به ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناغه‌ی رێگای جووت سایدی رۆڤیا - گۆپاڵ داندراو له وته‌یه‌كیشدا نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند: سوپاسی پێشمەرگە و دەزگاكانی ئاسایش و ناوخۆی كرد كه به هیممه‌تى ئه‌وان ئارامی لە هەرێمی كوردستاندا پارێزرا و لەگەڵ باشتربوونی باری داراییی حكوومەتیش، پاشەكەوتی مووچە زۆر كەمكرایه‌وه و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان لە ماوەیەكی نزیكدا بتوانن بە تەواوی ئه‌و پاشكه‌وته نەهێڵن.
سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 25/9/2018 به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌یه‌ك له وه‌زیر و به‌رپرسانی حكوومه‌ت و كه‌سایه‌تیى ده‌ڤه‌ره‌كه، له ڕێوڕه‌سمێكدا به‌ردی بناغه‌ی پرۆژه‌ی ڕێگه‌ی جووتسایدی ڕۆڤیا ـ گۆپال دانرا.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا دوای پێشكه‌شكردنی چه‌ند وته‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له وته‌یه‌كدا جیا له به‌خێرهێنانی میوانانی ڕێوڕه‌سمه‌كه، خۆشحاڵیی خۆی به دانانی به‌ردی بناغه‌ی پرۆژه‌ی ڕێگه‌ی ڕۆڤیا ـ گۆپاڵ ده‌ربڕی كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبانی پارێزگای دهۆكه‌وه سەپەرشتی دەكرێت و كۆمپانیای كاڤین گرووپ جێبەجێ ده‌كات.
به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان نزیكه‌ى (80) ملیۆن دۆلاری بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه تەرخان كردووە كه نه‌خشه‌یه‌كی باشی بۆ دانراوه و درێژیه‌كه‌ی 22 كیلۆمه‌تری جووتسایده و حیساب بۆ پـاراستنی سەلامـەتـی كـراوە، (6) ئۆڤەر پاس لە پڕۆژەكەدا هەن، (8) جێگەش بۆ پەڕینەوەی ئاژەلان بە شێوەی قەسیسە حیسابیان بۆ كراوە. ڕاشیگه‌یاند كه ئەمە سەرەتای دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكانی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت له‌و دەڤەرە گرنگەی كوردستان.
هه‌ر له باسی پرۆژه‌كه‌دا، به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه دا كه هه‌رچه‌نده ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه ده‌وروبه‌ری (900) ڕۆژه، به‌ڵام هیوای خواست زووتر له‌م ماوه‌یه جێبه‌جێ بكرێت و له‌م ڕووه‌وه ئاشكرای كرد كه به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیاى جێبه‌جێكار به‌ڵێنی داوه زووتر له‌و واده‌یه پرۆژه‌كه جێبه‌جێ بكرێت. به‌ڕێزیان جه‌ختیشی له باشیی كوالێتی و گرنگیدان به دروستكردنی ژێرخانێكی توندوتۆڵ بۆ ڕێگه‌كه كرد كه وه‌ك پێویست له دروستكردنی ڕێگه‌وبانه‌كاندا گرنگی پێنه‌دراوه و ڕایگه‌یاند دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستانیش ئێستا وەك ئەركی خۆیان زۆر بە وردی لەسەر كوالیتیی پڕۆژەكانی ڕێگەوبان دەوەستن و ئێستا و داهاتووش چاودێرییەكەیان زۆر زیاتر ده‌كه‌ن و كار و پرۆژه‌كانی كۆمپانیاى كارین گرووپیشی له هه‌رێمی كوردستان به سه‌ركه‌وتوو وه‌سف كرد، ده‌ستخۆشی لێ‌كردن و هیوای خواست پرۆژه‌ی ڕێگه‌ی ڕۆڤیا ـ گۆپالیش به هه‌مان كوالێتی جێبه‌جێ بكه‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی به ڕاگه‌یاندنی به‌رێز پارێزگاری دهۆك بۆ ده‌ستپێكردنی دوو پڕۆژه‌ی گرنگی دیكه‌یله‌و ده‌ڤه‌ره‌دا نیشان دا كه یەكەمیان پڕۆژەی چاككردنەوە و قیڕتاوكردنی ڕێگەی (كۆركا ـ سۆركا ـ زێراڤ) لە ناوچەی گردەسێن ـ ئاكرێ و دووەمیشیان پڕۆژەی چاككردنەوە و قیڕتاوكردنی ڕێگەی (زەنگەنان ـ دارەتوو) لە قەزای بەردەڕەشه و هه‌ردوو پرۆژه‌ی به گرنگ وه‌سف كرد بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه و هیوای خواست له كاتێكی نزیكدا جێبه‌جێ بكرێن.
له وه‌سفی ده‌ڤه‌ركه‌شدا به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند كه ئه‌م ناوچه‌یه مەڵبەندی شۆڕش و پێگەیاندنی سەدان و هەزاران خەباتكار بۆ شۆڕشی كوردستان بوون، بۆیه پێشتر لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە پشتگوێ خرا بوون و هەندێك شوێنی ناوچەكە لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری بێبەش بوون، بۆیه بۆ زیاتر خزمه‌تكردنی ده‌ڤه‌ره‌كه حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی جۆراوجۆری تیادا ئەنجام داوە كه هه‌رچه‌نده به‌پێى پێویستییەكانی ئەم ناوچەیە نەبوونە، به‌ڵام حكوومەت پلانی هەیە بۆ بووژاندنەوەی ئەم ناوچانە و سوود وەرگرتنی زیاتر لە توانا سروشتییەكانی وه‌ك كشتوكاڵ، گەشتیاری و سامانی ژێرزەوی و سوودوه‌رگرتن له توانا مرۆییه‌كانی ناوچه‌كه له جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كانی ناوچه‌كه‌دا.
له به‌رده‌وامیی وته‌كه‌یدا به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیران باسی له‌وه كرد كه دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش، تا ڕادەیەك هه‌ماهەنگی لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالیی عێراقدا دروست بووه‌ته‌وه و باشتربوونی باری داراییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە بەراورد لەگەڵ دوو ساڵی ڕابردوو، ده‌بێته هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى پێداچوونەوەیەكی جددی بە پێداویستییە ئیدارییەكانی دەڤەرەكەدا بكه‌ن، چونكە دەزانن لەوبارەوە داواكاریی جددی هەیه.
ئاشكراشی كرد كه به ئه‌ندازه‌ی پێشكه‌وتنی شاره‌كان، بووژانەوە و پێشكەوتنی گوندەكانیش بەشێكی گرنگی پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانه بۆ جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی داهاتی خەڵك و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و له‌مباره‌یه‌وه ڕایگه‌یاند كه پڕۆژه‌ی ڕێگه‌ی جووتسایدی ڕۆڤیا ـ گۆپاڵ كاریگەرییەكی زۆر گرنگ و باشی دەبێت لەسەر دروستكردنی ژێرخانی ئابووریی ناوچەكە و بووژاندنەوەی هەموو ئەو گوند و شارۆچكانەی دەكەونە سەر ئەم ڕێگەیە و بەپێی پلان و تواناكانی حكوومەت، ڕێگەی دیكەش لەم دەڤەرە دروست دەكرێن.
سه‌باره‌ت به‌و قه‌یرانانه‌شی كه ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌وه له‌وانه شەڕی تیرۆریستانی داعش، خەرجییەكانی شەڕ و هێزی پێشمەرگە، هاتنی نزیكه‌ى دوو ملیۆن ئاواره و په‌نابه‌ر، بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە و دابەزینی نرخی بەرمیلی نەوت بۆ (25) دۆلار، له‌مباره‌یه‌وه ئاشكرای كرد كه حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەوتە دۆخێك هەموو هەوڵێكی ئەوە بێت خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی ژیان و ئارامی و بژێوی خەڵك دابین بكات كه به‌هۆیه‌وه زۆر پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان وەستان و ئەمانەش كاریان لە كەمكردنەوەی هەلی كار بۆ خەڵك و توانای حكوومەت كرد، ئه‌مه جیا له دروستكردنی كێشەی سیاسیی ناوخۆیی و سستكردنی كاری حكوومەت بە ئامانجی سیاسی و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی حكوومەت، كه پێویست بوو ئه‌و كات هەموو لایەنەكان ئاسایشی كۆمەڵایەتی بپارێزن و كێشە و بەرژەوەندییە تەسكە شەخسی و حیزبییەكانیان وەلاوە بنێن، به‌ڵام هەر درێژەیان پێدا، به‌ڵام ڕوونیكرده‌وه كه بە پشتیوانیی خەڵك و فەرمانبەرانی خۆڕاگری كوردستان و وڵاتانی دۆست، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبوونی شەرعیی خۆی پاراست و مایەوە و ئابلۆقە سیاسی و ئابووری و ئاسمانییەكانیشی تێك‌شكاند.
به‌رێزیان سوپاسی پێشمەرگە و دەزگاكانی ئاسایش و ناوخۆی كرد كه به هیممه‌تى ئه‌وان ئارامی لە هەرێمی كوردستاندا پارێزرا و لەگەڵ باشتربوونی باری داراییی حكوومەتیش، پاشەكەوتی مووچە زۆر كەمكرایه‌وه و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان لە ماوەیەكی نزیكدا بتوانن بە تەواوی ئه‌و پاشكه‌وته نەهێڵن.
دواتر تیشكی خسته سه‌ر چاكسازییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ڕایگه‌یاند كه كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی سیستماتیك و بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەكان، دەستی بە چاكسازییەكی سیستماتیكیی ماوەدرێژ كردووە كە پڕۆژەی بایۆمەتری و پێشكەشكردنی پڕۆژەی چاكسازی بە پەرلەمانی كوردستان، بەشێكی ئاشكرای ئەو پرۆسە چاكسازییەیە و لە سەرەتای كابینەكەوە پلانیان بۆ دانابوو، ئه‌مه جیا له زۆر هەنگاو و پڕۆژەی ڕانەگەیه‌ندراوی دیكەش كه ناكرێت بخرێنە ناو بانگەشەكردنی حیزبییەوە، چونكە ئه‌وان ده‌خوازن شێوەی دەزگاییبوون و دامه‌زراوه‌ییبوون بەهێزتر بكەن و كاریگەریی سیاسی و حیزبی لەسەر حكوومەت كەمتر بكەنەوە.
به‌ڕێزیان سوپاسی هەموو وەزیرە بەڕێزەكان و كاربەدەستانی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد ئەوانەی لە سەرەتای دروستبوونی كابینەی هەشتەمەوە بەشدار بوون و ئەوانەشی تا ئیستا بەردەوامن لە كاركردن، كە وەك یەك تیم و بەیەك ناوەوە كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، كاریان كردووە. جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئیدارە و حكوومەتی هەموو هاووڵاتیانه بە هەموو پێكهاتە و ئاراستەكانیانەوە. به‌ڕێزیان دووپاتیشی كرده‌وه كه هه‌ر كارێك كراوه هه‌موو وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌شدارییان تێدا كردووه و كاری تاكه‌كه‌س نه‌بووه، یه‌ك كه‌س سووپه‌رمه‌ن نه‌بووه كه بتوانێت ئه‌م كارانه ئه‌نجام بدات.
له كۆتایی وته‌كه‌یدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد كه ئه‌وان خزمەتكردنی ئه‌م دەڤەرەیان لەبیر نەكردەوە و ئاشكرای كرد كه هه‌رێمی كوردستان له‌ناو تونێلێكی تاریكدا بوو و ئێستا له كۆتایی تونێله‌كه ڕووناكی ده‌بینرێت و ئه‌گه‌ر پشتیوانی و تێگه‌یشتنی هاووتیان و فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران نه‌بوایه له دۆخی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و ڕووناكییه نه‌ده‌بینرا و سوپاسی كردن بۆ خۆڕاگرییان و هیوای خواست كه هه‌ر جێگه‌ی متمانه‌ی ئه‌وان بن و له‌پێناو دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ هه‌موو هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان.
ده‌قی وتاری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان:
به‌یانیی هه‌موو لایه‌كتان باش،
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن سه‌رچاو بۆ ئه‌م ڕێوڕه‌سمه.
خەڵكی هێژاى قەزای بەردەڕەش و ئاكرێ،
ڕۆژتان باش
زۆر خۆشحاڵم لەگەڵ ئێوه‌ى به‌ڕێز ئه‌مڕۆ ئاماده‌م بۆ دانانی به‌ردی بناغه‌ی پرۆژه‌یه‌كی زۆر گرنگ و ستراتیژی له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا.
ئێوه بێگومان بن لەوەی كە ئەمە سەرەتای دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكانمان دەبێت لەم دەڤەرە گرنگەی كوردستان.
ئەمڕۆ لێرەدا دەستپێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی ڕێگای (ڕۆڤیا ـ گۆپاڵ) ڕادەگەیه‌نین. ئەم پڕۆژەیە كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبانی پارێزگای دهۆكه‌وه سەپەرشتی دەكرێت و كۆمپانیای كاڤین گرووپ جێبەجێ ده‌كات، حكوومەتی هەرێمی كوردستان نزیكه‌ى (80) ملیۆن دۆلاری بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه تەرخان كردووە.
بەپێی وردبوونەوەمان لە نەخشەی پڕۆژەكە، دەبینین زۆر بە باشی نەخشەی بۆ دانراوە. لەو ڕێگە (22) كیلۆمەترییە جووتسایدەدا، حیساب بۆ پـاراستنی سەلامـەتـی كـراوە، (6) ئۆڤەر پاس لە پڕۆژەكەدا هەن، (8) جێگەش بۆ پەڕینەوەی ئاژەلان بە شێوەی قەسیسە حیسابیان بۆ كراوە.
ئه‌م پڕۆژه‌یه هه‌روه‌ك نووسراوه له ده‌وروبه‌ری (900) ڕۆژ به‌كۆتا دێت، به‌ڵام من هیوادارم زووتر له‌م ماوه‌یه جێبه‌جێ بكرێت و به‌ڕێز زكری به‌شیر خاوه‌نى كۆمپانیاى جێبه‌جێكار لێره‌یه و به‌ڵێنی داوه زووتر و به كوالێتییه‌كی باش و ڕێك‌وپێك ئه‌م پڕۆژه‌یه جێبه‌جێ بكرێت.
دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان ئێستا وەك ئەركی خۆیان زۆر بە وردی لەسەر كوالیتیی پڕۆژەكانی ڕێگەوبان دەوەستن، دەبێ ئێستا و لە داهاتووشدا چاودێرییەكەیان زۆر زیاتریش بكەن.
من ئه‌ندازیار نیم، به‌ڵام وه‌كو شاره‌زایه‌ك له‌م چه‌ند ساڵه‌دا ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم، كاتێك ڕێگه‌وبان دروست ده‌كرێت، گرنگییه‌كی زۆر به ژێرخانی دروستكردنی ئه‌و ڕێگه‌وبانانه نییه، جه‌نابی وه‌زیری ئاوه‌دانكرنه‌وه‌ی و نیشته‌جێكردن و به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای جێبه‌جێكار خۆیان و ئه‌ندازیاره‌كانیشیان لێره‌ن، هیوادارم دیقه‌تێكی زۆر به‌وه بدرێت كه ژێرخانی پرۆژه‌كه به ڕێكوپێكی دروست بكرێت به كوالێتییه‌كی باش و ڕێك‌وپێك.
من پێشتر وامده‌زانی كۆمپانیا كاڤین گرووپ هه‌ر كۆمپانیای دارینه، به‌ڵام به‌شێكه له كۆمپانیای دارین و كاری زۆر باشیان له كوردستان ئه‌نجام داوه و جێگه‌ی خۆیه‌تی ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه بڵێم كه سوپاسی هه‌موو ئه‌و كارانه‌یان ده‌كه‌م و زۆر به دڵسۆزانه بۆ كوردستان كاریان كردووه و ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه جێبه‌جێشیان كردوون، گه‌واهیده‌ری ئه‌وه‌ن كه تا ئێستا كاره‌كانیان به باشی ئه‌نجام داوه و ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م. هیوادارم ئه‌م پڕۆژه‌ی كه ئه‌مڕۆ لێره ئێمه به‌ردی بناغه‌ی بۆ داده‌نێین، به كوالێتییه‌كی باش و دڵسۆزی و پاكی جێبه‌جێی بكه‌ن.
مایەی خۆشحاڵییە كە دوو ڕۆژ پێش ئێستا، بەڕێز پارێزگاری دهۆك كاك فه‌رهاد ئه‌ترووشى دەستپێكردنی دوو پڕۆژەی گرنگی دیكەی لەم دەڤەرە ڕاگەیاند. یەكەمیان، پڕۆژەی چاككردنەوە و قیڕتاوكردنی ڕێگەی (كۆركا ـ سۆركا ـ زێراڤ) لە ناوچەی گردەسێن ـ ئاكرێ. دووەمیشیان، پڕۆژەی چاككردنەوە و قیڕتاوكردنی ڕێگەی (زەنگەنان ـ دارەتوو) بوو لە قەزای بەردەڕەش. ئه‌مانه هه‌ردووكیان پڕۆژه‌ی گرنگن بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه و ده‌ستخۆشی له جه‌نابی پارێزگار ده‌كه‌ین. هیوادارین له كاتێكی نزیكدا ئه‌مه‌ش جێبه‌جێ بكرێت.
خەڵكی خۆشەویستی دەڤەری بەردەڕەش و ئاكرێ و شێخان..
ناوچەكانی ئێوە مەڵبەندی شۆڕش و پێگەیاندنی سەدان و هەزاران خەباتكار بۆ شۆڕشی كوردستان بوون، لەبەرئەوەش پێشتر ئەم ناوچانە لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە بە تەواوی پشتگوێ خرابوون و هەندێك شوێن لەم ناوچەیە لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری بێبەش بوون. حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی جۆراوجۆری لەم دەڤەرە ئەنجام داوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین ئەو پڕۆژانە بە هیچ شێوەیەك به‌پێى پێویستییەكانی ئەم ناوچەیە نەبوونە، بەڵام بێگومان بن لەوەی كە ئەم پڕۆژەیەی ئەمڕۆ و پڕۆژەكانی هەفتەی ڕابردوو، سەرەتای دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی زیاتر دەبن بۆ دەڤەرەكەتان.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانی هەیە بۆ بووژاندنەوەی ئەم ناوچانە و سوود وەرگرتنی زیاتر لە توانا سروشتییەكانی ئەم دەڤەرە لەڕووی كشتوكاڵی، گەشتیاری و سامانی ژێرزەوییەوە. لەپێناو پێشخستنی زیاتری دەڤەرەكە و زیادكردنی داهاتی خەڵكی دەڤەرەكە و بەشداریكردنی زیاترتان لە بەهێزكردنی ئابووریی كوردستاندا بە شێوه‌یه‌كی گشتی. هەروەها پلانی ئەوەشمان هەیە كە لە پڕۆژه‌كانی ئەم دەڤەرە، حكوومەت و كۆمپانیاكان زیاتر سوود لە توانا مرۆییەكانی ناوچه‌كه‌تان وەربگرن.
دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش، ئێستا تا ڕادەیەك هه‌ماهەنگی لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالیی عێراقدا دروست بووه‌ته‌وه، باشتربوونی باری داراییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە بەراورد لەگەڵ دوو ساڵی ڕابردوو، وا ده‌كات پێداچوونەوەیەكی جددی بە پێداویستییە ئیدارییەكانی دەڤەرەكەدا بكه‌ین، چونكە دەزانین لەوبارەوە داواكاریی جددیتان هەیه لەپێناو باش بەڕێوەچوونی كاروباری فەرمانگەكانی حكوومەت لەم دەڤەرە.
بووژانەوە و پێشكەوتنی گوندەكان بەشێكی گرنگە لە پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی داهاتی خەڵك و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان. دڵنیا بن لە داهاتوودا بە ڕادەی بەردەوامیمان لە باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان لە شارەكان و زۆركردنی پڕۆژەكان، بە هەمان ئەندازەش بەپێی پلان بایەخ بە گوندەكانیش دەدەین.
ئەم پڕۆژەیەی ئەمڕۆ كاریگەرییەكی زۆر گرنگ و باشی دەبێت لەسەر دروستكردنی ژێرخانی ئابووریی ناوچەكە و بووژاندنەوەی هەموو ئەو گوند و شارۆچكانەی دەكەونە سەر ئەم ڕێگەیە. بێگومان بەپێی پلان و تواناكانی حكوومەت، ڕێگەی دیكەش لەم دەڤەرە دروست دەكرێن و باشتر دەكرێن.
بەڕێزان
بەهۆی شەڕی تیرۆریستانی داعش و خەرجییەكانی شەڕ و هێزی پێشمەرگەی قارەمان، هاتنی نزیكه‌ى دوو ملیۆن ئاواره و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمى كوردستان، بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە و دابەزینی نرخی بەرمیلی نەوت بۆ (25) دۆلار، حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەوتە دۆخێكی ئەوتۆوە كە هەموو هەوڵێكی ئەوە بێت ته‌نیا خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی ژیان نەوەستن و ئارامی و بژێوی خەڵك دابین بكات، لەبەرئەوەش زۆر پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان وەستان، ئەمانەش هەموویان كاریان لە كەمكردنەوەی هەلی كار بۆ خەڵك و توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد.
ئینجا دروستكردنی كێشەی سیاسیی ناوخۆیی و سستكردنی كاری حكوومەت بە ئامانجی سیاسی و هەوڵدان بۆ ڕووخاندن و هەڵوەشاندنەوەی حكوومەت، له دۆخێك‌دا دەبووایە هەموو لایەنەكان زیاتر لە هەموو كاتێك ئاسایشی كۆمەڵایەتی بپارێزن ڕێگه نه‌ده‌ن ژیانی خەڵك زیاتر تێك بچێت، كێشە و بەرژەوەندییە تەسكە شەخسی و حیزبییەكانیان وەلاوە بنێن، كەچی هەر درێژەیان پێدا.
به‌ڵام، ئه‌وه‌ی كه جێی دڵخۆشییه بە پشتیوانیی خەڵكی كوردستان و فەرمانبەرانی خۆڕاگری كوردستان، بە پشتیوانیی وڵاتانی دۆست لە جیهان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبوونی شەرعیی خۆی پاراست و مایەوە و ئابلۆقە سیاسی و ئابووری و ئاسمانییەكانیشی تێك‌شكاند.
ئامانجی سەرەكیی ئێمە وەك حكوومەت، دابینكردنی ئاسایش و گوزەرانی خەڵكە. سوپاس بۆ پێشمەرگە و دەزگاكانی ئاسایش و ناوخۆ. به هیممه‌تى ئه‌وان ئارامی لە هەرێمی كوردستاندا پارێزرا. هەر لەگەڵ باشتربوونی باری داراییی حكوومەتیش، پاشەكەوتی مووچەمان زۆر كەمكردەوە، چاومان لەوەیە لە ماوەیەكی نزیكدا بتوانین بە تەواوی نەیهێڵین.
بەڕێزان ..
كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی سیستماتیك و بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەكان، دەستی بە چاكسازییەكی سیستماتیكیی ماوەدرێژ كردووە كە پڕۆژەی بایۆمەتری و پێشكەشكردنی پڕۆژەی چاكسازی بە پەرلەمانی كوردستان، بەشێكی ئاشكرای ئەو پرۆسە چاكسازییەیە كە دەستمان پێكردووە و لە سەرەتای كابینەكەوە پلانمان بۆ داناوە.
ئەوانە و زۆر هەنگاو و پڕۆژەی ڕانەگەیه‌ندراوی دیكەش، هەموویان كاری حكوومەتن و ئەركی ئێمە بووە وەك حكوومەت. ئه‌وانه شیاو نین بە هیچ شێوەیەك بیانخەینە ناو بانگەشەكردنی حیزبییەوە، چونكە ئێمە دەمانەوێت شێوەی دەزگاییبوون و دامه‌زراوه‌ییبوون بەهێزتر بكەین و كاریگەریی سیاسی و حیزبی لەسەر حكوومەت ڕۆژ بە ڕۆژ كەمتر بكەینەوە.
سوپاس بۆ هەموو وەزیرە بەڕێزەكان و كاربەدەستانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەوانەی لە سەرەتای دروستبوونی كابینەی هەشتەمەوە بەشدار بوون و ئەوانەی تا ئیستا بەردەوامن لە كاركردن، كە وەك یەك تیم و بەیەك ناوەوە كاریان كردووە، ئەویش بۆ یه‌ك ئامانج و یه‌ك ناو كه حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە. حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئیدارە و حكوومەتی هەموو هاونیشتیمانیانە بە هەموو پێكهاتە و ئاراستەكانیانەوە، دەبێ هەر بەو شێوەیەش بەردەوام بێت و باشتر ببێت لە هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه.
هه‌ر كارێك كه كراوه هه‌موو وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌شدارییان تێدا كردووه و كاری تاكه‌كه‌س نه‌بووه، یه‌ك كه‌س سووپه‌رمه‌ن نه‌بووه كه بتوانێت ئه‌م كارانه ئه‌نجام بدات و هه‌مووی به كاری پێكه‌وه‌یی توانیومانه ئه‌و كارانه ئه‌نجام بده‌ین.
جارێكی دیكە بەخێرهاتنتان دەكەم، دڵنیا بن خزمەتكردنی ئه‌م دەڤەرەمان لەبیر نەكردەوە، ئەگەر ماوەیەكیش بە ناچاری و بەهۆی بێ تواناییەوە پڕۆژە تازەكانی حكوومەت وەستا بن، مانای ئەوە نەبووە دەڤەرەكەمان لەبیر كردووە. پشتڕاست بن ئەم پڕۆژە گەورەیەی ئەمڕۆ و پڕۆژەكانی دیكەش، سەرەتای دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی تازه ده‌بن له‌م وڵاته‌دا.
له ماوه‌ی ڕابردوودا من دۆخه‌كه‌م وا شرۆڤه كردووه كه ئێمه له‌ناو تونێلێكی تاریكدا بووین، ئه‌مڕۆ ئێمه له كۆتاییی تونێله‌كه ڕووناكی ده‌بینین، ئه‌و ڕووناكییه نه‌ده‌بینرا ئه‌گه‌ر پشتیوانی و تێگه‌یشتنی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست نه‌بوایه له دۆخی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و ڕووناكییه نه‌ده‌بینرا ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌رانی ئێمه تێگه‌یشتنتی ته‌واویان نه‌بوایه كه ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه بێ مووچه و به مووچه‌یه‌كی كه‌م ئیداره‌یان كرد و تێگه‌یشتنیان بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو.
هیچ وشه‌یه‌كه‌م نییه لێره‌دا سوپاسی مووچه‌خۆران و خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستانی پێ بكه‌م. سوپاسیان ده‌كه‌م و پێیان ده‌ڵێم ئێمه هیوادارین جێی متمانه‌ی ئێوه بین و هه‌میشه بتوانین خزمه‌تكاری ئێوه بین له‌پێناو دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ هه‌موو هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌ر شاد و سه‌ركه‌وتوو بن،
به هیوای ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی باشتر و ڕێكوپێكتر له‌م ده‌ڤه‌ره ببینین و كۆمپانیای جێبه‌جێكار به شێوه‌یه‌كی باش كاره‌كانی خۆی ئه‌نجام بدات.
هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن، سه‌ر چاوان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.