Erbil 18°C چوارشەممە 23 تشرینی یەکەم 18:26

لەسەر دەستی پارتی ئابووریی هه‌رێمى کوردستان گەشەی کردووە

مامۆستایەکی زانکۆ: پارتی کوردستانی خستە سه‌ر نەخشەی وزەی جیھانەوە
کوردستان TV
100%

یەکێک لەو ھەنگاوانەی کوردستانی گەیاندە لووتکەی بووژاندنەوەی ئابووری و ئاوەدانی، سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە و بۆ مێژوو سەلماندوویەتی کە پارتی لە کوێ دەسەڵاتی ھەبووبێت دەستی ئاوەدانی و ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییان بەرەو پێش گەشەی کردووە. مامۆستایەکی زانکۆ ئاشکرای کرد، دەبێ خەڵک لەبیری بێت پارتی کوردستانی خستە نەخشەی وزەی جیھانەوە.

لەوبارەیەوە، دکتۆر نەوزاد عەزیز، مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی  ڕاگەیاند:"لە ڕووی ئابوورییەوە پارتی یەکێکە لەو حزبانەی باوەڕی بە سیستەمێکی ئابووریی پتەو ھەیە بۆ ئەوەی سیاسەتێکی نەرمونیان پێشکەش بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بکات، چونکە ھەبوونی ئابوورییەکی بەھێز، واتە بنیاتنانی وڵاتێکی بەھێز و ئارام، ئێمە سیاسەتێکی ئابووریی بەھێز بنیات بنێین، لایەنی سیاسیی وڵاتەکەمان زیاتر بەرەوپێش دەچێت. 

نێچیرڤان بارزانی کە جێگری سەرۆکی پارتییە، یەکێکە لەو کاریزمایانەی ھەرێمی کوردستانی خستە سەر نەخشەی وزەی جیھانی، لەوانەیە لە سەرەتای قۆناغی بەرھەمھێنانی نەوتی کوردستان ڕەخنەیان لەو پڕۆسەیە ھەبووبێت، بەڵام دواتر دەرکەوت چ سوودێکی بە ھەرێمی کوردستان گەیاند لە کاتی بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە."

پارتی لە کارنامەی لیستی 183دا جەخت لەسەر پێداچوونەوە بە میتۆدی گشتیی ئابووریی کوردستاندا دەکات لەسەر بنەمای زیادکردنی جۆرەکانی سەرچاوەی داھات و بووژاندنەوەی ھەموو کەرتەکان و دەرکردنی پڕۆژەیاسای پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی ئابووری.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ پێی وایە كه‌ سیاسەتی پارتی ڕوون و ئاشکرایە لەبارەی کەرتی ئابووریی ھەرێمی کوردستان و ڕۆڵی پارتی دیارە لەوەی دەیان کۆمپانیای زەبەلاحی نێودەوڵەتی بێنێتە ھەرێمی کوردستان بۆ وەبەرھێنان لە کەرتە جیاوازەکان، بێگومان تا چەند بەرژەوەندیی وڵاتان لە ڕووی ئابوورییەوە بکەوێتە ھەرێمی کوردستان، ئەوەندەش لە ڕووی سیاسی و نێودەوڵەتییەوە پێگەی ھەرێمی کوردستان بەھێز دەبێت، ئێستا وڵاتانی زلھێز بە ھۆی ئەو ئابوورییەی ھەمانە پشتگیریمان دەکەن."

دکتۆر نەوزاد عەزیز دەڵێت: "ئابووری فاکتەرێکی سەرەکیی ھەموو وڵاتێکە و پارتی بڕوای بەوە ھەیە لە ڕێگەی ئابوورییەکی بەھێزەوە ھەم ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان بەرەو پێشتر دەچێت و گەشە دەکات، ھەمیش بۆچوونی وڵاتانی زلھێزی جیھان بۆ کورد بەدەست دێنێت، ئێستا کۆمپانیایەکی وەک بی‌پی بەریتانی کە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە کێلگەکانی کەرکووک کار دەکات، داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکات بۆ شاری کەرکووک."

پارتی کار دەکات بۆ ڕێکخستنەوەی پێوەرەکانی وەزیفەی گشتی و دامەزراندنی ئەنجومەنی ڕاژە، بۆ ئەوەی پێوەرەکانی شاستەیی و خزمەت و پسپۆڕی بکرێنە بنەما بۆ وەرگرتنی پلە و پۆست.

دکتۆر نەوزاد عەزیز ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لیستی پارتی لە ھەڵبژاردنی دابێ سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێت ئابووریی ھەرێمی کوردستان گەشە دەکات، لە دوای قەیرانی دارایی ئەوەی وای کرد ھەرێمی کوردستان ھەنگاو بەرەو زاڵبوون بەسەر قەیرانی دژواری داراییدا بنێت و ئێستا لە سایەی سیاسەتی پارتی و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکوومەتدا ئابووریی کوردستان گەشەی کردووە، چونکە لە ڕێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانییەوە توانی بەرەنگاری قەیرانی دارایی ببێتەوە. لەو باوەڕەدام لە ساڵی ئایندە ئاسەوارەکانی قەیرانەکە نامێنێت و کوردستان دەگەڕێتەوە ڕەوشی ئاساییی خۆی."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.