كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ ڕۆژی دەنگدان دەستیان پێ كردووە و، هیچ گیروگرفتێك لەو بارەوە نییە و سەرجەم ڕێوشوێنەكانی دەنگدان و جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگەكان، گیراونەتە بەر.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم ماوەی (10) سەعاتی بۆ دەنگدانی گشتی (30)ی ئەیلول دیاری دەکات و رێکارەکانی دەنگدان و جیاکردنەوە و ئەژمارکردنی دەنگەکان دەستنیشان دەکات.
بەپێی ئەو رێکارانە رۆژی یەکشەممە (30)ی ئەیلوول پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و بنکەکانی دەنگدان لە سەعات (8)ی بەیانی تا (6)ی ئێوارە کراوە دەبن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی دەنگدان و پاشان پرۆسەی ژماردن و لەیەک جیاکردنەوەی دەنگەکان لەهەمان وێستگەی دەنگدان دەبێت و دوای پرۆسەی ژماردن و لەیەک جیاکردنەوەی دەنگەکان و پرۆسەی پێچانەوە و هەڵگرتنەوەی کەلوپەلەکانی هەڵبژاردن لە بنکەی دەنگداندا، ئەو سندوقانەی کە کارتە ژمێردراوەکانی دەنگدان و کەلوپەلە هەستیارەکانیان تێدایە دەگوازرێنەوە بۆ کۆگای سەرەکی سەر بە فەرمانگەی پارێزگا بەمەبەستنی پاراستنیان.
لەو رێکارانەدا، کۆمیسیۆن زانیاریی تەواوی لەسەر ئامادەکارییەکانی پێش رۆژی دەنگدان و هەروەها بنکە و وێستگەکانی دەنگدان و چۆنیەتی دەنگدان و ئەو کەسانەی مافیان هەیە بچنە بنکەکانی دەنگدانەوە و هەروەها ئەرک و رۆڵی فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنی لە رۆژی دەنگداندا و چۆنیەتی چاودێریی کردنی هەڵبژاردن لەلایەن چاودێران و کەناڵەکانی راگەیاندن و چۆنیەتی تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن قەوارە سیاسییەکانەوە، دیاری کردوە.
بەشێکی دیکەی رێکارەکانی کۆمیسیۆن تایبەتە بە چۆنیەتی ژماردنی کارتەکانی دەنگدان و پاشان پێچانەوەی کەلوپەلی وێستگەکانی دەنگدان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.