Erbil 5°C شەممە 18 کانوونی دووەم 01:55

له‌ قه‌ڵادزێ تیمێکی پزیشکی بیانی ده‌ستگیرکران

ده‌رمان و شیری منداڵانی ماوه‌به‌سه‌رچوویان دابه‌شكردووه‌
کوردستان TV
#7
100%


رۆژى یەکشەممە، تیمێکی خۆبەخشی پزیشکى بیانى کە لە ١٥ کەس پێکهاتوون گەیشتنە نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ بەمەبەستی بینین و چارەسەرکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکە و سەرەڕاى پێدانى دەرمان شیریان بە منداڵانى نەخۆش داوە.

پاش ڕۆژێک چەند کارمەندێكی نەخۆشخانە بەدواداچونیان بۆ کارەکانى تیمەکە کردووە و بە وتەى خۆیان بۆیاندەرکەوتووە، بەشێک لەو دەرمان و شیرە بەسەرچوون کە پێیانبووە و راستەوخۆ هێزە ئەمنییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە و تەواوى ئەندامانى تیمەکە دەستگیرکراون.

پۆلیسی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ دووشەممە له‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی قه‌ڵادزێ له‌لایه‌ن هێزه‌كانیانه‌وه‌ تیمێكی پزیشكی بیانی به‌ بڕیاری دادوه‌ر ده‌ستگیركران، کە بەگوتەی خۆیان "هاتوون بۆ كوردستان خۆبەخشانە لەژێر ناوی کەنیسە به‌مه‌به‌ستی كاری خێرخوازی و دوو رۆژه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانن".

تیمەکە پێكهاتوون له‌ 15 كه‌س، له‌نێویاندا هەشت ئافره‌ت هەن،‌ هەشت كه‌س له‌و تیمه‌ له‌ وڵاتی میسر، شەش كه‌سیان له‌ وڵاتی سوێد و یه‌كێکیشیان له‌ فینله‌نداوه‌ هاتووە.  ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 20 بۆ 50 ساڵ ده‌بێت.

بەپێی راگەێندراوەکەی پۆلیس "ئەو تیمە كه‌لوپه‌لی ته‌ندروستی ماوه‌به‌سه‌رچوویان پێگیراوه.  پاش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا ده‌ركه‌وت له‌ 95%ی ئه‌و كه‌لوپه‌له‌ ته‌ندروستییانه‌ی پێیانبووه‌ له‌ كۆگاكانی ده‌رمان له‌ هه‌ولێر و قه‌ڵادزێ به‌ پسوڵه‌ كڕیویانه‌، له‌گه‌ڵ كه‌لوپه‌له‌كانیشدا دوو ئۆتۆمبێلی له‌ جۆری مینی پاس ده‌ستبه‌سه‌ركراون".

پۆلیس دەڵێت، سه‌رپه‌رشتیاری تیمه‌كه‌ رایگەیاندووە، ئەوان به‌ ره‌زامه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی قه‌ڵادزێ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كه‌یان كردووه‌.

له‌ناو ده‌ستگیراوه‌كان هاونیشتمانییەکی كورد هه‌یه‌ كه‌ هاوكاری تیمه‌كه‌ی كردووه‌ و دانیشتووی  گه‌ڕه‌كی راپه‌ڕینه‌ لە قه‌ڵادزێ.

پۆلیس ئه‌و كه‌لوپه‌له‌ به‌سه‌رچووانه‌ی ئاشکراکردووە کە دەستیان بەسەرداگیراوە، ئەوانیش "دوو مه‌ڵحه‌م، یەک قتووی حه‌ب،  دوو قتووی شیر. به‌گوته‌ی خۆشیان دابه‌شیان نه‌كردووه‌ به‌سه‌ر هیچ كه‌سێكدا.

پۆلیسی راپەڕین رایگەیاندووە، بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ ماوه‌كانیان پشكنین بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌لوپه‌له‌نه‌ی دیکەش ده‌كرێت كه‌ پێیانبووه‌.

به‌ بڕیاری دادوه‌ر و به‌ مادده‌ی 99 له‌ یاسایی ته‌ندروستی سه‌رجه‌م ئەندامانی تیمەکە راگیراون و ئۆتۆمبێل و سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌لوپه‌له‌شی پێیانبووە، ده‌ستیانبه‌سه‌رداگیراوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.