Erbil 12°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 13:58

له‌پای دڵسۆزی و ئه‌زموونی پڕ به‌خششی ڕێز له‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر شێخانی نرا

به‌شداری چه‌ندین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌
کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 5ی 9ی2018 له‌ڕێوڕه‌سمێكی شایسته‌دا لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری‌و هونه‌ری هه‌ولێر‌ له‌پای دڵسۆزی و ئه‌زموونی پڕ به‌خششی ڕێز له‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر شێخانی نرا.
  به‌ئاماده‌بوونی مێوانانی خۆشه‌ویست و به‌رپرسانی حزبی و حكوومی و په‌رله‌مانتاران و هونه‌رمه‌ندان و شانۆكاران و مامۆستایانی زانكۆ و قووتابیان و نووسه‌ران و سینه‌ماكاران  ئه‌و رێوره‌سمه‌ به‌رێوه‌ چوو.

 جگه‌ له‌وتاری ئاماده‌بووان كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند یادگاری و بیره‌وه‌ری خۆیان له‌ بواری هونه‌ردا گێڕایه‌وه‌ كه‌به‌یه‌كه‌وه‌ كاری هونه‌ریان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر شێخانی كردووه‌ ، دوواتر له‌لایه‌ن ده‌زگای‌حزبی‌و حكوومی‌خه‌ڵاتی ڕێزلێنان به‌خشرا به‌هونه‌رمه‌ندی‌ ناوبراو له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی چه‌پكێ گووڵی وه‌فاو خۆشه‌ویستی .

شانۆكار ئه‌نوه‌ر شێخانی له‌ دایك بووی ساڵی 1951 و ده‌ستپێكی كاری ھونه‌ری له‌ ساڵی 1970 له‌ تیپی پێشڕه‌وی سه‌ر به‌ سكرتاریه‌تی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان بووه‌، یه‌كه‌مین شانۆ به‌ناوی (سه‌ره‌تان) به‌شداری تێدا كرد، به‌ڵام بۆ تۆماری ته‌له‌فزیۆنی ناوه‌كه‌ی گۆڕا بۆ (ماره‌یی).

ـ دوای 5 ساڵ له‌ كاری رێكخستن بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ نه‌ورۆزی 1973 به‌ تۆمه‌تی سیاسی ده‌ستگیر ده‌كرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌شكه‌نجه‌دان و ڕاگواستن بۆ دیوانیه‌، پاشان راده‌كات و و په‌یوه‌ندی به‌ باره‌گای هێزی ده‌شتی هه‌ولێر له‌ ده‌كات له‌ دێگه‌ڵه‌ و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌، سه‌ره‌تا له‌ ناوچه‌ی قه‌ڵادزێ ده‌بێت، دوای شۆڕش ده‌چێته‌ ئێران و له‌ ساڵی 1976 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، راسته‌وخۆ له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ دووباره‌ راده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ دیوانیه‌.

له‌ ساڵی (1976)، له‌ رێگه‌ی هه‌ڵبژاردن بووه‌ته‌ به‌ڕێوبه‌ری ھونه‌ری كۆمه‌ڵ و ھونه‌ر و وێژه‌ی كورد مه‌ڵبه‌ندی گشتی، له‌به‌ر ڕێگریكردن له‌ ده‌ستوه‌ردانی چالاكی حزبی به‌عس نه‌یانهێشت له‌ ساڵێك زیاتر به‌رده‌وام بێت.

ئه‌نوه‌رشێخانی له‌ ساڵ 1992 یه‌كێك بووه‌ له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری تیڤی كوردستان له‌ ساڵی 1992 ، دامه‌زرێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی ھونه‌رمه‌ندانی كوردستان/ هه‌ولێر 31/3/ 1991

ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری چه‌ندین به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی بووه‌ و دیارترینیان به‌رنامه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی ھه‌گبه‌ی كورده‌واری، وه‌كو یه‌كه‌مین به‌رنامه‌ی فۆلكلۆری و كولتووری و له‌ هه‌مان كاتدا وه‌كو یه‌كێك له‌ ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كییه‌كان بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ (1993-2003) به‌رده‌وام بوو ktv.

ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری سه‌ندیكای ھونه‌رمه‌ندانی كورردستان،  له‌ ساڵی 1998، (4) ساڵیش وه‌كو سكرتێری گشتی سه‌ندیكا هه‌ڵبژێردرا.

له‌گه‌ڵ یه‌كگرتنه‌وه‌ی سه‌ندیكا و یه‌كێتی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان له‌ كۆنگره‌ی یه‌كگرتن له‌ ساڵی 2006، وه‌كو سكرتێری گشتی رێكخراوی ھونه‌رمه‌ندانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا و كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی بوو له‌ پێشخستنی یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌ و ڕێكخراوه‌كه‌ بوو.

ـ زیاتر له‌ 60 كاری شانۆیی وه‌كو ئه‌كته‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌م و ده‌رهێنان به‌شداری كردووه‌.

وه‌كو ئه‌كته‌رو به‌رھه‌م ھێنه‌ر به‌شداری نزیكه‌ی له‌ 10 فیلمی سینه‌مایی ناوخۆیی و بیانی درێژ كردووه‌ و فیلمه‌كان له‌ فیستیڤاڵه‌ جیھانییه‌كان ده‌سكه‌وتی به‌رچاویان ھه‌بووه‌.

سه‌رپه‌رشتی و به‌شداری ده‌یان درامای كردووه‌ و رۆڵی سه‌ره‌كی ھه‌بووه‌ له‌ ده‌یان كورته‌ فیلم، به‌Vێوه‌به‌ری به‌رهه‌می دیكۆمێنتاری، دیارترینیان كه‌ ناوبانگی نێوده‌وڵه‌تی به‌رچاوی هه‌بوو؛ (گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان، علی كیمیایی).

به‌شداری چه‌ندین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌ و خاوه‌نی چه‌ندین خه‌ڵاتی رێزلێنانه‌.

هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر شێخانی ماوه‌یه‌كه‌ باری ته‌ندورستی ناجێگیره‌ به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا دووجار سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی كردوه‌.

هیوای ته‌ندورستییه‌كی باش بۆ هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ ئه‌نوه‌ر شێخانی ده‌خوازین .

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.