پارتی لەسەر ئاستی جیاواز ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردن و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنیش دەڵێت، لە ڕێگەی حەوت ھەزار بریکارەوە چاودێریی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، ڕایگەیاند" پارتی ھەموو ئامادەکارییەکی تەواو کردووە بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بۆ ماوەی سێ حەفتە ڕاھێنانمان بە بریکارەکانمان کردووە تا پاسەوانی و چاودێریی سندووقەکانی دەنگدان بکەن لە ڕۆژی 30ی ئەیلوولدا و لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان حەوت ھەزار بریکارمان ھەیە کە بۆ ھەر سندووقێک بریکارێک دیاری کراوە و پارێزگاری و چاودێریش دەکەن."
لەبارەی چاودێریکردنی ھەڵبژاردن لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دەڵێت: "ڕاستە لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا ساختەکاری زۆر لە دەنگەمانی پارتی لەو سنوورە کرا، بەڵام ئەم جارە خۆمان بۆ ئامادە کردووە و ڕێگە نادەین بە ھیچ شێوەیەک ساختەکاری لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەدا بکرێت، بەتایبەتی لە سلێمانی و ھەڵەبجە."
خەسرۆ گۆران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕاپرسی و دیراسەتی زۆر کراوە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئێمە ھیچ ژمارەیەک ئاشکرا ناکەین، تەنیا ئەوە دەڵێن ڕەوشی پارتی زۆر باشە و کۆرسیی زیاتر بەدەست دێنین لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستان."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.