سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیداریدا لەگەڵ شاندێكی حزبی ئیسلامیی عێراقی، ڕایگەیاند: هەموو هەوڵەكانی ئێمە، بە ئاڕاستەی دروستكردنی كۆدەنگی و یەكخستنی نێوماڵی كوردە بۆ بەشداریكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقدا.
ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی، پێشوازی لە شاندی (حزبی ئیسلامیی عێراقی) بە سەرۆكایەتیی نەسیر ئەلعانی و شاندێكی یاوەری كرد.
لەو كۆبوونەوەیەدا، كە عەلی حوسێن بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەكان ئامادەی بوو، فازڵ میرانی بەخێرهێنانی شاندی میوانی كرد و رۆشنایی خرایە سەر رووداوەكانی شاری بەسڕە و ناڕەزاییەكانی خەڵك و، ئەوەی دووپات كردووە كە پێویستە بە زووترین كات داواكارییەكانی خەڵك جێبەجێ بكرێن و هەر كەس بەرپرسیارەتیی خۆی بخاتە سەر شان.
لەم كۆبوونەوەیەدا، هەروەها دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و گۆڕانكارییەكان لە هاوكێشەكانی پەیوەست بە دامەزراندنی حكوومەتی تازەی عێراق تاوتوو كرا و، جەختیش لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی حكوومەت بە مەبەستی چارەكردنی كێشەكانی هاووڵاتیان و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان كرایەوە.
فازڵ میرانی، تەئكیدی كردەوە كە عێراق بە هەوڵی هەموو لایەنەكان بنیات نراوە لەسەر پرەنسیپە گرینگەكان لە سازان و هاوسەنگی و بەشداریی هەمەلایەنە لە بڕیاردان، بەڵام پابەندنەبوون بە دەستوور، كێشەكانی گەیاندە ئەم ئاستە، گوتیشی: هەموو هەوڵەكانی ئێمە ئێستا بە ئاڕاستەی دروستكردنی كۆدەنگی و یەكخستنی نێوماڵی كوردە بۆ بەشداریكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقدا.
دواتر شاندی میوان سوپاسی سكرتێری مەكتەبی سیاسییان كرد بۆ ئەم پێشوازییە و جەختیان لە پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان پارتی و حزبی ئیسلامیی عێراقی كردەوە، كە ئەم پەیوەندیانە لە خزمەت ئارامی و سەقامگیریی وڵاتدا دەبن و، هاوڕابوون لەگەڵ دید و بۆچوونەكانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی، كە گرینگە پابەندی دەستوور بین بۆ چارەكردنی كێشەكان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.