Erbil 7°C ھەینی 17 کانوونی دووەم 22:23

سه‌رۆک بارزانى : هاووڵاتیانی عێراق لە هەڵبژاردن ئەو دەم وچاوە شۆڤێنیانەیان سزادا کە دژی ڕیفراندۆم وەستا بوون

سەرۆك بارزانی لەگەڵ ڕێكخراوەكانی سەر بە مەكتەبی ناوەندیی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی كۆبۆوە
کوردستان TV
100%

سەرۆك بارزانی لەگەڵ بەرپرس و نوێنەر و سكرتێر و نوێنەر و ئەندامانی مەكتەب و ڕێكخراوەكانی سەر بە مەكتەبی ناوەندیی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبۆوە


ڕۆژی دووشەممە 17ـی 9ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرس و نوێنەر و سكرتێر و نوێنەر و ئەندامانی مەكتەب و ڕێكخراوەكانی سەر بە مەكتەبی ناوەندیی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و خیانەتی شازدەی ئۆكتۆبەر و دەرهاوێشتەكانی ئەم خیانەتە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان. هەروەها ئاماژەیشی بە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دا كە زۆر لایەن خۆیان بۆ ئەوە ئامادە كردبوو كە لە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە هەلوەرینی پارتی ببینن بەڵام سەرباری هەموو گرفتەكان بە هیمەت و خۆڕاگریی ئەندام و لایەنگرانی پارتی، پارتی لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان بووە بە حزبی ژمارە یەك. سەرۆك بارزانی لە درێژەی گوتەكەیدا جەختی لەوە كردەوە كە هاووڵاتیانی عێراق لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئەو دەموچاوە شۆڤێنیانەیان سزا دا كە دژی مافی گەلی كوردستان و ڕیفراندۆم وەستا بوون و ئەوەیش بەڵگەیەكی بەهێزە كە خەڵكی عێراق نەهجی شۆڤێنیەت ڕەت دەكەنەوە.

سەرۆك بارزانی سوپاسی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆریستان و شەڕی بەرگری لە كەرامەت و خاكی نیشتیمان و ڕایگەیاند ئێمە هەموومان قەرزاری پێشمەرگەین، چونكە تەنیا پێشمەرگە بوو كە هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی و كوردستانی پاراست.

هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی هەرێمی كوردستان لە سی ئەیلوول تەوەرێكی تری وتەكەی سەرۆك بارزانی بوو و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە هەندێ لایەن دەیانەویست پێچەوانەی بڕیاری دامەزراوەكانی هەرێم و ئیرادەی خەڵك هەڵبژاردن دوا بخەن بەڵام پێداگریی پارتی بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بەڕێوە بچێ و ناشكرێ بە بیانووی جۆراوجۆر یاری بە بابەتی هەڵبژاردن و مافی خەڵك بكرێت. سەرۆك بارزانی ئومێدی ئەوەیشی خواست كە بە هیمەتی جەماوەر و لایەنگران و تێكۆشەرانی پارتی، پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتن بە دەست بهێنێت و ئەو سەركەوتنەیش بۆ ئەوە بەكار بێت كە پارتی بتوانێ چاكسازیی بنەڕەتی لە هەموو بوارەكانی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئیداریی هەرێمی كوردستان بكات.

لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویست پڕەنسیپەكانی هاوبەشی لە بڕیار و تەوافوق لە یاسادانان و هاوسەنگ لە دامەزراوەكانی عێراقدا بە میكانیزمێكی ڕوون و بە گەرەنتی جێبەجێ بكرێت و هەروەها ڕایشیگەیاند كە ئێستا دانوساندنی چڕ لە ئارا دایە بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی باڵای سیاساتی ستراتیژی كە لایەنی كوردستانیش تێیدا بەشدار بێت ئەویش بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تاكڕۆیی لە حوكمڕانی و پێویستە بڕیارە ستراتیژییەكان لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن. لەبارەی بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانی تریشەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە ئەو واقیعەی ئێستا لە كەركووك هەیە واقعێكی ناسرووشتییە و قابیلی قبوڵ نییە و كەركووكیش شارێكە بۆ پێكەوەژیان و تەبایی لەنێوان پێكهاتەكان بەڵام مساوەمە لەسەر ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركووك ناكرێت و بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی لە كەركووك لە لایەن پارتییەوە بۆ ئەوە بوو كە دان بە واقعی سەپاوی سەربازی لەو شارە نەنێین.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دەرگەی گفتوگۆ و پرسیار كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیار و تێبینی و پێشنیاری ئامادەبووانی دایەوە.

1

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.