Erbil 13°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 05:20

کورته‌یه‌ک له‌ هه‌ڵوێسته‌کانی جۆن مه‌ککین ده‌رباره‌ی کوردستان و پێشمه‌رگه‌‌

كوردستان دۆستێكی راسته‌قینه‌ی‌ له‌ده‌ستدا!
كورته‌یه‌ك له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی جۆن مه‌ككین ده‌رباره‌ی كوردستان و پێشمه‌رگه‌‌
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، سیناتۆری دیارو ناسراوی ئه‌مریكا جۆن مه‌ككین، پاش دوو ساڵ به‌ربه‌ره‌كانێ‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی مێشك، كۆچی دوایی كرد.

جۆن مەککین گەورە سێناتۆری کۆمارییەکان له‌ ولایه‌تی ئاریزۆنا،  قاره‌مانی شه‌ری ویتنام و پاڵێوراوی پێشووی حیزبی كۆماری بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2008 دا بوو كه‌ پاش دوو ساڵ به‌ربه‌ره‌كانێی دژوار له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی مێشك، سه‌رئه‌نجام ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ كۆچی دوایی كرد. 

كورته‌یه‌ك له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی جۆن مه‌ككین ده‌رباره‌ی كوردستان و پێشمه‌رگه‌‌:

10ی مای 2011:
جۆن مه‌ككین، ئه‌و كات‌ پاڵێوراوى پارێزگاره‌كان بوو، سه‌ردانى شارى هه‌ولێرى كردو دواى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانى، داوای كرد، په‌له‌ بكرێت له‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى عێراق و وتی: بارزانى رۆڵێكى سه‌ره‌كى هه‌یه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و لێكتێگه‌یشتنانه‌ى له‌ عێراقدا دێنه‌ ئاراوه‌.

10ی ئاگوستی 2014:
جۆن مه‌ككین له‌ وتووێژێك دا له‌گه‌ڵ كاناڵی سی ئێن ئێن، ره‌خنه‌ى له‌ سیاسه‌تى ئۆباما سه‌باره‌ت به‌ داعش گرت و رایگه‌یاند، بۆردومانى ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر داعش كاریگه‌رییه‌كى ئه‌وتۆى نییه‌و پێویسته‌ كورد له‌ عێراق و سووریا راسته‌وخۆ پڕ چه‌ك بكرێن.

پێویسته‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى سه‌ربازى به‌ په‌له‌ ره‌وانه‌ى هه‌ولێر بكه‌ین و پشتگیرى هێزى پێشمه‌رگه‌ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به‌ره‌نگارى داعش ببێته‌وه‌.

27 دێسێمبه‌ری 2014:
مه‌ككین له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵى ئه‌لحوڕه‌ى ئه‌مه‌ریكایى رایگه‌یاند، پێویسته‌ هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ماهه‌نگیان زیاتر بكه‌ن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش.

28ی دیسێمبه‌رى2014:
 مه‌ككین رایگه‌یاند، هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ سوپاى عێراق به‌ تواناتره‌و سوپاى عێراق له‌ ئاستى پێویستدا نییه‌.

29ی ئۆكتۆبه‌رى 2016
مه‌ككین ره‌خنه‌ى توندى له‌ بۆردومانى فڕۆكه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و رۆژئاواى كوردستان گرت و رایگه‌یاند، كورد له‌ شه‌ڕى دژ به‌ داعش هاوپه‌یمانێكى به‌هێزى ئه‌مه‌ریكان و ئه‌و بۆردومانانه‌ سه‌قامگیرى نێوچه‌كه‌ ده‌شێوێنن.

15ى جانه‌وه‌ری 2017
مه‌ككین داوایكرد، ئه‌مه‌ریكا راسته‌وخۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان پڕ چه‌ك بكات به‌ بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا و ره‌زامه‌ندى له‌ به‌غدا وه‌ربگرێت.

23ی فێبراواری 2017
مه‌ككین سه‌ردانى رۆژئاواى كوردستانى كردو پشتیوانى بۆ تێكۆشانى هێزه‌ كوردییه‌كان دژ به‌ داعش دووپاتكرده‌وه‌.

16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017
هاوكات له‌گه‌ڵ له‌شكركێشى سوپا و حه‌شدى شه‌عبى به‌ره‌و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و كه‌ركووك، جۆن مه‌ككین هۆشدارى دایه‌ عه‌بادى و حكومه‌تى عێراق و رایگه‌یاند، به‌كارهێنانى چه‌كى ئه‌مه‌ریكایى له‌ دژى كورد ئه‌نجامى كاره‌ساتبارى ده‌بێت بۆتان و باشتره‌ له‌و په‌یامه‌مان به‌ باشى تێبگه‌ن.

27 ئۆكتۆبه‌رى 2017:
دواى رووداوه‌كانى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر و داگیركرانى به‌شێكى خاكى كوردستان له‌ لایه‌ن میلیشیای شێىعه‌وه‌‌، مه‌ككین داواى له‌ ئیداره‌ى تره‌مپ كرد ستراتیژێكى نوێ دابڕێژێت و پشتیوانى به‌هێز له‌ كورد بكات و رێگرى له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌ژموونى ئێران له‌ رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست به‌ تایبه‌تى له‌ عێراق و سووریا بكات. راشیگه‌یاند، ئه‌و چه‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكا داویه‌تى به‌ عێراق بۆ شه‌ڕكردنه‌ دژى داعش نه‌ك به‌كارهێنانى له‌ دژى كورد.


31ی ئۆكتۆبه‌رى 2017
مه‌كین رایگه‌یاند، بارزانى پیاوى ده‌وڵه‌تدارییه‌و كورد دۆستى راسته‌قینه‌ى واشنتنن.
مه‌كین ستایشى رۆڵ و رێڕه‌وى ژیانى سیاسى سه‌رۆك بارزانى كرد و رایگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ى بارزانى بۆ درێژنه‌كردنه‌وه‌ى ویلایه‌تى سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى، بڕیارێكى ئازایانه‌یه‌و بڕیارى پیاوێكه‌ كه‌ رێڕه‌وى ژیانى پڕ له‌ تێكۆشانه‌ له‌ پێناو مافى نه‌ته‌وه‌كه‌ى و بارزانى كه‌سایه‌تییه‌كى بوێره‌و ته‌مه‌نى له‌ پێناو ئامانجى نه‌ته‌وه‌كه‌ى ته‌رخانكردووه‌.
هیواشى خواست، هه‌رێمى كوردستان له‌ دوژمنكارى دره‌ودراوسێكانى پارێزراو بێت.

8ی نۆڤێمبه‌رى 2017
له‌ وته‌یه‌كدا كه‌ له ‌به‌رده‌م كۆنگرێس پێشكه‌شی كرد، مه‌ككین پشتیوانى له‌ كورد و هه‌رێمى كوردستان كرد و رایگه‌یاند، ئێران له‌ رێى فه‌یله‌قى قودسى سه‌ر به‌ قاسم سوله‌یمانییه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ناكۆكى له‌ نێوان كورد و به‌غدا درووست بكات و هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراق بكاته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ به‌هێزكردنى هه‌ژموونى خۆى.

مه‌ككین سه‌باره‌ت به‌ بێده‌نگى ئیداره‌ى تره‌مپ له‌ ئاست رووداوه‌كانى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر ره‌خنه‌ى له‌و ئیداره‌یه‌ گرت و گوتى: ناڕوونى سیاسه‌تى تره‌مپ له‌ عێراق و سووریا رێى خۆشكردووه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى بۆشاییه‌كه‌ له‌ لایه‌ن میلیشیا ئێرانییه‌كانه‌وه‌.

مه‌ككین به‌ یه‌كێك له‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌ تونده‌كانى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌و سه‌ربازى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ هه‌ژمار ده‌كرا و ره‌خنه‌ى زۆریشى له‌ تره‌مپ ده‌گرت به‌ هۆى ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتن ئه‌نجامیدا، به‌و پێیه‌ى پوتن، مه‌كینى وه‌ك دوژمنى دێرین ناوده‌بات.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.