محەمەد شێخ وەھاب ھەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان و بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەتوندی رەخنەی لەو چەكدارەی یەكێتی گرت كە لە شارەزوور دەستدرێژی كردووەتە سەر نانەوایەك، راشیگەیاند ئەوان قبووڵی ناكەن لە سنوورەكەیان عەنتەریات بكرێت.
لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی ئەمڕۆ هەینی بڵاو بووەتەوە، تیایدا چەكدارێكی یەكێتی لە سنووری سلێمانی دەستدرێژی دەكاتە سەر هاووڵاتییەكی نانەوا، بەژێری دەمانچە سەر و رووخساری دەشكێنێ و لەبەردەم كامێراشدا سووكایەتی بەخۆی و هاوسەری دەكات، محەمەد شێخ وەھاب ھەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەباسنیوزی ڕاگەیاند "بەداخەوە ئەو ڕووداوی ھێرشکردنەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕووی داوە، کارێکی قێزەون و نامرۆڤانەیە".
دەشڵێ "ئێمە تا ئێستە بەرچاوڕوونیمان نییە تاوەکو بزانین بۆچی ئەو چەکدارە بە کلکە دەمانچە پەلاماری ئەو ھاووڵاتیە دەدات، بەڵام ئێمە وەک لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش بێدەنگ نابین و بەدواداچوونی جیدی بۆ ئەو کەیسە دەکەین".
هەروەها گوتی "ھەندێک سەرەداو بڵاوبووەتەوە گوایە ئەو چەکدارەی ھێرشی کردووەتە سەر ئەو ھاووڵاتییە، پاسەوانی بەرپرسێکی باڵایە، بەڵام پێویستە ئەو بەرپرسە ھەڵوێستی ھەبێ و پاسەوانەکەی ڕاپێچی دادگا بکات".
جەختی لەوەش کردووە كە قبووڵی ناکەن چەند کەسێک وەک عەنتەر بەدەمانچە پەلاماری خەڵکی سڤیل بدەن، بۆیە خودی خۆم وەک بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ھەوڵ دەدەم لێکۆڵینەوەی یاسایی لەسەر ئەو ڕووداوە بکەم، تاوەکو ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
له لایهكى ترهوه پۆلیسی سلێمانی لە روونکردنەوەكەیدا ئاماژەی داوە كە ئەم چەكدارە لە 13ی ئەم مانگەدا دەستگیر كراوە، ئەمەش لەو كاتەدا كە رووبەرووی هێزەكانی پۆلیس بووبووەوە.
لە وەڵامی ئەم ڕوونكردنەوەی پۆلیسیشدا هاووڵاتیانی سلێمانی لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا داوایان كردووە سزادانی ئەو چەكدارە لەلایەن دادگاوە بڵاوبكرێتەوە، نەك بەلێدوانێكی پۆلیس كۆتایی بەم بێ حورمەتیە بكرێت بەرامبەر هاووڵاتیەكی كاسبكاری شارەزوور.
پۆلیسی سلێمانی پاكانەی بۆ بەرپرسانی سنوورەكە كردووە و رایگەیاندووە كە ئەو چەكدارەی دەستدرێژی كردووەتە سەر نانەوایەكە، سەر بەهیچ بەرپرسێك نیە.
هەروەها پۆلیس رایگەیاندووە هەر كەسەك سكاڵای لە دژی چەكدارە دەستدرێژیكەرەكە هەیە، تۆماری بكات.
لای خۆیەوە نهقیب سهركهوت ئهحمهد بهڕێوهبهری راگهیاندن و پهیوهندییهكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راگهیاندووە، كە چەكدارەكە ناوی ئاراس عوسمانه، سهرۆكی باندێكی تاوانكارییه و پێشتریش كهوتووهته ناو بازگهی مهفرهزهكانی پۆلیس و تهقهی لێ كردبوون و دواتریش بهبرینداری دهستگیر كرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.