Erbil 15°C ھەینی 03 ئایار 06:03

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی نیوزیله‌ندا ده‌کات

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌
کوردستان TV
100%

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 20/9/2018  نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز برادلی سویدن باڵیۆزی نیووزیله‌ندا له‌ عێراق كرد.

له‌ دیدارێكدا  سویدن ده‌رباره‌ی به‌شداریی وڵاته‌كه‌ی له‌ بواری مه‌شق و ڕاهێناندا له‌ شه‌ڕی دژی داعش و‌ پرۆسه‌ی تێكشكاندنی له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ و ئه‌نجامه‌كانی و هه‌وڵه‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ژیانی خه‌ڵك دوای شه‌ڕه‌كه‌ و ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ئێستا له‌سه‌ر سه‌قامگیریی هه‌یه‌، پوخته‌یه‌كی خسته‌ ڕوو. به‌ڕێزیان ستایشی هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازیكردن له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر و دابینكردنی ئاسایش و خزمه‌تگوزاریی پێویست بۆیان.

لای خۆیه‌وه‌  نێچیرڤان بارزانى سوپاسی هاوكارییه‌كانی نیووزیله‌ندای له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا له‌ عێراق كرد و ئاماژه‌ی به‌ پێویستیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش له‌ڕووی هزرییه‌وه‌، دابینكردنی ئاسایش، خزمه‌تگوزاریی سه‌ره‌تایی، ده‌رفه‌تی كار و ئاوه‌دانكردنه‌وه،  به‌ره‌وپێشبردنی‌ بواره‌كانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری كرد. به‌ڕێزیان پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان تیایدا پێشكه‌ش كرد و پێویستیی سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌كانى ڕابردوو و پێكه‌وه‌كاركردن و سه‌قامگیری، دووپات كرده‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هه‌وڵه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت به‌ به‌شداریی هه‌موو پێكهاته‌كان، گرنگیدان به‌ داخوازییه‌كانی هاووڵاتیان، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان و هاوكاری و پشتگیریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، تاوتوێ كران.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.