Erbil 10°C شەممە 11 کانوونی دووەم 16:38

هەوری هەڵمی ئاو لەدژوارترین شوێنی هەسارەی (موشتەری) دا دۆزرایەوە

هەسارەی (موشتەری) گەورەترین هەسارەكانی نێو سیستەمی خۆرە
کوردستان TV
100%

لە یەكێ‌ لە دۆزینەوە هەرە گرنگ و كەموێنەكاندا، پسپۆڕانی كەشتی ئاسمانی (جونۆ) ی تایبەت بە (ئاژانسی ناسا) كە ماوەیەكە بە دەوری هەسارەی زەبەلاحی (موشتەری) دا دەخۆلێتەوە، بەم دواییە توانی چەندەها بارستەی هەوری هەڵمی ئاو (H2O) لەناو جەرگەی یەكێ لە ناوچە هەرە ناودارەكانی نێو بەرگەهەوای ئەو هەسارەیەدا بدۆزێتەوە، ئەویش (پەڵە سوورە مەزنەكە) یە كە بریتییە لە گێژەڵووكەیەك بە قەدەرایی 3 جار ئەوەندەی قەبارەی زەوی و ماوەی زیاتر لە 300 ساڵە لەنێو بەرگە هەوای ئەو هەسارەیەدا بەردەوامە.
"دۆزینەوەی هەوری هەڵمی ئاو لەنێو پەڵە سوورە مەزنەكەی موشتەری، یارمەتی زانایان دەدات بۆ تێگەیشتن و حاڵی بوونی زیاتر لە سروشتی هەسارەكان نێو سیستەمی خۆرو دەرەكییەكانیش، بەڵام بۆ ئێمەی پسپۆڕان، ئەم دۆزینەوەیە یەگجار زۆر دڵخۆشكارەو تەنانەت رێگەمان پێدەدات بۆ بیركردنەوە لە ئەگەری بوونی جۆرە ژیانێك لەو نێوەندەدا"، لە زاری (ماتی ئادامكۆڤیتش) ی پسپۆڕی فیزیا لە (زانكۆی كلیمزۆن)، بەڵام لە هەمان كاتیشدا گوتی:" لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە هەرگیز ناڵێین كەوا رەنگە ژیان یان جۆرێك لە ژیان لەسەر رووی ئەو هەسارە سەهۆڵاوییە دوورەدا هەبێت".
"كاتێك باس لە بوونی شلەیەكی وەك ئاو دەكرێت، نابێ ئەگەری بوونی ژیان بە تەواوی دوور بخرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی كەوا بارودۆخ و كەش و هەوای موشتەری زۆر سەخت و دژوارە، بەڵام هەرگیز بوونی جۆرێك لە ژیان لسەریدا لە بیرو ئەندێشەماندا لانادەین"، هەر لە زاری (ئادامكۆڤیتش).
بێگومان، هەسارەی (موشتەری) گەورەترین هەسارەكانی نێو سیستەمی خۆرەو ماوەیەكی زۆرە زانراوە كەوا خاوەنی كەش و ئاوو هەوایەكی زۆر توندو بێ بەزەییە! بەڵام دۆزینەوەی هەڵمی ئاو لەسەر شێوەی هەور لەنێو بەرگە هەوایەكەیدا، یارمەتی زانایان دەدات تا زیاتر لە سروشتی پڕ لەنهێنی ئەو نەفڕەنجا سەهۆڵییەدا حاڵی ببن كە 1113 جار لە هەسارەكەی ئێمە گەورەترە!.

 بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڵاوى كردوه‌ته‌وه‌
شوان عه‌زیز
 

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.