Erbil 12°C شەممە 21 کانونی یەکەم 15:44

باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌مه‌ر دۆخى عێراق هۆشداری ده‌دات

گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر سه‌قامگیری عێراق دوای نه‌مانی داعش گه‌نده‌ڵییه‌
کوردستان TV
100%

جۆن ویلكس، باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق هۆشداری له‌ داڕمانێكی مه‌ترسیدارى سه‌قامگیری له‌ عێراق دا و هۆكاره‌كه‌شی بۆ كۆنترۆڵنه‌كردنی گه‌نده‌ڵی گه‌ڕانده‌وه‌ و گوتى: كۆنترۆڵكردنی ئه‌و دۆخه‌ی له‌ عێراق هه‌یه‌، پێویستی به‌ 30 ساڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ جه‌نگی ناوخۆیی رزگاریبێت.

ویلكس له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا بۆ میدیاكانی به‌ریتانیا گوتی: "گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر سه‌قامگیری عێراق دوای نه‌مانی داعش گه‌نده‌ڵییه‌، كه‌ تائێستاش مه‌ترسییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كه‌رته‌كانی وه‌به‌رهێنان، بازرگانی و متمانه‌ی گشتی هه‌یه‌".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی له‌ شاره‌كانی عێراق ده‌گوزه‌رێن، كه‌ دوایینیان رووداوه‌كانی شاری به‌سره‌ بوون، به‌هۆی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ روو ده‌ده‌ن"، هۆشداریشیدا، "ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق به‌زووترین كات كۆنترۆڵی دۆخه‌كه‌ نه‌كات و كه‌سی لێهاتوو له‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌ستبه‌كار نه‌كات، ئه‌وا سه‌قامگیری ئه‌و وڵاته‌ به‌ته‌واوه‌تی داده‌ڕمێت".

ویلكس داواشی له‌ حكوومه‌تی عێراق كرد، "رووبه‌رێكی فراوانتر به‌ كه‌رتی تایبه‌ت بدات، بۆئه‌وه‌ی له‌چوارچێوه‌ی سه‌روه‌ری یاسا و دوور له‌ گه‌نده‌ڵی كاره‌كانی رایی بكات" گوتیشی: "به‌مشێوه‌یه‌ عێراق ناچار ده‌بێت هه‌موو سه‌روه‌ته‌ نه‌وتییه‌كه‌ی خه‌رج بكات بۆئه‌وه‌ی كۆنترۆڵی دۆخه‌كه‌ بكات، له‌كاتێكدا پێویستی به‌ هه‌وڵێكی زۆریش هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ناكۆكییه‌ مه‌زهه‌بییه‌كاندا زاڵ بێت".

سه‌باره‌ت به‌ ململانێ مه‌زهه‌بییه‌كان، باڵیۆزی به‌ریتانیا جه‌ختی كرده‌وه‌: "له‌ ماوه‌ی 100 ساڵی رابردوودا و له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌، تائێستا پرسی تایفه‌گه‌ری له‌ عێراق چاره‌سه‌رێكی راسته‌قینه‌ی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌" و دووپاتیكرده‌وه‌، "ره‌وشی عێراق پێویستی به‌ چاكسازیێكی راسته‌قینه‌ی نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ هه‌یه‌، كه‌ ناسنامه‌ی عێراقیبوون بۆ ته‌واوی پێكهاته‌كان به‌یه‌كسان و ره‌وا بزانرێت".

سه‌باره‌ت به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ڵئاوسانی ژماره‌ی دانیشتوان ویلكس گوتی: "ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق له‌ 40 ملیۆن كه‌س نزیك بووه‌ته‌وه‌ و ساڵانه‌ به‌ڕێژه‌ی 1 ملیۆن كه‌س ئه‌و ژماره‌یه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "پێشبینی ده‌كرێت تا ساڵی 2050 ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق بگاته‌ 80 بۆ 90 ملیۆن كه‌س".

باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌وه‌ش هۆشداری دایه‌ حكوومه‌تی عێراق، كه‌ له‌بواری ئیداره‌دانی سه‌رچاوه‌كانی داهات دۆخه‌كه‌ له‌ كۆنترۆڵی ئه‌و ده‌ربچێت و رووی قسه‌كانی له‌ حكوومه‌تی به‌غدا كرد و گوتی: "كاتی زۆرت به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كیشه‌كاندا زاڵ بیت".

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.