دوای سوتاندنی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بەسرە، ئەمڕۆ کونسوڵخانە لە باڵەخانەیەکی نوێدا کرایەوە.
ئاژانسی ھەواڵی فارس نیوز، بڵاویکردووەتەوە ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، بەشداری کردووە لە مەراسیمی کردنەوەی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە بەسرە، و ڕایگەیاندووە سوتاندنی کونسوڵخانەکە کاریگەریی نابێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا، بە وتەی ئەو بەھۆی خاڵە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵاتەوە.
لای خۆشیهوه ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند "ڕووداوی سوتاندنی كونسوڵخانەی ئێران لە بەسرە خواستی ئەو خۆپیشاندەرانە نەبووە كە داواكاری ڕەوایان هەبووە"، ئاماژەی بەوەش كرد "هەندێك گێرەشێوێن هەن كە ژمارەیان كەمە و هەوڵدەدەن خۆپیشاندانەكان بشێوێنن".
جەعفەری داوای لە گەل و حكومەتی ئێران كرد "دەرفەت نەدرێتە دوژمنانی ئیسلام و هەردوو وڵات كە ئەو وێنەی برایەتییە بشێوێنن كە هەردوو وڵات لە ساڵانی ڕابردوودا دروستیانكردووە"، هەروەها ئەوەی خستەڕوو "پەیوەندییەكانی بەغدا و تاران باشە".
هەینی ڕابردوو خۆپیشاندەران دوای ئەوەی بەربەستە ئەمنییەكانیان بڕی، كونسوڵخانەی ئێرانیان لە بەسرە سوتاند كە دەكەوێتە ناوەڕاستی شارەكە و دواتر كونسوڵخانەكە هەڕەشەی گرتنەبەری "ڕێوشوێنە یاساییە نێودەوڵەتییەكانی" كرد سەبارەت بە ڕووداوەكە و ڕایگەیاند، ئەوان لایەنێكی دیاریكراو تۆمەتبارناكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.