له درێژه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی دۆسییه‌ی تایبه‌ت به تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵیی بینیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل، پۆلیسی ئه‌م وڵاته جارێكی دیكه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ناوبراو كرد.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه رۆژی هه‌ینی دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیس رۆیشتوونه‌ته به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی ناتانیاهۆ، هاوكاتیش گروپێك له هاوڵاتییانی ئیسڕائیلیی به‌رامبه‌ر به ماڵه‌كه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌ته‌وه و به وتنه‌وه‌ی درووشم خوازیاری به‌رقه‌راریی دادپه‌روه‌ریی بوونه.
راگه‌یاندنه‌كانی ئیسڕائیل ده‌ڵێن: لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی رۆژی رابردووی ئیسڕائیل سه‌باره‌ت به دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵیی په‌یوه‌ندیدار به كۆمپانیای زه‌به‌لاحی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسڕائیل بووه كه ناوی " بیزاك "ـه. به‌ڵام پۆلیس تا ئێستا سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته هیچ لێدوانی نه‌داوه.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه دوو كه‌س له متمانه پێكراوانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل سه‌باره‌ت به دۆسییه‌كه لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه.
ناتانیاهۆ تۆمه‌تباره به‌وه‌ی هه‌ندێك رێسای له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و كۆمپانیایه له وڵاته‌كه‌دا چه‌سپاندووه و له به‌رامبه‌ریشدا كۆمپانیاكه له ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی خۆیدا یارمه‌تیی ناوبراوی داوه تا له پڕۆسه سیاسییه‌كاندا سه‌ركه‌وتنی زیاتر به‌ده‌ست بهێنێت.
بینیامین ناتانیاهۆ له‌گه‌ڵ سێ تۆمه‌تی جیاجیای گه‌نده‌ڵیی دارایی به‌ره‌وڕوویه، به‌ڵام تا ئێستا هه‌رسێك تۆمه‌تی ره‌تكردووه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه / ده‌نگی ئه‌مریكا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.