باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا خۆشحاڵی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند و ئامادەیی خۆیشی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی نوێ دەربڕی.
باڵیۆزخانەی ئێران لە راگەیەندراوێكدا خۆشحاڵی بۆ دەستپێكردنی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێی نوێنەران دەربڕی كە بڕیارە تێیدا سەرۆكایەتییەكانی پەرلەمان و كۆمار و وەزیرانی تێدا دەستنیشان بكرێت.
راشیگەیاندووە كە ئەو دانیشتنە، هەنگاوێكی گرنگە بۆ سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عێراق.
وەك ئاماژەیەك بۆ هەڵوێستەكەی ئەم دواییەی حەیدەر عەبادی بەرامبەر بە پابەندبوون بە سزاكانی واشنتۆن لەسەر تاران، باڵیۆزخانەی ئێران رایگەیاند سەرباری ئەو دۆخە نەرێنییەی دروستكرا بۆ گورزوەشاندن لەبەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات، بەڵام ئێران بایەخێكی زۆر بە پاراستنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق دەدات.
جەختیشدەكاتەوە لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگییەكانیان لەگەڵ حكومەتی داهاتووی عێراق، هەرچەندە هەندێك كەس دوو دڵنابن لە هەوڵدان بۆ ئاستەنگكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.