ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرد ئەگەر لەسەر دادگاییکردنی سەربازانی ئەمریکا بەردەوام بێت.
جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا گوتی: ئەگەر دادگاکە لەسەر بڕیاری دادگاییکردنی سەربازانی ئەمریکا بەردەوام بێت، ڕێ بە ئەندامانی نادرێت سەردانی ئەمریکا بکەن، داهاتەکانیان بلۆک دەکەن و لەبەردەم دادگای ئەمریکا دادگاییان دەکەن.
داگای تاوانی نێودەوڵەتی وەڵامی هەڕەشەكانی ئەمریكای دایەوە و ڕایگەیاند، بێ هیچ سڵەمینەوەیەك بەردەوام دەبن لە كارەكانیان.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كە بارەگاكەی لە شاری لاهایی هۆڵەندایە ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، دادگاكە دامەزراوەیەكی سەربەخۆیە و لەلایەن 123 دەوڵەتەوە پشتیوانی دەكرێت.
ئاماژەی بەوەش كردووە، دادگاكە بەوپێیەی بوارێكی دادوەرییە، بێ هیچ ترس و سڵەمینەوەیەك بەردەوام دەبێت لە كارەكانی، كە خۆی دەبینێتەوە لە سەروەری یاسا.
ئەو وەڵامەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەكاتێكدایە، جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای كردبوو بەسەر دادگا و دادوەرەكانیدا، ئەگەر بێتو دادگاكە لێكۆڵینەوە بكات لە چالاكییەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان.
ساڵی ڕابردوو ڤاتۆ بنسودا داواكاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندبوو، هەندێك بنەما هەیە كە بڕواهێنەرن بەوەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژبە مرۆڤایەتی لە ئەفغانستان ئەنجامدراوە، بۆیە لێكۆڵینەوە لێی هەموو لایەنە بەشەڕهاتووەكان دەگرێتەوە، بە هێزەكانی ئەمریكا و ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكاش.
دوێنێ بۆڵتۆن هەڕەشەی ئەوەی كرد، ئەگەر دادگاكە لێكۆڵینەوەی لەوجۆرە بكات، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تاوتوێی ئەوە دەكات ڕێگری بكات لە گەشتی دادوەرانی دادگاكە بۆ ئەمریكا و بلۆككردنی سامانەكانیان و تۆماركردنی داوا لە دژیان لە دادگاكانی ئەمریكا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.