بەبۆنەی (48)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له پهیامێكدا پیرۆزبایی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دهكات.
دهقی پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان:-
بەبۆنەی (48)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
بەڕێزان ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان.
بەبۆنەی(48)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و سەرجەم زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەین، ئومێدەوارین وەك هەمیشە لێبووردوانە و بەرپرسانە و دڵسۆزانە لە كار و پەیامی یەكێتیەكەتان بەردەوام بن و خزمەتی زیاتری ئایینی ئیسلام و كۆمەڵگەكەمان بكەن، زیاتر برەو بە گیان و كوولتوری برایەتی وتەبایی و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان بدەن.
بەدرێژایی بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەمان رۆڵی بەرچاو و كاریگەری ئێوە وەك مامۆستا و كەسایەتی و زانایانی ئایینی بەگشتی لە رێنماییكردن و ئامۆژگاریی و هۆشیاركردنەوەی گەلەكەمان گرنگ و بایەخداربووە بۆ پتەوكردنی بنەما كۆمەڵایەتییەكان و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی.
یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، بەردەوام سەنگەرێكی قایم و پتەوی رووبەڕووبوونەوەی نەزعە و پەتای دووبەرەكی و توندڕۆیی و زەبروزەنگ بووە بۆیە جێدەستی لەو رووەوە دیار و مایەی رێز و ستایشە، ئەمڕۆش واپێویست دەكات زیاتر برەو بەو پەیامەی بدات و بەشێكی سەرەكی بێ لەو پرۆسە هەمەلایەنە گرنگەدا.
هیوادارین لەم هەلومەرجەی ئەمڕۆشماندا، كە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەیە، رۆڵی گرنگی خۆتان ببینن بۆ پشتیوانی و سەرخستنی و پاراستنی ئەو ئەزموون و دەسكەوتانە و رەگداكوتانی زێتری سەقامگیریی و ئاسوودەیی و ئارامیی و بەهێزكردنی هەستی نیشتیمانپەروەریی و نەتەوەیی و بەرگریكردن لە خاك و گەلەكەمان.
لەو بۆنەیەدا تەواوی پشتیوانی و پاڵپشتی سەرۆک بارزانی و پارتیمان بۆ یەکێتییەکەتان دووپاتدەکەینەوە و دەخوازین بەردەوام و سەرکەوتوو بن لە پارێزگاریکردنی بنەما رەسەنەكانی كوولتوری دێرین و رەگداكوتاوی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و یەكتر قبووڵكردن لە نێو كۆمەڵگەی كوردەواریدا.
جارێكی دیكە پیرۆزبێت (48)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
هەرسەركەوتوو بن..
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
21/9/2018
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.