Erbil 15°C ھەینی 03 ئایار 15:55

دەیان چاودێری وڵاتان ناویان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن تۆمار کردووە

بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت
کوردستان TV
100%

 

سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکان گوتی، تا ئێستا پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ئارامی بەڕێوە دەچێت و دەیان چاودێری وڵاتان، وەک ھەریەکە لە وڵاتانی ئەمەریکا و ژاپۆن بە فەرمی ناوی خۆیان بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکان تۆمار کردووە.

ھۆگر چەتۆ، سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "ئەو وڵاتانەی نوێنەرایەتییان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە دێن چاودێریی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و تا ئێستاش ھەردوو وڵاتی ژاپۆن و ئەمەریکاش بە فەرمی ناوی خۆیان تۆمار کردووە و ڕێکاری پێویستیان لە کۆمسیۆن ئەنجام داوە و وڵاتانی دیکەش سەرقاڵی خۆتۆمارکردنن و نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی ھەرێمیش سەرقاڵی ناردنی ڕێکخراوە بیانییەکانن، لەوانە بەریتانیا چەند ڕێکخراوێکی ناردووە."

ھۆگر چەتۆ گوتیشی: "لە ڕێگەی ئێمەشەوە نزیکەی ٢٣ چاودێری نێودەوڵەتی بە ١٢ ناسنامەی جیاوازی وڵاتان خۆیان تۆمار کردووە و ئێستا سەرقاڵی وەرگرتنی ڤیزان بۆیان، لەوانە سێ کەس خەڵکی ئوردن و دوو کەس خەڵکی لوبنان و دوو کەسیش لیبیا و یەکێکی تونسی و یەکێکی یەمەنی و یەکێک خەڵکی تورکیا و دووانیش خەڵکی ئیتاڵیان و دووی دیکە بەریتانیایی و سێ کەسیش خەڵکی ئەڵمانیا و یەکێکیش ئوستوراڵیایی و یەکێکیش نەرویجییە."

سەبارەت بە بانگەشەی ھەڵبژاردنیش، چەتۆ گوتی: "ئێستا بانگەشەی ھەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئارام بەڕێوە دەچێت و جیاوازی ھەیە لەگەڵ ڕابردوو، کەژاوەی ئۆتۆمبێل و دانانی بنکە و مۆسیقا و ئەوانە نەماوە و باشتر بووە و تەنیا لە ھەندێک شوێن پۆستەردڕاندن هەیە."

بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە٣٠ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیش سەرقاڵی ئامادەکارییەکانە و ئێستاش بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەچێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.