Erbil 6°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 00:30

فیلمی سینه‌مایی "زاگرۆس" کاندیدی شه‌ش خه‌ڵاته‌

له‌لایه‌ن 400 سینه‌ماكارو ره‌خنه‌كاره‌وه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر فیلمه‌كان ده‌درێت
کوردستان TV
100%

فیلمی سینه‌مایی "زاگرۆس" له‌ ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ری كورد سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه‌، كاندیدی شه‌ش خه‌ڵاتی "ئینسۆرس"ه‌ له‌ فێستیڤاڵی فیلمی ئۆسته‌ندا "Oostende Film Festival" كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ فیلمه‌ به‌لژیكییه‌كان.

فیلمه‌كه‌ كاندیدی خه‌ڵاتی باشترین فیلم، باشترین ده‌رهێنه‌ر، باشترین سیناریۆ، باشترین ئه‌كته‌ری ژن، باشترین وێنه‌گرو باشترین پرۆده‌كشن دیزاینه‌.

خه‌ڵاته‌كه‌، به‌ خه‌ڵاتی ئۆسكاری سینه‌مای به‌لژیكا ناسراوه‌و به‌ دوو قۆناغ له‌لایه‌ن 400 سینه‌ماكارو ره‌خنه‌كاره‌وه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر فیلمه‌كان ده‌درێت، ئه‌و فیلمه‌ی زۆرترین ده‌نگی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن به‌ده‌ستبهێنێت، ده‌بێته‌ براوه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌.

چالاكییه‌كانی فێستیڤاڵی فیلمی ئۆستین له‌ رۆژانی 7-15 ئه‌یلول/ سێپتێبه‌ر 2018 له‌ به‌لژیكا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌ چوارچێوه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌دا خه‌ڵاتی ئینسۆرس دابه‌شده‌كرێت.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ "زاگرۆس" كه‌ به‌رهه‌مێكی هاوبه‌شی به‌لژیكا، هۆڵه‌نداو كوردستانه‌، له‌رێگه‌ی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی دهۆكه‌وه‌ بۆ خه‌ڵاتی ئاسیا پاسفیك سكرین نێردراوه‌و كاندیدی خه‌ڵاته‌كه‌یه‌ كه‌ به‌ گرنگترین خه‌ڵاتی سینه‌مایی له‌ ئاسیادا ده‌ناسرێت.

ئه‌مساڵ 12مین خولی دابه‌شكردنی ئه‌و خه‌ڵاته‌ له‌ 29 تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر 2018 دابه‌شده‌كرێت كه‌ نوێنه‌ری 70 وڵاتی كیشوه‌ری ئاسیاو ئۆقیانۆسی ئارام له‌خۆده‌گرێت و له‌ شاری بریزبن له‌ ئۆسترالیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

خه‌ڵاته‌كه‌ له‌ ساڵی 2007ه‌وه‌ به‌ هاوكاری رێكخراوی یونسكۆو یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌رهه‌مهێنه‌رانی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كان دابه‌شده‌كرێت. 

"زاگرۆس" براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین فیلمه‌ له‌ 35مین خولی فێستیڤاڵی نێوه‌ده‌وڵه‌تی فیلمی ئه‌نۆنایه‌ له‌ شاری ئه‌نۆنای له‌ فه‌ڕه‌نسا، هه‌روه‌ها له‌ 44مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی گێنت له‌ به‌لجیكا، خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی فێستیڤاڵی به‌ده‌ستهێنا كه‌ خه‌ڵاتی "Grand Prix" بوو.

ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ دوو خه‌ڵاتی تری له‌ به‌شی پێشبڕكێی 18ه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی ئاڕه‌س له‌ فه‌ڕه‌نسا به‌ده‌ستهێناوه‌.

"زاگرۆس" ئه‌مساڵ به‌شداری له‌ چه‌ندین فێستیڤاڵی فیلمی سینه‌ماییدا كردووه‌، له‌وانه‌ 47مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی رۆتردام له‌ هۆڵه‌نداو 14مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی سینه‌مایی دوبه‌ی كه‌ كاندیدی چوار خه‌ڵات بوو.

ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ چیرۆكی شوانێك به‌ ناوی زاگرۆس ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ هاوژینی خۆی زۆر خۆشده‌وێت، بۆ ئه‌و كوردستان به‌هه‌شته‌، به‌ڵام هاوژینه‌كه‌ی هاڤین و كچه‌كه‌ی ره‌یهان، رووده‌كه‌نه‌ به‌لژیكا، دواتر زاگرۆزیش بڕیارده‌دات بچێته‌ ئه‌و وه‌ڵاته‌، به‌ڵام له‌وێ......

سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه‌، له‌رێگه‌ی فیلمه‌كانییه‌وه‌ زیاتر له‌ 1000 خه‌ڵاتی له‌ فێستیڤاڵه‌ سینه‌ماییه‌كاندا وه‌رگرتووه‌.

 سه‌رچاوه‌/ راگه‌یاندنی فیلمی "زاگرۆس"

كوردستان تیڤی/ كامران

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.