده‌تانه‌وێت كوردستانى ئێوه‌ چۆن بێت، ئه‌من و ئاسایش به‌رقه‌رار بێت تێیدا، به‌خته‌وه‌رى و ئاوه‌دانى به‌رقه‌رار بێت، من دڵنیام ئێوه‌ ئه‌وه‌تان ده‌وێت، بۆیه‌ داواتان لێده‌كه‌م، ئه‌و رۆژه‌ هه‌موومان په‌یمان دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ شه‌هیده‌كانمان وه‌فادار بین به‌ خوێنى ئه‌و شه‌هیدانه‌ و ده‌نگ به‌ لیستى ١٨٣ بده‌ین.

سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: بۆ ئه‌وه‌ى گۆڕانكارى گه‌وره‌ بكرێت، چاكسازى هه‌مه‌لایه‌نه‌ بكرێت، من له‌و باوه‌ڕه‌دام ئێوه‌ له‌ رۆژى ٣٠ـی مانگ، ده‌چنه‌ سه‌ر سندووقه‌كان و ده‌یسه‌لمێنن، هه‌ولێر هه‌ر هه‌ولێره‌. ئێمه‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌تان پێده‌ده‌ین، كه‌ هه‌میشه‌ راستگۆ بین له‌گه‌ڵتان. به‌ڵێنتان پێده‌ده‌ین، ئه‌گه‌ر كه‌رامه‌ت و ئیراده‌ و سه‌روه‌رى ئێوه‌ كه‌وته‌ مه‌ترسى مردن هه‌ڵبژێرین و به‌رگریتان لێبكه‌ین. په‌یمانتان پێده‌ده‌ین هه‌رچى پێمان بكرێت بۆ خزمه‌تى ئێوه‌ درێغى نه‌كه‌ین.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی سڵاوى بۆ جەماوەر و خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گیانی پاکی شەهیدان نارد و ڕایگەیاند: داواتان لێده‌كه‌م، بڕواتان به‌ خۆتان و ئاینده‌ى خۆتان بێت، بڕواتان به‌ سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ هه‌بێت، بڕواتان به‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانتان بێت، ده‌بێ هه‌میشه‌ ئاماده‌ بین به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچین و خۆ نه‌چه‌مێنین.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.