Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 18:32

حکومەتی هەرێم: داوا لە پەکەکە و حزبه‌کانی رۆژهەڵات ده‌که‌ین پاساو نەدەنە دەست ئێران و تورکیا

ئێران باره‌گاكانى (حدكا و حدك) لە شاری كۆیە بۆردومانكردبوو
کوردستان TV
100%

 گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، حکوومەت بەردەوامە لە کارەکانی خۆی، داواشیان لە ئەمەریکا کردووە، بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی کەرکووک و ناوچەکانی هەماهەنگی سێ لایەنە درووست بکەن و بیپارێزن.

سەفین دزەیی لە پرێسکۆنفرانسێکدا بۆ مێدیاکان، رایگەیاند: "ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامین لە کارەکانمان، بەردوامیش دەبین".

ئاماژەی بە ناوچە سنووریه‌كانی باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران دا و گوتی، هەوڵمان داوە، ئاوادانیان بکەینەوە، بەڵام بە هۆی بوونی پەکەکە و حزبكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەو ناوچانە و بوونی ململانێ نەتوانراوە وەک پێویست کاریان بۆ بکەین، داوایشی لەو لایەنانە کرد، پاساو نەدەنە دەست ئەو وڵاتانە، تا هەرێمی کوردستان نەکەنە ئامانج، وێڕای ئەوە گوتیشی: "هەرچەندە ئەوە نابێتە پاساو تاکو ئەو ووڵاتانە دەسدرێژی بکەنە سەر هەرێم، چونکە لە رێی گفتوگۆوە دەتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن، نەک بە توندوتیژی".

گوتەبێژەکەی حکوومەت، لەمەڕ نا ئارامی و بوونی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئاشکرای کرد، کە داوایان لە ئەمەریکا کردووە، بۆ پاراستنی ئاساییشی ئەو ناوچانە، بە هەماهەنگی هەرسێ لایەنی حکوومەتی هەرێم و بەغدا و ئەمەریکا بێت، بە ئەسەفیشەوە گوتی: "تا ئێستا کار بەو بابەتە نەکراوە، لە کاتێکدا ئێمە دەزانین رۆژانە هاووڵاتیانی کورد بە دەست پاشماوەکانی داعشەوە تووشی کارەسات دەبنەوە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.