Erbil 8°C شەممە 11 کانوونی دووەم 02:44

نێچیرڤان بارزانی: پێویسته‌ ئه‌وله‌ویه‌تی فراکسیۆنی پارتی داکۆکیکردن له‌ مافه‌کانی گه‌لی کوردستان بێت

جێگری سه‌رۆكی پارتی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبووه‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%

جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پیرۆزبایی بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی كه‌ لیستی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ده‌ستیهێنا دوای په‌سه‌ندكردنی ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی له‌ ده‌رچووان كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن.


پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 1/9/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌ره‌تا به‌ڕێز جگری سه‌رۆكی پارتی وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی پیرۆزبایی بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی كه‌ لیستی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ده‌ستیهێنا دوای په‌سه‌ندكردنی ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی له‌ ده‌رچووان كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن. به‌ڕێزیان زه‌رووره‌تی هه‌بوونی به‌هێزی كورد، هه‌روه‌ها پێویستیی بوونی به‌هێزی پارتی له‌ به‌غدا دووپات كرده‌وه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ پاڵپشتیی سه‌ركردایه‌تیی پارتی و ڕێنوێنیكردنی ئه‌ندامانی بۆ داكۆكیكردن له‌ مافه‌ ده‌ستووری و ڕه‌وا‌كانی گه‌لی كوردستان به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ و سوود وه‌رگرتن له‌ توانا و شاره‌زایی خه‌ڵكانی پسپۆڕ و ڕۆڵی كارایان له‌ لیژنه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ده‌ربڕی و شانازی به‌وه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ نوێنه‌ری پارتێكن له‌سه‌ر ئاستی عێراق خاوه‌نی زۆرترین كورسییه له‌ په‌رله‌مانی عێراق‌.

به‌ڕێز جێگری سه‌رۆكی پارتی ڕێنوێنیی فراكسیۆنی پارتی كرد كه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشدا بن و ببنه‌ هه‌وێنی لێكنزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی عێراق به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانییه‌وه‌ هه‌بێت به‌تایبه‌تیش له‌نێوان لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كاندا و تاكه‌ ئامانجیان ئه‌وه‌ بێت به‌یه‌كه‌وه‌ بتوانن خزمه‌تی گه‌لی كوردستان بكه‌ن و بۆ سه‌رخستنی ئه‌م كاره‌شیان هه‌موو ئاسانكاری و هاوكارییه‌كی بۆ فراكسیۆنی پارتی نیشان دا.


لای خۆیانه‌وه‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی پێگیری و پێڕه‌وكردنی ڕێنماییه‌كانی سه‌ركردایه‌تیی پارتی و هه‌وڵدانی جددی بۆ جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی هه‌ڵبژاردن كه‌ پارتی به‌ خه‌ڵكی خۆی داوه‌، دووپات كرده‌وه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌موو تواناكانی خۆیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ و ئامانجی سه‌ره‌كییان داكۆكیكردن بێت له‌ مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و ئه‌و ته‌بایی و یه‌كڕیزییه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌ نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كاندا هه‌بێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.