Erbil 10°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 18:49

نزیکبوونه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربان جووڵه‌ی خستۆته‌ نێو بازاڕی ئاژه‌ڵانی هه‌ولێر

ھێشتا بازاڕه‌كه‌ وه‌كو چه‌ند ساڵی رابردوو نییه‌
کوردستان TV
#7
100%

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربان و گه‌ڕانه‌وه‌ی حاجییان له‌ مه‌ككه‌ی پیرۆز ساڵانه‌ له‌ ھه‌رێمی كوردستان خانه‌واده‌یه‌كی زۆر قوربانیی ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئاژه‌ڵان جوڵه‌ی تێده‌كه‌وێت .

له‌مباره‌یه‌وه‌ ته‌حسین حه‌مه‌دئه‌مین ، یه‌كێك له‌ فرۆشیاره‌كانی نێو بازاڕه‌كه‌ رایگه‌یاند: لێره‌ ھه‌موو جۆره‌ ئاژه‌ڵێكی گه‌وره‌ و بچووك كه‌ بۆ قوربانی ده‌شێن ده‌ستده‌كه‌وێت، ئێستاش ھێشتا بازاڕه‌كه‌ وه‌كو چه‌ند ساڵی رابردوو نییه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕوانیین له‌ چه‌ند رۆژی داھاتوو كڕین و فرۆشتن زیاتر بێت.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: بازاڕی ئێمه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ھاتنه‌وه‌ی حاجییه‌كان و مزگه‌وته‌كانیشه‌وه‌ ھه‌یه‌، ئه‌گه‌ر مه‌لای مزگه‌وته‌كان زیاتر قسه‌ له‌سه‌ر قوربانیكردن بكه‌ن و باس له‌ پیرۆزی ئه‌و كاره‌ بكه‌ن ئه‌وا خه‌ڵك زیاتر قوربانی ده‌كات و فرۆشتنیش زیاتر ده‌بێت، ئێستا نرخی كیلۆیه‌ك له‌ ئاژه‌ڵی گه‌وره‌ به‌تایبه‌ت جوانه‌گا نزیك به‌ پێنج ھه‌زار دینار ده‌بێت.

هه‌روه‌ها غازی قه‌پان له‌نێو مه‌یدانی ئاژه‌ڵان سه‌رقاڵی رێكخستنی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ بوو كه‌ فرۆشرابوون و كێشان ده‌كران، گوتی : جه‌ژنی قوربان كاریگه‌ریی زۆره‌ له‌سه‌ر بازاڕ، فرۆشیاران و خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان ساڵێك ئاژه‌ڵه‌كانییان راده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی له‌م جه‌ژنه‌دا بیانفرۆشن، ئه‌مساڵ ئاژه‌ڵ له‌م بازاڕه‌ زۆر زۆره‌، به‌ڵام كڕیار كه‌مه‌، ئاژه‌ڵه‌كانیش ھه‌رزانن، نرخی كیلۆی ئاژه‌ڵی بچووك نزیكه‌ی سێ تا سێ ھه‌زار و ٥٠٠ دیناره‌، ره‌شه‌وڵاخیش به‌ نزیك به‌ پێنج ھه‌زار دیناره‌.

گوتیشی : ئێستا ئاژه‌ڵی ئه‌م بازاڕه‌ له‌چه‌ندین شوێنه‌وه‌ دێن، له‌ سووریاوه‌ به‌پله‌ی یه‌كه‌م، له‌ ئێرانه‌وه‌، له‌ جۆرجیا و له‌ شوێنی دیكه‌شه‌وه‌ وه‌كو ھیندستانیش دێت، ئه‌وان نرخییان ھه‌رزانتره‌ به‌راورد به‌ نرخی ئاژه‌ڵی خۆمانه‌ و ئه‌وه‌ی زیاتر ده‌فرۆشرێت ئاژه‌ڵی عێراقییه‌ ئه‌گه‌رچی نرخه‌كه‌شی كه‌مێك گرانتره‌ له‌چاو ئه‌وانی دیكه‌، به‌ڵام زیاتر خواستی له‌سه‌ره‌.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.