ئێوارەی ئەمڕۆ 27ی 8ی 2018، دوای دابڕانێكى زۆر وەفدێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە پێكهاتبوون لەحاكم قادر، رەفعەت عەبدوڵڵا، مەحمود سەنگاوی، بافڵ تاڵەبانی، رزگار عەلی، سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد لە گردی زەرگەتەو لەلایەن عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و وەفدی باڵای بزوتنەوەی گۆڕانەوە پێشوازیان لێكرا.
وەفدە باڵاكەی یەكێتی، لەسەرەتای سەردانەكەیاندا بۆ گردی زەرگەتە، تاجە گوڵینەیان لەسەر مەزاری نەوشیروان مستەفا داناو دواتریش كۆبوونەوەكەی هەردوو وەفدە باڵاكە دەستیپێكرد.
لەبارەی سەردانەكەشیانەوە، رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و وەفدی باڵای یەكێتی بۆ لای گۆڕان، رایگەیاند" یەكێتی و گۆڕان لەبنەڕەتدا لەیەك خوێندنگا پەروەردە بوون، راستە ئێستا دوو حزبی حیاوازو سەربەخۆین، بەڵام بۆ بەرژەوەندی كوردستان و ئایندەی كوردو هەردوولا پێویستە پەیوەندییەكانمان ئاسایی بێت و كارو هەوڵوێستی نیشتمانی هاوبەشمان هەبێت.
وتیشی" ماوەیەك سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەم كۆبوونەوەیەین، هیوادارین لەمەودوا یەكێتی و گۆڕان هەوڵی چارەسەری كێشەكانی نێوانیان و ناوخۆی كوردستان و عیراق بدەن و هاوهەڵوێستی یەكێتی و گۆڕانیش بەرهەمی باشی بۆ كوردستان دەبێت.
لای خۆشیەوە رەئوف عوسمان ئەندامی وەفدی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی سەردانەكەو كۆبوونەوەكەوە، رایگەیاند" لەگەڵ یەكخستنی نێوماڵی كوردین، لەكوردستان و بەغدا، یەكڕیزیییەكەش لەسەر بنەمای نیشتمانیی و نەتەوەیی بێت.
وتیشی" كۆبوونەوەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان گرنگەو هیوادارین ئەو كێشانەی لەنێوانماندا هەیە چارەسەری بكەین.
تێزانین لە دوای قوڵبوونەوەی گرفتەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان، ئەمە یەکەمجارە کە وەفدێکی باڵای یەکێتی بچێته گردەکە، بەڵام دوای ئەوەی بهبۆنهى جەژنى قوربانى یەکێتی بە فەرمی داوای لێبوردنی لە گۆڕان کرد، پێدەچێت پەیوەندییەکانیان بەرەو ئاسایی بوونەوە بچن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.