ئابووریناسان دەڵێن، كارنامەی لیستی 183ی پارتی بۆ پێداچوونەوە بە سێكتەرەكانی زیادكردنی داهات، هاوكات كاركردن لەسەر بنبڕكردنی گەندەڵی، ئەوەمان پێ دەڵێ، كە چوار ساڵی دابێ، چوار ساڵی بەهێزكردنی بناغەی ئابووریی كوردستان دەبێت.
كارنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ، كار بۆ پێداچوونەوەیەكی میتۆدیانەی گشتی بە ئابووریی كوردسـتاندا لەسەر بنەمای زیادكردنی جۆرەكانی سەرچاوەی داهات و پشتنەبەستن بە كەرتی نەوت دەكات، بووژاندنەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاریش، بەشێكی دیكەن لە كارنامەكە.
هەیاد ڕەشید، ئابووریناس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "پارتی هەمیشە بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریی كوردستان، سیستمی داناوە". ئەو نموونە بە ڕابردوو دەهێنێتەوە، كە سیستم و بەرنامەی بۆ دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت دانا و وێڕای ئەو هەموو كۆسپەیش كە لە بەردەمیدا هەبوون، هەر سەركەوتوو بوو.
كارنامەی پارتی لە بواری ئابووری بۆ چوار ساڵی دابێ، لای هەیاد جێی دەستخۆشی و پاڵپشتیكردنە، چونكە پێی وایە، زیادكردنی سەرچاوەكانی دارایی، وەك كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری، تا ببنە سەرچاوەی دیكەی ئابووریی كوردستان، هاوكات بە تەنیا پشتنەبەستن بە داهاتی نەوت، بە گەورەترین پلان بۆ چوار ساڵی ئاییندە ناو دەبات، "ئەو پلانانەی پارتی، وا دەكات لە داهاتووشدا پشت بە داهاتی بەغدا نەبەستین".
"كارنامەی لیستی ١٨٣ی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە ٣٠ی ٩دا، ئەوەمان پێ دەڵێ، كە چوار ساڵی ئاییندە، چوار ساڵی هەنگاونان بۆ بەهێزكردنی بناغەی ئابووریی كوردستان دەبێت"، ئەوە قسەی ناسر ئیسماعیلی ئابووریناسە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كەوا كارنامەكە پلانی هەیە بۆ ئەوەی چیی دیكە هەرێمی كوردستان بە تەنیا پشت بە داهاتی نەوت نەبەستێ و سێكتەرەكانی دیكەی وەك گەشتوگوزار و ئاژەڵداری و كوشتوكاڵ و بازرگانی وەگەڕ بخرێن و كاریان لەسەر بكرێت.
ناسر ئیسماعیل بڕوای وایە، بە جێبەجێكردنی ئەو كارنامەیەی پارتی لە بواری زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات، بناغەیەكی ئابووریی پتەو بۆ هەرێمی كوردستان دادەنرێت، بە تایبەت لە بواری كشتوكاڵ، كە هەرێمی كوردستان ئاو و زەویی بەپیتی بۆ گرینگیدان بە كەرتی كشتوكاڵی هەیە. جەختیش دەكاتەوە، دانی قەرز بە جووتیاران وا دەكات بەروبوومی خۆماڵی زیاد بێت، گرینگیدان بە كەرتی تایبەت هەلی كار زیاد دەكات، ئەوكات دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییانیش پێویستیان بە دامەزراندن لە كەرتی حكوومیدا نەمێنێت.
هەر پێوەست بەم پرسە، نەوزاد كامیل، سەرۆكی لقی سلێمانیی ئابووریناسانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "كارنامەی لیستی ١٨٣ی پارتی، لە تەوەرەكانی بووژاندنەوەی ئابووریی كوردستان، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە تاكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، كە لە تەوەری دووەمدا باس لە ڕیفۆرمی ئیداری و ڕیفۆرمی گشتی دەكات"، بۆیەشە پێی وایە لەو ڕێگەیەوە، پارتی بۆ چوار ساڵی داهاتوو، سەرچاوەكانی دارایی فرەچەشن دەكات و تەنیا پشت بە داهاتی نەوت نابەستێت.
سەرۆكی لقی سلێمانیی ئابووریناسان، ئاماژە بەوەش دەكات، پارتی دەیەوێت كەرتی بانك گەشە پێ بدات، هاوكات متمانەش بۆ بانكەكان بگەڕێنێتەوە، لەگەڵ بەستنەوەیان بە بانكە جیهانییەكانەوە، كە پلانێكی گرینگە.
ئەو ڕوونیشی دەكاتەوە، شەفافییەت لە داهاتی دارایی و بەهێزكردنی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاهە و ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی دارایی و گەڕاندنەوەی بۆ خەزێنەی حكوومەت، كە لە كارنامەی پارتیدا هاتوون، وا دەكات خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییان بگەڕێتەوە، كارنامەكەش ئەوەمان پێ دەڵێ، پارتی بۆ چوار ساڵی دابێ، قۆناغی بنیاتنانی ئابوورییەكی بەهێز بۆ كوردستان دەبڕێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.