بەشێک لەکوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ لەهەولێر لەبەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر گردبوونەوەیان ئەنجامدا بەمەبەستی دژایەتی کردنی هێرش کردنە سەر بارەگکانی حدکا و حدک لە کۆیە و لەسێدارەدانی زیندانیانی کورد.
ئەمڕۆ 12/9/2018 بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە هێرشەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سوپای ئێران بۆ سەر بارەگاکانی هەر دوو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) لە کۆیە و لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی، ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوونەتە بەردەم نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری هەولێرو گردبوونەوەیان ئەنجامدا.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە ئاماژەیان بەوەدا پێویستە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵوێستی هەبێت و چیدی بێدەنگ نەبێت لەبەرامبەر هێرشەکانی ئێران، و داواش لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن، ڕێگە لە تۆپباران و هەڕەشەکانی ئێران و لەسێدارانی زیندانیانی سیاسی لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە بگرن.
ڕۆژی شەممە 2018/9/8 لە شاری كۆیە هەردوو بارەگای حزبی دیموكرات (حدکا و حدک) لەلایەن ئێرانەوە مووشەكباران كران كە بەو هۆیەوە 15 کادر و پێشمەرگە شەهید و 40 کەسی دیەکش بریندار بوون.
هاوکات هەر ئەمڕۆ شارەکانی سنە و سەقز و بانە و مەریوان و شنۆ و پاوە و زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەمان مەبەست مانگرتنی سەرتاسەریان ڕاگەیاندووە و دوکان و بازاڕیان نەکردووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.