ن/ جه‌مشید به‌هرامی
باسی شانۆی سیاسی له نێو كۆڕ و كۆبوونه‌وه شانۆییه‌كاندا باسێكی موناقشه خولقێن و له هه‌مان كاتیش‌دا سه‌رنجڕاكێش بووه؛ به‌گشتی: هونه‌ر له سیاسه‌ت جودایه (پێوه‌ندی شانۆ و سیاسه‌ت)، هونه‌رمه‌ند ناتوانێت سیاسی بێت(شانۆكار و سیاسه‌ت)، هونه‌ر ئامرازێكه له خزمه‌تی سیاسه‌تدا یان به‌پێچه‌وانه‌وه سیاسه‌ت ئامرازێكه له خزمه‌تی هونه‌ردا بۆ گه‌یشتن به ئامانجه مرۆییه‌كان(شانۆ و سیاسه‌ت) و... ئه‌مانه باسگه‌لێكی پرسیارورووژێنهربوون كه زۆرێك له بیرمه‌ندانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه.
ئه‌وه‌ی كه به دڵنیاییه‌وه ده‌توانین باسی بكه‌ین ئه‌مه‌یه كه شانۆ ژانرێكی هونه‌رییه كه هاوڕێ له‌گه‌ڵ هه‌موو بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا له جووڵه‌دا بووه و ئه‌ركی رۆشنگه‌ری كۆمه‌ڵگای له‌ئه‌ستۆ گرتووه.
به هۆی گرنگایه‌تی شانۆ، به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵاته‌كان له هه‌وڵی ئه‌ودا بوون كه شانۆ بخه‌نه ژێر ركێفی خۆیانه‌وه، ئه‌و بهرهوڕووبوونهوانه له‌گه‌ڵ شانۆ هه‌ر له سه‌رده‌می یۆنانی كۆنه‌وه له ئارادا بووه و تا هه‌نووكه‌ش به‌رده‌وام بووه، بۆ وێنه له ساڵی ١٦٤٢ی زایینی، ٢٦ساڵ دوای مه‌رگی شكسپیر، شانۆی به‌ریتانیا له لایه‌ن پۆریتانهكانهوه قه‌ده‌غه كرا، جارێكی دیكه له ساڵی ١٧٧٣ شانۆ له لایه‌ن كۆنگره‌ی شۆڕشی ئه‌مریكاوه قه‌ده‌غه كرا، جارێكی دیكه‌ش له ساڵی ١٩٤٤ له دوایین ساڵه‌كانی شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م، له ئاڵمان‌دا شانۆ له لایه‌ن گۆبڵزه‌وه قه‌ده‌غه كرا (ئه‌مانه به‌س نموونه‌گه‌لێك بوون).
روونتر له مێژووی چۆنیه‌تی قه‌ده‌غه كردنی شانۆ به درێژایی مێژوو له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه، شێوازی قه‌ده‌غه كردنهكانه؛ ده‌سه‌ڵاته‌كان پێیان وایه كه شانۆ ئامرازێكی له‌باره بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ببێته گاڵته‌جاڕی خه‌ڵك، یان به واتایه‌كی دیكه شانۆ مه‌كۆیه‌كه كه له‌وێوه ده‌كرێ به باشی ره‌خنه له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بگیردرێت و ده‌رفه‌تێك بۆ خه‌ڵك به گشتی ده‌خولقێت كه له‌وێوه ئاوڕ له ره‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بده‌نه‌وه.
له ساڵی ١٩٣٠دا ستالین به بیانووی ئه‌وه‌ی كه ده‌یهه‌وێت "ریالیزمی سۆسیالیستی" بكاته جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ "فۆرمالیزمی وردهبوورژوازی"، شانۆی شۆڕشگێڕانه‌ی رووسیای هه‌ڵوه‌شانده‌وه، دواتر له ئاڵمان‌دا هیتله‌ر شانۆی خسته ژێر كۆنتڕۆڵ و ركێفی خۆیه‌وه.
هانا ئارێنت له كۆمه‌ڵه لێكۆڵینهوهگهلێك ده‌رباره‌ی یاسا و ده‌سه‌ڵاتی ملهوڕ، كۆمه‌ڵێكی پرسی جیددی سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاتی یاسایی و ده‌سه‌ڵاتی ملهوڕ لێكده‌داته‌وه. له‌و لێكۆڵینه‌وانه‌دا ئارێنت ئیده‌ی ئانارشی له ئاژاوه و بڕواكانی باكۆنین و ماركۆزه جیاده‌كاته‌وه چونكوو پێی وایه هه‌موویان خه‌یاڵین.
هانا ئارێنت دیارده‌ی ده‌سه‌ڵات و توندوتیژی وه‌ك دوو دیارده‌ی نایهكانگیر و دژبه‌یه‌ك ده‌بینێت و درووست ئه‌مه هه‌مان ئه‌و خاڵه‌یه كه شانۆی سیاسی ده‌ست ده‌نێته سه‌ری و تێمی سه‌ره‌كی زۆربه‌ی شانۆ سیاسییه‌كان لێره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
یۆنانییه‌كان(سه‌رده‌می یۆنانی كۆن) له‌ژێر سه‌ردێڕی سیاسه‌تدا پرسگهلێكیان له به‌رچاو ده‌گرت كه پێوه‌ندی به هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی تاكه‌كانی كۆمهڵگاهوه هه‌بووه.له سه‌رده‌می رۆمای كۆندا مه‌به‌ست له "رۆزی پابڵیكا" ناوچه‌یه‌ك بوو كه سیاسه‌ت له‌وێدا به‌كرده‌وه ده‌گه‌یشت.(رۆزی پابڵیكا: له زمانی لاتیندا به مانای ته‌وه‌ر و پرسی گشتی بووه، لێره‌دا مه‌به‌ست ده‌سه‌ڵاتێكه كه تێیدا ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی یه‌ك كه‌سدا كۆنه‌بوه‌ته‌وه، به‌لكوو له خزمه‌تی هه‌موان و یان لانیكه‌م له ده‌ستی كه‌مینه‌یه‌كدا بێت).
ده‌كرێ توندوتیژی و ملهوڕی وه‌ك هه‌ڕه‌شه و ده‌ستدرێژییه‌ك ببینرێت كه ده‌سه‌ڵاتدارانی ملهوڕ به‌و هۆیه‌وه ده‌ستدرێژیان ده‌كرده سه‌ر هه‌رێمی كه‌سانێك كه "رۆزی پابڵیكا" ئه‌ركی مسۆگه‌ركردنی مافه‌كانیانی پێده‌دان، ئه‌مه هه‌مان ته‌وه‌ره كه له شانۆنامهكانی ئانتیگۆن، ریچاردی سێهه‌م، گالیله و... به‌رجه‌سته كراوه‌ته‌وه، توندوتیژی هه‌مان ده‌ستدرێژییه و ئه‌م جۆره دهستدرێژیهش له ژێر نێوی خواستی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگادا به كرده‌وه ده‌گه‌یه‌ت(شانۆی سیاسی لێره‌دا ئه‌ركی رۆشنگه‌ری له ئه‌ستۆ ده‌بێت و ناهێڵێت كه ده‌سه‌ڵات به ناوی خواستی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگاوه خه‌ڵك بگه‌وجێنێت/ شانۆنامه‌ی هاملێت و هه‌ڵسه‌نگاندنی له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ئیلیزابێت له بریتانیادا).
شانۆی سیاسی نه له ژێر كاریگه‌ری ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدایه و نه له ژێر كاریگه‌ری بیری گشتی كۆمه‌ڵگادایه، به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له مێژووی شانۆی سیاسی به‌ره‌وڕووی ئه‌م ئه‌زموونه تاڵه ده‌بینه‌وه كه كه‌ڵك گرتنی ناڕه‌وا و ده‌ستدرێژی بۆ شانۆ له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆی به سه‌ردا نه‌هاتووه.
بێگومان ته‌وه‌ری شانۆی سیاسی یه‌كێك له دۆزینه‌وه‌كانی هه‌ر سه‌رده‌مێكه! ئه‌وانه‌ی كه شانۆی سیاسی و مێژووی شانۆی سیاسی ده‌ناسن، ده‌بێت ئه‌مه له خۆیان بپرسن، بۆچی شانۆی سیاسی یه‌كێك له دۆزینه‌وه‌كانی هه‌ر سه‌رده‌مێكه؟ ده‌بێت له سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده‌دا بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بگه‌ڕێین.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا زانستی جوانیناسی هاته ئاراوه و گه‌شه‌ی كرد، باوم گارتن له بناخهداڕێژهرانی ئه‌م زانسته ده‌ڵێت: "سیاسه‌ت چشتێكی پیسه و هونه‌ر به گشتی و شانۆ به تایبه‌تی هیچ پێوه‌ندییه‌كی به سیاسه‌ته‌وه نییه". له ساڵی ١٩٨٠دا نه‌وه‌ی نوێ بۆ یه‌كه‌مین جار له به‌رامبه‌ر ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌دا شڵه‌ژان، بیرۆكه‌ی باوم گارتن له سه‌رم ئه‌م ئه‌ساسه‌یه كه سیاسه‌ت پرسێكی نامرۆڤانه‌یه له كاتێكدا كه هونه‌ر پرسێكی مرۆڤانه‌یه، واته ئه‌م دوو پرسه دژایه‌تییان له‌گه‌ڵ یه‌كدا هه‌یه و لانیكه‌م نایهكانگیرن و ناتوانن له یه‌ك ئاراسته‌دا به‌ره‌وپێشه‌وه بچن.
به دڵنیاییه‌وه ده‌كرێ بڵێین كه زۆربه‌ی شانۆكان به شێوه‌یه‌ك سیاسی بوون، ته‌نانه‌ت به‌رهه‌مه‌كانی سه‌رده‌می یۆنانی كۆن. له سه‌رده‌مه‌كانی دواتردا ، له سه‌رده‌می ئیلیزابێت له بریتانیا ئه‌م پرسه واته شانۆی سیاسی به لووتكه ده‌گات(به هۆی به‌رهه‌مه‌كانی شكسیپر، به‌ناوبانگترین شانۆنامه‌نووسی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان).
ته‌نانه‌ت یه‌ك به‌رهه‌می شكسپیر به‌دی ناكهرێت كه له‌ودا شكسپیر به شێوه‌یه‌ك به‌ره‌وڕووی سیاسه‌ت نه‌بووبێته‌وه، ئه‌و جۆره‌ی كه مێژوو باسی ده‌كات شێوازی نووسینی شكسپیر ببووه باو، خه‌م و تراژدیای رۆمیۆ و ژوولیێت و هه‌روه‌ها به‌خێڵی كه‌سایه‌تی یاگۆ له شانۆنامه‌ی ئۆتێلۆدا سیاسییه: به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی شكسپیر كه له بازنه‌ی شانۆی سیاسیدان، بریتین له: هاملێت، لیرشا، ژۆلیۆس سێزار، كریۆلان، ئانتۆنیۆس و كلۆیۆپاترا، تریۆلۆس و كریسیدا، تیمۆنی ئاتێن، ره‌شه‌با، هانری هه‌شته‌م.
هاملێت یه‌كێك له شاكاره‌كانی شانۆنامه‌نووسی جیهانه و لانیكه‌م له رۆژهه‌ڵاتدا شكسپیر به‌م به‌رهه‌مه‌وه ناسراوه، ئایا هاملێت ده‌چێته بازنه "شانۆی سیاسی"یه‌وه؟ چۆن ده‌بێ به به‌رهه‌مێكی سه‌ركه‌وتوو نه‌ناسرێت له كاتێكدا زۆرتر له هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی شكسپیر ناسراوه.
شكسپیر له تراژدیای "هاملێت"دا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه كه له زه‌ختی بیری گشتی له كۆمه‌ڵگای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بریتانیا كه‌م بكاته‌وه، هه‌ر بۆیه سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی كردوه‌ته ئامرازێك، له تراژدیای "هاملێت"دا؛ شاژنی دانیماریك (گرترۆد)، خودی ئیلیزابێت شاژنی بریتانیایه واته به شێوازێكی زۆر باش كه‌سایه‌تی به‌ئاڵۆش و حه‌شه‌ری "ئیلیزابێت"ی له كه‌سایه‌تی "گرترۆد"دا به‌رجه‌سته كردوه‌ته‌وه و دانیماریك، هه‌مان بریتانیایه و كه‌سایه‌تی تراژیكی هاملێتیش خودی نووسه‌ره كه له ژێر زه‌ختی ئه‌و بێ سهرهوبهرهییدا ئازار ده‌چێژێ.
ئیلیوت شاعیری ناسراوی بریتانیایی سه‌باره‌ت به‌مه ده‌ڵێت: هاملێت به‌رهه‌مێكی ئاڵۆز و پڕ له دڵه‌ڕاوكێیه به‌ڵام شكسپیر له به‌رامبه‌ر "ئه‌ركی تایبه‌ت"دا تووشی شكست بووه، به‌ڵام كامه "ئه‌رك"؟ له نیشاندانی پێوه‌ندی هاملێت له‌گه‌ڵ دایكی‌دا، چونكوو "گرنگترین پرسی سۆزداری و راچڵه‌كێنه‌ر له‌م شانۆنامه‌یه‌دا، هه‌ستی كوڕێكه ده‌رباره‌ی دایكه تاوانباره‌كه‌ی... له‌مه‌ی كه هاملێت به‌رهه‌مێكی سیاسییه هیچ گومانێكی تێدا نییه. به‌داخه‌وه مه‌جالی ئه‌وه نییه له‌م بابه‌ته‌دا باس له به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی شكسپیر بكه‌ین.
ره‌وتی شانۆی سیاسی دواتریش درێژه‌ی به ژیانی داوه، له‌م نێوانه‌دا له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، یه‌كێك له به‌ناوبانگترین نووسه‌ره‌كانی دیكه له نۆروێژدا سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌ویش كه‌سێك نییه جگه له "هێنریك ئیبسن".
ئاوڕدانه‌وه له ئیبسن و ره‌خنه و شرۆڤه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی كاری هه‌ر كه‌سێك نییه؛ ئیبسن ئاوڕی له ئه‌فسانه و تراژدیا دایه‌وه و هه‌ردووكیانی به‌كارهێنا، به‌ڵام له‌و سه‌رده‌مه‌دا لێوان‌لێو كردنی سێن له شته رهنگاوڕهنگهكان –درووست وه‌كوو خودی ژیان- بۆ هه‌موو كه‌سێك گرنگ بوو. ئه‌مانه چ پێوه‌ندییه‌كیان به شانۆی سیاسییه‌وه هه‌یه؟
شانۆنامه‌ی "تارمایی"(١٨٨١) به‌رهه‌می ئیبسن كه قه‌ده‌غه كرابوو، له ساڵی ١٨٩٠دا له پرۆگرامی شانۆییدا گونجێندرا، ئه‌م شانۆیه سووچێك له "ژیان" پیشان ده‌دا كه تا ئه‌و سه‌رده‌مه قه‌د له به‌رگی شانۆدا ئاوڕی لێنهدرابوویهوه، ئیفلیج بوون له ژێر سه‌ردێڕی نهخۆشینێكدا، شانۆی مرۆڤگه‌لێك كه ناچار بوون سه‌ره‌ڕای تووشبوون به‌م نه‌خۆشینه‌وه درێژه به ژیان بده‌ن. به‌ڵام ئه‌م نه‌خۆشینه ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ئیبسن نه‌بوو، بۆ ئیبسن نه‌خۆشین بیانوویه‌ك بوو بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به پیاوێكی تاوانبار و جانی. ئیبسن له‌م شانۆیه‌دا به هیچ چه‌شنێك چاره‌نووس به به‌رپرسیار نازانێت به‌ڵكوو ئه‌خلاق به به‌رپرسیار ده‌زانێت و ره‌خنه‌ی لێده‌گرێت.
ره‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئیبسن هه‌میشه سیاسییه، چونكوو ئه‌م ره‌خنه‌یه هۆشدارییه‌كه بۆ كۆمه‌ڵگا له به‌رامبه‌ر ئه‌خلاقی تاوانباردا. ئه‌مه‌ی كه شانۆگهلێك له كۆمه‌ڵگایه‌كی دیاریكراو ره‌خنه ناگرن، خۆی ئاماژه‌یه‌كه بۆ شۆڕشگێڕانه بوونی ئه‌وان، ئه‌گه‌رچیش ته‌نانه‌ت ئه‌م شۆڕشگێڕانهبوونه به دواكه‌وتوو، ئانارشیستی یان نهیلیستی له‌قه‌ڵه‌م بدرێت.
له مێژووی شانۆی سیاسی‌دا زۆرجار باس له "كۆماری وایمار" كراوه، بۆ زۆر كه‌س كۆماری وایمار شۆڕشێكی له ده‌ستچووه، كۆمار و دێمۆكراسییه‌ك كه دوای پانزده ساڵ پێشكه‌شی هیتله‌ر و داروده‌سته‌كه‌ی كرا، له‌و سه‌رده‌مه‌دا پێته‌ختی رایشی ئاڵمان (بێڕلین) تا ئه‌و راده‌یه نائه‌من بوو كه سه‌رۆكی حكوومه‌تی كاتیی به هیچ چه‌شنێك رازی نه‌بوو له بێڕلیندا "كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی" به‌ڕێوه ببات، "فریدریش ئێبێرت" نوێنه‌رانی خه‌ڵكی بۆ په‌سه‌ندكردنی "یاسای بنه‌ڕه‌تی" نوێ بۆ شاری "وایمار" بانگهێشت كرد، كۆبوونه‌وه‌ی "كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی" له "هۆڵی شانۆی نه‌ته‌وه‌یی" له شاری "وایمار"دا به‌ڕێوه‌چوو و یاسای بنه‌ڕه‌تی كۆماری نوێ له باروودۆخی ناله بار و له ململانێی هێزه سیاسییه‌كاندا په‌سه‌ندكرا.
له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ئه‌مه یه‌كه‌م جاره كه یاسای بنه‌ڕه‌تی وڵاتێك له هۆڵێكی شانۆییدا په‌سه‌ند بكرێت. شانۆكاره شۆڕشگێڕه‌كان له ساڵی ١٩١٠دا له نێوان ئێكسپێرسیۆنیزم، ئه‌زموونه ته‌كنیكییه‌كان و هرووژمی سیاسیی‌دا سه‌رگه‌ردان و وه‌یلان بوون. ئه‌م ره‌وته له ئێكسپێرسیۆنیزمی ئاڵمانیدا به ناكامی كۆتایی هات. دواتر له ژێر زه‌ختی نازیسمدا، ئیروین پیسكاتۆر و بێرتوولت برێشت به‌م ئاكامه گه‌یشتن كه ده‌بێت له شانۆدا گرنگایه‌تی به سیاسه‌ت بدرێت.
پیسكاتۆر و برێشت له لایه‌ن جوانیناسه ئایدیالیستهكانهوه به‌ره‌وڕووی ره‌خنه توند بوونه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان توانیان ئه‌و جۆره بیركردنه‌وه كۆنه به شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی وه‌لانێن و وه‌ك دامه‌زرێنه‌رانی شانۆی سیاسی(له‌و سه‌رده‌مه‌دا) به فه‌رمی ناسێندران. هه‌ڵبه‌ت پیسكاتۆر و برێشت ئافرێنه‌ر و به‌دیهێنه‌رانی شانۆی سیاسی نین، به‌ڵام قه‌د هه‌وڵه‌كانی ئه‌وان له‌م پێوه‌ندیه‌دا له بیر ناكرێت.
برێشت و پیسكاتۆر لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێیان له مێژووی شانۆی سیاسی‌دا هه‌ڵدایه‌وه، ئه‌م لاپه‌ره نوێیه له گۆشه‌نیگایه‌كی تایبه‌ته‌وه پێوه‌ندییه‌كانی نێوان سیاسه‌ت و شانۆ له ره‌وتی شانۆی سیاسی‌دا روون ده‌كاته‌وه.
بۆ پیسكاتۆر شانۆ پاڕله‌مان و بینه‌رانی شانۆش یاسادانه‌ر بوون، له‌م پاڕلهمانهدا پرسه گرنیگ و شوێندانه‌ر و گشتییه‌كان به شێوه‌یه‌كی بینراو پیشان ده‌دران. له جێی وتاربێژیی نوێنه‌رێكی پاڕله‌مان سه‌باره‌ت به دۆخێكی ناله‌بار، كۆپی هونه‌رمه‌ندانه‌ی ئه‌و باروودۆخه ده‌خرایه به‌ر دیدی بینه‌ران؛ بۆ شانۆكاران ئه‌رك بوو ده‌رفه‌تی ئه‌وه بدرێت به بینه‌ر تاكوو له رێگای دیمه‌ن و دروشمه‌كانه‌وه بینه‌ر بتوانێت به بڕیارێكی سیاسی تایبه‌ت بگات.
ژێده‌ر:
- پیسكاتۆر، اروین: تئاتر سیاسی، ترجمهی فرهودی،سعید، نشر قگره، چاپ اول ١٣٨١
- ملشینگر، زیگفرید: تاریخ تئاتر سیاسی، جلد ١و٢، ترجمهی فرهودی،سعید، نشر سروش، چاپ دوم ١٣٧٧
- اونز، جیمز: تئاتر تجربی از استانیسلاوسكی تا پیتر بروك، ترجمهی اسلامیه، مصگفی، نشر سروش، چاپ سوم ١٣٨٢
- براكت، اسكار.ك: تاریخ تئاتر جهان، جلد سوم، ترجمهی هوشنگ ێ‌زادی و‌ر، نشر مروارید، چاپ سوم ١٣٨٠
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.