Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 08:32

نێچیرڤان بارزانی: هێزی پارتی لەغەیبەوە نەهاتووە، لە پشتی ئێوەوە هاتووە

له‌ رێوره‌سمی سه‌رخستنی لیستی 183ی پارتی له‌ هه‌ولێر
کوردستان TV
#7
100%

له‌ژێر دروشمی (بنیاتنانی كوردستانێكی به‌هێز) ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممه‌ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی ئاهەنگی بانگەشە و سه‌رخستنی لیستی 183ی و كاندیده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر، وتارێکی پێشکەش کرد.

لە ئاهەنگی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی بۆ پەرلەمانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، رای گەیاند، کە سەرکەوتنی پارتی، سەرکەوتنی کوردستان، پێشکەوتنەکانی کوردستان، تەنیا لەلایەن پارتییەوە دێتە دی.

نێچیرڤان بارزانی، ئەوەشی خستە روو، کە تەنیا پارتی بوو، چۆکی بە دوژمن دادا و هێنایە سەر مێزی گفتوگۆ، چونکە هێزی پارتی لە خەڵکەوە سەرچاوەی گرتووە.

ئەمەش دەقی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانییە:


بەڕێزان

خۆشەویستان

ئەم کاتەتان باش

هەموو لایەکتان بەخێر بێن

هیوادارم هەمووتان دڵخۆش و بەختەوەر بن. خۆشحاڵم ئەمڕۆ جارێکی دیکە لەگەڵ ئێوەدا بۆ ئەوەی هەموومان پێکەوە بتوانین بەرەو پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ کوردستان هەنگاو بنێین. ئێوە هێزی کۆمەڵگەی کوردستانن و ئێستا و داهاتووی وڵات هەر لە دەستی ئێوەیە. دەبێ لە سایەی ڕۆڵی کارای ئێوەدا، کوردستان به‌رده‌وام بێت لە پێشکەوتن بەردەوام بێ. دەبێ هەوڵیش بۆ ئەوە بدەین کە سیستەمی ژیان لە کوردستان لە هەموو لایەکەوە بگۆرین بەرەو سیستەمێکی پێشکەوتوو و سەردەمییانەتر. ئەو هەموو هیوا و ئاواتانەش بێگومان تەنیا لە ڕێگەی حزبە کۆڵنەدەرەکەی خۆتانەوە دێتە دی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە.


بەڕێزان

ئێمە ئەمڕۆ لێرەین پێکەوە بۆ پشتیوانی لە لیستی ١٨٣ی پارتی، لە ڕاستیدا ئێمە هەر تەنیا بۆ ئەوە لێرە نین کە دەنگ بە لیستەکە، بەڵکوو بۆ ئەوەش لێرەین کە دەنگی زیاتری بۆ کۆبکەینەوە، لە پێناو ئەوەی پارتی هێز و گوڕێکی زیاتری هه‌بێت لە بەڕێوەبردنی داهاتووی ئەم وڵاتەدا، ئێمه‌ مافی خۆمانە خەڵکی زیاترمان هەبێ و هەموو خەڵکیش ئەو مافەی هەیە. ڕابردوو سەلماندوویەتی کەوا شەراکەتی لاواز و لەرزۆک و بێبەرنامە زیاتر کۆسپ درووست دەکات نەک پێشکەوتن. لەبەر ئەوە دەبێ ئێمە هەوڵ بدەین زۆرترین ژمارەی دەنگدەر دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن. ئەم پارتە لە مێژوو سەلماندوویەتی کە پارتی دەستێکی ئەمینە و حزبێکی باوەڕپێکراوی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە. بە پاڵپشتیی ئێوەی خۆشەویستیش، پارتی هەر دەمێنێتەوە بەحزبی باوەڕپێکراوی هەموو کوردستان.

به‌رێزان ئازیزان

ئێوه‌ خۆتان دەزانن پارتی لە ڕۆژی یەکەمەوە حزبێکی چالاک بووە و تائەمڕۆ هەر بە هێز و گوڕی خۆی ماوەتەوە. هێزی پارتی لەغەیبەوە نەهاتووە، لە پشتی ئێوەوە هاتووە. هێزی پارتی لە پشتی خەڵکی ڕەشوڕووت و سادەی کوردستانەوە هاتووە. پارتی واتە پێشمەرگە، پێشمەرگەش واتە لاوانی گیان لەسەر دەست کە زۆرترین قوربانییان بۆ سەرکەوتنی بەرنامەی پارتی و ئامانجی پارتی داوە. ئەمەیە نهێنیی مانەوە و سەرکەوتنی بەردەوامی پارتی لە کوردستان و عێراقدا.

لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا خەڵکانێک هەبوون فاتیحایان بۆ پارتی دەخوێند و دەیانگوت پارتی جارێکیتر هیزی یەکەم نابێت، ئێوە لاوان و گەنجان و ژنان و ئافرەتان و هەموو خەڵکی کوردستان بۆ دوژمنانی کوردتان سەلماند کە پارتی پێشڕەوە و بە پێشڕەویش دەمێنێتەوە.

مایەی شانازی و سەربەرزییە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەدا کۆبوومەتەوە، ئێوەی لاوان و قوتابیانی کوردستان کە هاتوون بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن و دەنگدان بە لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان. هەروەها شانازی و سەربەرزییە کە ئافرەتان و ئافرەتانی وەرزشکار ئەمڕۆ بەشدارییەکی دیار و بەرچاویان هەیە. لەبیرتان نەچێت کە هەر لەسەرەتاوە پارتی باوەڕی بە یەکسانی ژن و پیاو هەبووە. پارتی باوەڕی بە هەموو مافێکی ئافرەت هەبووە. زۆرن ئێمە لەناو شاخ و دۆڵەکاندا قوتابخانەمان بۆ کچان کردووەتەوە و نەمانهێشتووە دەوامیان بەجێ بمێنێت.

بەڕێزان و خۆشەویستان ئێوە بڕبڕەی پشتی پارتین. ئەو بڕبڕەی کە هیچ زەبرێک لە مێژوودا نەیچەماندووە. هەر پارتی بوو بە پشتیوانیی ئێوە ناوی کوردستان و دۆزی گەلی کوردستانی بە دونیا ناساند. ئێمە بووین ناحەزانمان هێنایە سەر کورسیی مێزی دانوستاندن، هەر ئەم پارتییە بوو وایکرد نەیارانی کوردستان بەرامبەر بە ویستی گەلی کوردستان بێنە سەر چۆک. ئێمە بووین لە مێژووی ٧٢ ساڵەی پارتیدا یەک جاریش ڕێگەمان بە دۆزی کوردستان هەڵە نەکرد، دەزانن بۆ؟ لەبەر ئەوەی هەموو ساتێک هەزاران لاوی وەک ئێوە، کوڕان و کچانی کوردستان، نەک تەنها بە هێزی دەست و بازوو، بەڵکوو بەهێزی مێشک و بیرکردنەوەی خۆیاندا، لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی و لەگەڵ بارزانیدا بوون.

 

بەڕێزان

حزبێک هەزاران و دەیان هەزار مێشکی لاوی لەگەڵ وەستابێت، حزبێک دەیان هەزار خاتوونی وەک ئێوەی لەپشت بێت. هیچ رۆژێک ڕێگە هەڵە ناکات و سەری لێناشێوێت. پارتی تاکە ڕێکخستنە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بۆ یەکجاریش درۆی لەگەڵ میللەت و خەڵکی خۆی نەکردووە.

ئێمە زۆرجار ئەگەر باجیشمان دابێت لەبیر نەکەن، ئێمە باجی ڕاستگۆیی خۆمان داوە بەرامبەر بە گەلی کوردستان. زۆرن ئەو لایەنانەی کە باجی چەوت و هەڵەی سەرکردایەتیی خۆیان دەدەن لە کوردستاندا. حزبێکی وەک پارتی کە هەموو تەمەنی خۆی وەک ئەمڕۆ لەگەڵ بیری لاوان و ئافرەتان بێ، دڵنیا بن ئەو حزبە رۆژێک نابەزێت و ناکەوێت و بەرەو سەرکەوتن دەڕوات.

لەبیرتان بێت پارتی تاکە حزبە لە ڕابردوو ناژی. ئێمە ڕوومان لە داهاتووە. ئافرەتان و لاوان و قوتابیانی ئێمە ڕوویان لە داهاتووە، لەبەر ئەوەی ژیان و هیوا و پێشکەوتن لە داهاتوودایە.

ئێمە بەردەوام دەمانەوێ داهاتووێکی جیاواز و ڕەنگینتر درووست بکەین.

خۆشەویستان ئەمڕۆ کە ئێمە بەرەو هەڵبژاردنی کوردستان دەچین، ئێوە بازووی لێهەڵماڵن، بۆ ئەوەی لیستی ١٨٣ی پارتی سەربکەوێ، ئەو لیستەی ١٠٠ خەباتکەری وەک خۆتانی کردۆتەوە کە کچ و کوڕانی گەنجی ئەم وڵاتەن. ئەو کاندیدە بەڕێزانە چەپکەگوڵی وڵاتن کە پارتی بۆ خزمەتی دۆزی گەلی کوردستان دەستنیشانی کردوون. داواتان لێ دەکەم دەنگیان پێ بدەن، سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی کوردستانە.

 

خۆشەویستان

نەوەی دوێنێ، باب و باپیرانتان کە هەمیشە دەنگیان بە پارتی داوە، هەمیشە دەنگ بە پارتی دەدەن، وەک چۆن ئەوانە لە ڕابردوو هێزی پارتی بوون، لە ئێستا و داهاتووش هەروا دەمێننەوە. ئەو خۆشەویستانە بوون نەیانهێشت پارتی بکەوێت و هەمیشە بەرەو سەرکەوتنیان بردووە. ئەوان پارتییان لە لوتکەی بەرزاییدا ڕاگرت و بەرامبەر پیلانی دوژمنانی ناحەزان وەستانەوە و نەیانهێشت پارتی بکەوێت. پارتی تەنیا حزبی خەباتی سیاسی نییە، بەڵکوو حزبی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیشە لە هەرێمی کوردستاندا.

ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئێمە سەردەمییانەترە، بڕۆن سەیری زانکۆکان و ڕێستورانت و کافێکان و فەرمانگاکان بکەن، کچان و کوڕان و پیاوان و ژنان بێ جیاوازی، هاوشان و یەکسان و تەبان لەگەڵ یەکتر. لە ٢٠٠٠ەوە چەندین یاسا و بڕیار و ڕێنماییمان لە بەرژەوەندیی ئافرەتان گۆڕی. ئێمە بەرەو ڕووی توندوتیژیی کۆمەڵگە لە ئاست ئافرەتان و کچان وەستاینەوە و هانی ڕاگەیاندنمان دا، وامان کرد ئافرەتان ئازایانە بۆ مافەکانی خۆیان بێنە دەنگ. ئافرەتانی ئێمە دوای ئەو هەنگاوانە، گوتیان ئێمەش هەین و ئێمەش مافمان دەوێت. بۆیە ئەو یەکسانییەی ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دەیبینن، زۆر لەمێژە پارتی کاری بۆ کردووە. لە پەرلەمانی داهاتووش لیستی ١٨٣ کار بۆ یەکسانی دەکا لەم وڵاتەدا، هەروەها پرسی دەربڕین و ئازادیی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا پارێزراوە و ڕۆژنامە و نووسەران بە کردەیی سەربەخۆن. ئازادی بیروباوەڕ موڵکێکی گەورەی هەرێمی کوردستانە و ئێمە بەردەوام دەبین. لە هەرێمی کوردستان گەورەترین گەشەی خوێندەواری هەیە لەچاو دەوروبەر، ئەوانەی حەز دەکەن زانکۆ تەواو بکەن ڕێگەیان لەبەردەم کراوەیە.

لەم هەرێمەدا بەندیخانەی سیاسیمان نییە و کەس بەهۆی بۆچوونی سیاسی تووشی کۆت و بەند نەبووە، لە کام وڵاتی دەوروبەردا ئەمانە هەن؟

لە داهاتووشدا دەمانەوێ هیچ هێزێک و سیستەمێکی دەرەکی نەتوانێ دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە و داگیرکردنەوەی کوردستان بۆ ناحەزان ببێتە خەونێک و دەبێ بەو خەونەوە سەر بنێنە گۆڕەوە.

بۆیە دەبێ دەنگ بە لیستی ١٨٣ی پارتی بدەین، تاوەکوو ئابووریمان زیاتر گەشە بکات و ئاوەدانیمان زیاتر پەرەبسێنێت و کوردستان لە ئاستێکی بەرزتردا بێت. گەلێکی پێشکەوتوو هەرگیز ناچێتە ژێر دەسەڵاتی هیچ هێزێکی دەرەکی، هەر ئەمەیە نهێنییە گەورەکەی سەرکەوتنی پارتی و هەرێمی کوردستان.

دڵنیاتان دەکەمەوە ئەم بارە ئابوورییەی هەیە کاتییە و وردە وردە تێدەپەڕێ، چوار ساڵی زۆر زۆر سەختمان تێپەڕکرد کە ئەگەر بە پشتیوانیی ئێوە نەبووایە زۆر زەحمەتتر دەبوو. تێگەیشتنتان هێزێکی زۆری بە ئێمە دا بۆ بەردەوام بوون لە ئەرکەکان.

کوردستان چاوی لە داهاتووی گەشە، جارێکیدیکە سەرکوتکردن و پێشێلکردن نایەتەوە بۆ کوردستان.

کچان و کوڕانی ئازیزی وڵات

دڵنیابن سەرەڕای هەموو کۆسپ و تەگەرەیەک، ئێوە و پارتی کوردستان دەگەینن بە لوتکە. ئێوە زۆرجار گوێتان لێدەبێت کە خەڵک گلەیی لە دەسەڵات دەکات، منیش گلەییم لێ دەکرێ، ئەمە جێی خۆشحاڵییە و ئێمە لە گلەیی هاووڵاتییان پەست نابین، چونکە بوونی خەڵکی ناڕازی نیشانەی هیوا و ئاواتی گەورەیە، ئێمە شانازی بە خەڵکی زیندووی خۆمان دەکەین. هەروەها دڵخۆرشین کە کۆمەڵگەکەمان کۆمەڵگەیەکی سست و خاو نییە، وەک پێشتریش گوتم، کوردستان چاوی لە هیوای گەشە. ناڕەزایی و گلەیی خەڵک بەلای ئێمەوە نیشانەی لەدایکبوونێکی نوێیە.

بەڕێزان بۆیە لێرەین تا دەنگ بۆ لیستی ١٨٣ی پارتی زیاد بکەین. هەرچەندە دڵنیاین کەوا پارتی هەموو کاتێک، بەپشتیوانیی ئێوەوە دڵنیایین کە پارتی هەموو کاتێک براوەی یەکەم دەبێت لە کوردستان.

خەڵک بۆ گاڵتە لەبارەی پارتییەوە قسە دەکەن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ڕاستییەکیشی تێدایە، بۆیە جێی خۆیەتی باسی بکەم، دەڵێن ئەگەر پارتی لەگەڵ وڵاتی چینیشدا ململانێی هەڵبژاردن بکات، هەر پارتی دەیباتەوە، ئەم قسەیە هەرچەندە گاڵتە بێت، بەڵام نیشانەی هێزی پارتییە. هەروەها ئەو قسەیە نیشانەیەکی ڕوونی بێهیوایی و دۆڕاندنی ئەوانەیە کە بەردەوام هەوڵدەدەن پارتی ببەزێنن و قەت ئەو ڕۆژە نابینن. دڵنیابن پارتی نابەزێت، لەبەر ئەوەی جەماوەری دڵسۆز و پاک و ڕاستەقینەی وەکوو ئێوەی لەگەڵدایە.

خۆشەویستان

ئێمە دەبێ قووڵتر لە کوردستان بڕوانین تا نرخی دەستکەوتەکانمان باشتر بزانین

نموونەیەکتان بۆ دەهێنمەوە، سەرەڕای هەموو ئازادییەک کە هەمانە، کۆمەڵگەی کوردستان تاکە شوێنە ئیسلامی توندڕەو و ڕادیکاڵ گەشەی تێدا نەکردووە، هۆیەکەشی بۆ کەمیی کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆڵی مامۆستایان تێیدا، کوردستان تاکە کۆمەڵگەیە لە دونیای ئیسلامدا هیچ تایەفە و ئایینێک بە سووکی سەیر ناکات و ئەمەش شانازییەکە کە قەت نابێ لەبیری بکەین.

ساڵانی ڕابردوو هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ نزیکەی ٢ ملیۆن ئاوارە و پەنابەری شەڕی داعش کردەوە، بێ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ یەکجاریش سکاڵا بەرز بکاتەوە، هەرچەندە کە لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانی کوردستان زۆر گەورە بوو، بەڵام دەبێ بزانین میواندۆستی لەناخی تاکی کوردستاندایە.

شانازی پارتی لە سەرۆک بارزانی و حکوومەتی کوردستاندا گەورەیە و پارتی هێزی یەکەمە لە کوردستان و هەر بە هێزی یەکەم و گەورەی کوردستان دەمێنێتەوە. ئەگەر باسی گلەیی و ناڕەزایەتی بکرێت، هەمووان ڕوویان لە پارتی، چونکە پارتی هێزی یەکەمە. کەواتە لە مەسەلەی شانازییەکاندا دەبێ قەبوڵی بکەن کە بەشە زۆرەکەی بۆ پارتی بێت. حزبێک ئەگەر زۆرترین شانازی هەبێت، مافی خۆشی دەبێت چاوەڕوانیی زیاتری دەنگ بکات لە هەڵبژاردندا. بۆیە منیش دەڵێم، ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوول دەنگ بدەن بە لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ڕێگەی ئێوە و ڕاگەیاندندا داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم، هەرگیز بە قسەی ناحەزانی کوردستان و ناحەزانی پارتی باوەڕ نەکەن. پارتی و گەلی کوردستان یەک گیانن لە دوو جەستەدا. خەونی پارتی بۆ ئێوەیە. خەونەکانیش مافی ڕەوا و ڕاستەقینەی خۆمانن کە ئەمڕۆش نەبێ، سبەینێ هەر دێتە دی. ئێمە وەک پارتی فێر نەبووین زۆر بڵێین، بەڵام بە کردەوە قسەی خۆمان دەکەین. هیچ بەڵێنێکتان بۆ ناخوێنمەوە، تەنها کردەوەکانمان باس دەکەم. تکا دەکەم دڵتان بەم وڵاتە جوانە و گەلە ئاشتیخوازە خۆش بێت، کوردستان بەهەشتی ئێمەیە و بە هەموو دونیای ناگۆڕینەوە. دەبێ دڵتان بە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس دڵخۆش بێ کە بۆ ئارامیی کوردستان شەونخوونی دەکەن. دڵتان بەو پێشمەرگانە خۆشبێ کە لەسەنگەردا بەرگری لە کوردستان دەکات. دڵتان بە دەسەڵاتی خۆماڵی خۆش بێت سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکانی.

گەلی کوردستان تاجی سەری پارتییە، ئێمە وەک جەنابی سەرۆک فەرمووی، خۆمان بۆ هیچ کەسێک ناچەمێنین، بەڵام بۆ گەلی کوردستان نەک جارێک، سەد جار خۆمان بۆ گەلی کوردستان دەچەمێنین.

لێرەدا سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی شەهیدان
بۆ بنەماڵە سەربەرز و کەسوکارەکانیان
سڵاو بۆ پێشمەرگە
سڵاو بۆ ئاسایش
سڵاو بۆ پۆلیس
سڵاو بۆ خەباتکارانی بواری تەندرووستی و پەروەردە و خوێندن و هەموو دەزگاکان
سڵاو بۆ خەڵکی لادێ و ناوچە دوورە دەستەکان
سڵاو بۆ خەڵکی کوردستان لە دەرەوە
سڵاو بۆ کورد و ئاشووری و کریستیان و ئەرمەن
سڵاو بۆ ئێزدی و کاکەیی
سڵاو بۆ شەبەک و فەیلی

حکوومەتی هەرێمی کوردستان حکوومەتی خۆیانە، بۆیە دووپاتی دەکەینەوە دەنگ بە لیستی ١٨٣ی پارتی بدەن، تاوەکوو دەنگ و ڕەنگی خۆتان لەوێ بدۆزنەوە. تا هەموو گەلی کوردستان هەست بکات کە بەشدارن لەم پرۆسە سیاسییەدا، داواتان لێدەکەم زۆر بە جددی ئەمجارەش سەرکەوتنێکی گەورەی وەکوو جاری پێشتر بۆ پارتی تۆمار بکەن. پێم گوتن جاری پێشتر ئێوە خەونی ناحەزان و دوژمنانی پارتیتان خستە ناو چاڵەوە. ئەمجارەش وەکوو هەموو جاری پێشتر، دەنگێک بۆ ئێمە زۆرە، داواتان لێدەکەم لە ڕۆژی دەنگدان هەموومان پێکەوە بەرەو سندووقەکانی دەنگدان بچین و دەنگ بەو خۆشەویستانە بدەین کە لێرەن و دەیانەوێ خزمەتی ئێوە بکەن. شاد و سەرکەوتوو بن و ئاڵای پارتیش هەر شەکاوە بێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.