Erbil 10°C یەکشەممە 29 کانونی یەکەم 09:27

خوێندنى کوردى لە کەرکوک تووشى قەیران دەبێت

هۆکارەکەشى بۆ نەمانى دەسەڵاتى کوردى دەگه‌رێتەوە
کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرى خوێندنى کوردى لە کەرکوک، دەڵێت" لە دواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردووەوە، خوێندنى کوردى لەو شارە لاواز بووە، هۆکارەکەشى بۆ نەمانى دەسەڵاتى کوردى دەگێرێتەوە.

رەئوف سەعدوڵا بەرێوەبەرى خوێندنى کوردى لە کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند" خوێندنى کوردى لە کەرکوک بەردەوامە، بەڵام هەندێک لە خوێندکارە کوردەکان ڕوو لە خوێندنى عەرەبى دەکەن."

وتیشى" ژمارەیەکى زۆرى خوێندکارى کورد ئاوارە بوون و ئێستا لە شارەکانى سلێمانى و هەولێرن."

بەپێى ئامارە فەرمیەکان، لە ئێستادا نزیکەى 81 هەزار خوێندکارى کورد لە کەرکوک لەخوێندنى کوردى دەخوێنن، لە کاتێکدا پێش 16 ى ئۆکتۆبەر ژمارەى خوێندکارانى خوێندنى کوردى 100 هەزار خوێندکار بووە، بەم پێیە نزیکەى 20 هەزار خوێندکار بەهۆى ئاوارە بوونى کەس و کاریانەوە، کەرکوکیان جێهێشتووە.

سەبارەت بەهۆکارى ڕووکردنە خوێندنى عەرەبى لەلایەن خوێندکارە کوردەکانەوە، رەئوف سەعدوڵا، دەڵێت" حکومەتى هەرێم لە کەرکوک نەماوە، خوێندکارە کوردەکان وا هەست دەکەن دوا رۆژ لەگەڵ خوێندنى عەرەبی دایە."

خوێندنى کوردى لە کەرکوک کەوتۆتە نێوان بەرداشى هەرێم و بەغدا، مامۆستاکانى کە ژمارەیان 7 هەزار و شەشسەد و پەنجا مامۆستایە، لەسەر وەزارەتى پەروەردەى هەرێم میلاکن، بەڵام قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکان سەربە حکومەتى عێراقن، پرۆگرامى خوێندنیشیان لە هەرێمەوە دادەنرێت.

بەرێوەبەرى خوێندنى کوردى لە کەرکوک، ئاماژەى بەترس و دڵەراوکێى مامۆستایانى خوێندنى کوردى کرد لە کەرکوک و وتى" ئێمە میلاکمان لەسەر هەرێمە، بەڵام لەقوتابخانەکانى سەربە بەغدا وانە دەڵێینەوە، واتە بە تەنسیب دادەنرێین و هیچ مافێکى یاساییمان لەشارى کەرکوک نیە."

خوێندکارانى خوێندنى کوردى لە کەرکوک، دواى تەواوکردنى قۆناغى ئامادەیى لەزانکۆکانى هەرێم و بەغداش وەردەگیرێن، بەڵام زۆربەیان ڕوو لەزانکۆ و کۆلێژەکانى کەرکوک دەکەن و درێژە بەخوێندن دەدەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.