Erbil 12°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 05:26

 خاتوون "حه‌بێ خان" بناسه‌

هه‌میشه‌ مایه‌ی ڕێز و حورمه‌تی خه‌ڵك ده‌بێت.
کوردستان TV
100%

حه‌بێ خان، كچی كه‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گی حه‌مه‌ پاشای جاف یه‌كێكه‌ له‌ ئافره‌ته‌ بلیمه‌ت و ناوداره‌كانی مێژووی هاوچه‌رخمان . ئه‌م خاتووه‌ سالار و هه‌ڵكه‌وتووه‌ ساڵی 1927 له‌ كه‌لاری كۆندا چاوی به‌ ژیان هه‌ڵهێناوه‌.

له‌ سایه‌ی باوكیدا، كه‌ریم به‌گ ، سه‌رۆكی عێلی جاف ، و له‌ ئامێزی خانه‌واده‌ ناسراوه‌كه‌یاندا پێگه‌یه‌نراوه‌ و، له‌سه‌ر خۆشه‌ویستیی كورد و كوردستان و دابونه‌ریتی خێڵه‌كی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ڕه‌سه‌نی نێو كورده‌واری گۆش و په‌روه‌رده‌ كراوه‌.

حه‌بێ خان هه‌ر به‌ منداڵی له‌سه‌ر خواستی باوكی، بۆ ئه‌و قوتابخانه‌ سه‌ره‌تاییه‌ كه‌ تازه‌ له‌ كه‌لاری كۆندا دامه‌زرا بوو، نێردراوه‌ و له‌وێ وه‌كو یه‌كه‌مین كچه‌ قوتابی له‌ مێژووی ناوچه‌كه‌یدا شانبه‌شانی كوڕانی هاوته‌مه‌نی خۆی خوێندوویه‌تی. ئه‌وجا حه‌بێ خان له‌ ژێر چاودێری و ڕێنمایی باوكی و كه‌سوكاریدا، ده‌چێته‌ مه‌یدانی سوارچاكی، جریدبازی و تیرهاوێژی و تێیدا په‌یتا په‌یتا وه‌ك شۆڕه‌ سوارێكی تفه‌نگچیی شۆخ و شه‌نگ و كارامه‌ ناوبانگ ده‌رده‌كات و ده‌ناسرێت .

حه‌بێ خان به‌ وێنه‌ی كه‌ریم به‌گی بابی، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه‌ نموونه‌ی به‌خشنده‌یی و كوردپه‌روه‌ریی پێوه‌ دیار بوو، ئه‌وه‌بوو له‌ تافی لاوێتییدا، له‌ سه‌ره‌تای چله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، هه‌رچی خشڵ و زێڕێكی هه‌بووه‌ له‌ پێناوی ڕێبازی پارتی هیوادا به‌خشیویه‌تی و ده‌ستبه‌رداری بووه‌.

چونكه‌ ئه‌و ده‌مه‌ (هیوا) له‌ سنووری گه‌رمیاندا گه‌شه‌ی سه‌ندبوو، زۆر له‌ كه‌سایه‌تی و پیاوماقوڵانی ئه‌و ده‌ڤه‌ری- به‌ كه‌ریم به‌گ و خزمانیشیه‌وه‌- له‌ خۆ گرتبوو. پاشانیش، حه‌بێ خان وه‌ك زۆر له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌چێته‌ ڕیزی خه‌باتی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ و له‌ پێناوی پته‌وكردن و گه‌شه‌پێدانی ڕێكخستنه‌كانی ئه‌م پارته‌ تێكۆشه‌ره‌دا ڕۆڵێكی كوردانه‌ و مه‌ردانه‌ی به‌رچاو له‌ سنووری گه‌رمیاندا ده‌بینێت و، له‌و پێناوه‌دا چه‌ندین جار هاتووچۆی نێوان كه‌لار و كفری و خانه‌قین و به‌غدا ده‌كات ، له‌ بواری ڕێكخستنه‌كانی ئافره‌تاندا به‌ تایبه‌تی شوێنده‌ستی دیار ده‌بێت .

هه‌ر له‌و میانه‌دا حه‌بێ خان لێهاتووانه‌ شانبه‌شانی هه‌ڤاڵانیدا، له‌ چوارچێوه‌ی باره‌گای (ڕێكخراوی خه‌بات) له‌ كه‌لاردا (كۆتایی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو) كۆمه‌ڵێك ئه‌رك و چالاكیی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕۆشنبیری.. ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ساڵی 1963 پاش ئه‌وه‌ی مه‌حموود به‌گی مێردی ده‌چێته‌ ڕیزی شۆڕشه‌وه‌ له‌ سنووری قه‌ره‌داغ، حه‌بێ خان له‌به‌ر باری ناهه‌مواری كه‌لار ناچار ده‌بێت بگوازێته‌وه‌ بۆ گوندی بانسندوق (خوارووی كه‌لار)، وه‌لێ زۆری پێناچێت له‌سه‌ر دووزمانی و ڕاپۆرتی كوێخای گونده‌كه‌، حه‌بێ خان به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی چالاكی سیاسیی نهێنی له‌ پێناو پارتیدا، ڕاپێچی بنكه‌ی پۆلیسی ناحیه‌ی (قه‌ره‌ ته‌په‌) ده‌كرێت و ڕووبه‌ڕووی لێكۆڵینه‌وه‌ و سه‌ر ئێشه‌یه‌كی زۆر ده‌بێت.

حه‌بێ خان و مه‌حموود به‌گی مێردی

سه‌رئه‌نجام به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كه‌، چونكه‌ پیاوچاكێكی سه‌ر به‌ هۆزی (عه‌زه‌ی) عه‌ره‌بی ده‌بێت و ڕێزی زۆر له‌ به‌گزاده‌كانی جاف ده‌گرێت، هه‌وڵی خۆی ده‌خاته‌ گه‌ڕ و حه‌بێ خان له‌و كێشه‌یه‌ ده‌رباز ده‌كات.

ئیدی حه‌بێ خان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌لار و سه‌ر له‌ نوێ له‌وێنده‌ر نیشته‌جێ ده‌بێته‌وه‌ و تا دواساته‌كانی ته‌مه‌نی هه‌مان ڕێبازی كوردانه‌ و مرۆڤانه‌ی نه‌گۆڕی خۆی په‌یڕه‌و ده‌كات و، به‌هۆی خه‌سڵه‌ته‌ به‌رزه‌كانییه‌وه‌ وه‌ك: ڕاستگۆیی، به‌خشنده‌یی، خواپه‌رستی، هه‌ژار دۆستی، میهره‌بانی، خۆشمه‌عشه‌ری، هه‌قبێژی، بوێری....

هه‌میشه‌ مایه‌ی ڕێز و حورمه‌تی خه‌ڵك ده‌بێت. نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت كه‌ حه‌بێ خان وه‌ك زۆر له‌ نه‌وه‌كانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئه‌ده‌بدۆست و شیعربێژ بووه‌، له‌ كات و بۆنه‌ی جیاجیادا كۆمه‌ڵێك هه‌ڵبه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و لاواندنه‌وه‌ی به‌پێز و هه‌ستبزوێنی هۆنیوه‌ته‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆ له‌به‌ر پێشكه‌شی خزم و دۆست و بیسه‌رانی كردووه‌.

وه‌لێ، (مخابن) زۆربه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ بزربوون و به‌ ده‌ستمان نه‌گه‌یشتوون. ئه‌وانه‌شیان كه‌ ماون هێشتا تۆمارنه‌كراون به‌ڵكو ده‌ماوده‌م ده‌گوترێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا شیعره‌كانی مینه‌ جافی برای به‌هۆی تۆماركردنیانه‌وه‌، گه‌یشتنه‌ ده‌ستی مامۆستا مسته‌فا نه‌ریمان و ساڵی (1990) له‌ دیوانێكی قه‌شه‌نگدا به‌ چاپی گه‌یاندن و كه‌وتنه‌ به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ران.

 

سه‌رچاوه‌/ جامی كوردی

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی

 

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.