ن/ سیروان سیرینی *
ئه‌م نووسیهنه به‌ره‌نجامی ئه‌و سهردانهمانه، كه له‌سه‌ره‌تایی ساڵی ڕابردوو، وه‌كو سه‌رۆكی شاندی لیژنه‌ی په‌روه‌رده، له ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌رانی عێڕاق، له‌سه‌ر داوای (ڕێكخراوی جایكا)ی ژاپۆنی بۆ وڵاتی ژاپۆن كردمان. له‌و سه‌ردانه‌دا كۆمه‌ڵێك دیداری فه‌رمیمان ئه‌نجامدا و له‌گه‌ڵ چه‌ند په‌رله‌مانتارێك و بریكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن و به‌رپرسانی جایكا و سه‌رۆكی هێرۆشیما كۆبووینه‌وه و له‌مه‌ڕ دۆخی پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردنه‌وه قسه و باسی زۆرمان كرد. به پێویستم زانی پهروهردكارانی كوردستان به ناوه‌ڕۆكی به‌شێكی ئه‌و چالاكییه دبلۆماسیی و سه‌ردانه و ئه‌زمونی ژاپۆن ئاشنابكهین.
ئامانجی سه‌ره‌كیی سهرهدانهكهمان بۆ ئاشنابوون به لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی و ئه‌زمونی ژاپۆن بوو، له تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كانیان. له‌ماوه‌ی (150) ساڵی ڕابردوودا، ژاپۆن ڕووبه‌رووی چه‌ندان كاره‌ساتی سروشتی و خوێناویی بۆته‌وه، به‌ڵام نهێنیی سه‌ركه‌وتنه‌كان و پێشڤه‌چوونه‌كانی ژاپۆن چی بووه، تا له ماوه‌یێكی پێوانه‌ییدا ببێته یه‌كێك له وڵاته هه‌ره پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان و گه‌وره‌ترین خزمه‌ت به كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی بكات؟ له وه‌ڵامدا، ده‌توانین ئاماژه به دوو هۆكاری سه‌ره‌كی بكه‌ین:
یه‌كه‌م: ڕۆلی ئه‌رێییانه‌ی سه‌ركرده و كۆمه‌ڵگه به‌گشتی و خۆبه‌خاوه‌نزانین و خه‌مخۆریی و وه‌لانانی تۆڵه و كینه و لێبورده‌یی و ڕێزگرتنی یه‌كدی و قوربانیدان و كاری به‌رده‌وام و خۆبه‌خشی.
دووه‌م: بایه‌خدان به بواری په‌روه‌رده:
به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیی ورد و له كاتی سه‌ردانی مه‌یدانی و دیدار و كۆبوونه‌وه و به‌شداریكردنمان له كۆمه‌ڵێك سیمناری تایبه‌ت به په‌روه‌رده‌وه، بۆمان ده‌ركه‌وت، كۆڵه‌گه‌ی بنه‌ڕه‌تی و نهێنیی سه‌ركه‌وتنی ژاپۆن، په‌یوه‌سته به سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی ژاپۆنی، كه به پاڵپشتیی سیاسه‌تمه‌داران و سه‌ركرده و كۆمه‌ڵگه و پسپۆرانه‌وه توانراوه بایه‌خی زۆر به په‌روه‌رده و فێركردنه‌وه بدرێت. لێره‌دا گه‌ر به‌كورتیش بێت تیشك ده‌خه‌ینه‌سه‌ر سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی له ژاپۆن، به‌و هیوایه‌ن به‌رپرسان و په‌روه‌رده‌كاران سود له‌و ئه‌زموونه وه‌ربگرن:
سیسته‌م و ستراكته‌ری په‌روه‌رده‌ی ژاپۆن له‌ڕووی پێكهاته و قۆناغبهندییهوه
هاوشێوه‌ی سیسته‌می وڵاتی ئێمه‌یه: (6×3×3). بۆ كولێژیش (4 ساڵ) و كولێژی پزشكی و ئه‌ندازیاریش (6 ساڵ)ه له دوای ته‌واوكردنی دواناوه‌ندیی، جیاوازیی نێوان ئێمه و ئه‌وان، له شێوازی جێبه‌جێكردن و وانهوتنهوهدایه، له‌وێ بایه‌خی زیاتر به وانه‌ی به كۆمه‌ڵ و وانه‌كانی هونه‌ر و موزیك و وه‌رزش و یاری كه‌لتوریی و هونه‌ره‌جوانه‌كان ده‌درێت و شێوازی سه‌رنجڕاكێش و پڕ له شادومانی و هاندان و بۆ مناڵان ده‌ڕه‌خسێنرێت، له‌پێناوی فێربووندا. واته به هیچ شێوه‌یێك فشاری ده‌روونیی ناخه‌نه سه‌ر مناڵ و قوتابییان. ده‌رفه‌ت به هه‌مووان ده‌درێت به‌شداری چالاكییه‌كانی ڕۆژانه‌ی نێو قوتابخانه بكه‌ن.
ژاپۆنییه‌كان پێانوایه بهرپرساریێتی بۆ هه‌مووانه، كه به‌شداری بكه‌ن له پڕۆسه‌ی پێشڤه‌بردنی تێكرای سێكته‌ره‌كانی ژیان له‌ڕووی ئابووری و سیاسی و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و داهێنانی به‌رده‌وام و گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تی و دروستكردنی هه‌ستی خۆڕاگری و به‌رگه‌گرتن له كاتی كاره‌سات و حاڵه‌تی نه‌خوازراو و له‌ناكاودا.
شێوازی خوێندن له‌وێ چۆنه:
یه‌كه‌م: خوێندن بۆ ژاپۆنییه‌كان ئلزامیی و به‌خۆڕایی و گشتگیره.
دووه‌م: منداڵ باری بژێوی له هه‌ر ئاستێكدا بێت، حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده هه‌مان ده‌رفه‌تی بۆ دابینده‌كات.
سێیه‌م: دوای ته‌واوكردنی خوێندنی ناوه‌ندیی، قوتابی ده‌توانێت بچێته په‌یمانگه و كولێژه ته‌كنیكییه‌كان، بۆ فێربوونی پیشه له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی كاردا.
چواره‌م: په‌رتوكی خوێندن به‌بێ به‌رامبه‌ره و هاوكات ژه‌مه‌خۆراكی نیڤڕۆی قوتابییان له‌ئه‌ستۆی دایبابانه و یاسای تایبه‌ت هه‌ن بۆ پشكنینی په‌رتوكه‌كانی قوتابخانه.
پێنجه‌م: له قوتابخانه‌كاندا په‌رتوكخانه‌ی تایبه‌ت هه‌یه و قوتابییان هانده‌درێن، تا له ماوه‌ی ساڵێكدا زیاتر له (100 په‌رتوك) بخوێننه‌وه و له‌بری ئه‌وه‌شدا خه‌ڵات و بڕوانامه‌ی ڕێزلێنانیان پێ ده‌به‌خشرێت.
شه‌شه‌م: هه‌ر ڕۆژه یه‌كێك له قوتابییه‌كان ده‌بێته چاو‌دێر و سه‌رپه‌رشتی پۆل، بۆئه‌وه‌ی هه‌مووان هه‌ست به به‌رپرسیاریێتی بكه‌ن و ڕۆلی "لیدهرشیب" ببینن و ده‌رفه‌تی فێربوونیان هه‌بێت و له‌ڕووی ده‌روونیشه‌وه هه‌ست به كێماسی و فه‌رامۆشی نه‌كه‌ن و له‌ڕووی خودی و كه‌سێتییه‌وه به به‌هێزییه‌وه بنیاتبنرێن.
حه‌وته‌م: منداڵ ده‌بێت زوو بخه‌وێت و زووش لهخهوڕابن و له‌گه‌ڵ بایه‌خدان به ژه‌می به‌یانییان.
هه‌شته‌م: له‌ماوه‌ی ساڵی خوێندندا (35 كاتژمێر) بۆ كاری به كۆمه‌ڵ و چالاكیی قوتابخانه و یاری ته‌رخانكراوه، واته له هه‌ر هه‌فته‌یه‌كدا (1 كاتژمێر). هاوكات (30 كاتژمێر)ی دیكه‌ش بۆ چالاكییه‌كان ته‌رخانكراوه له‌ده‌ره‌وه‌ی كاته‌كانی قوتابخانه‌دا.
په‌روه‌رده له ژاپۆن "ته‌ركیز- فۆكس" ده‌كاته سه‌رئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه
1- ڕه‌وشت.
2- لایه‌نی مه‌عریفی (فێربوون و زانست و پیشه و كۆمه‌ڵایه‌تی).
3- بایهخهدان له‌ڕووی فیسیۆلۆژی و ته‌ندروستیی جه‌سته‌یی و ده‌روونی.).
له زۆربه‌ی پۆله‌كاندا له‌سه‌ر تابلۆیێك به‌گه‌وره‌یی چوار ئامانجی بنه‌ڕه‌تی په‌روه‌رده‌ی ژاپۆن نووسراون، كه بریتین له‌مانه:
ئامانجی یه‌كه‌م: كه‌سایه‌تیی قوتابی به‌هێزبێت.
ئامانجی دووه‌م: قوتابی فێری سه‌برگرتن و ئارامی ببێت.
ئامانجی سێیه‌م: قوتابی فێربكرێت پۆزه‌تیڤانه بیربكاته‌وه.
ئامانجی چواره‌م: قوتابی ڕێز له هه‌ست و بۆچوونی ئه‌وانی دی بگرێت.
فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌ی ژاپۆن سه‌ركه‌وتوو بووه، چونكه (سه‌رنجی منداڵان بۆ خۆی ڕاده‌كێشێت) و له ئاكامی وانه‌كاندا شادی و خۆشی دهبهخشێه قوتابییان و به‌هۆی ئاوێته‌بوونی مامۆستا له‌گه‌ڵ منداڵاندا و دابه‌زین بۆ ئاستی ئه‌وان و به‌شداری پێكردنیان له چالاكیی وه‌رزشی و هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی و زانست و كاری هاوبه‌ش و به‌كۆمه‌ڵدا.
ڕۆڵی سه‌ركرده و به‌رپرسان كاریگه‌ریی ئه‌رێنی له‌سه‌ر پێشڤه‌چوونی ژاپۆندا هه‌بووه.
بۆ نموونه سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی ژاپۆن "كاكۆتی ته‌نه‌كا"، بایه‌خی زۆری به مامۆستایان داوه و بڕیاری دا مووچه‌ی مامۆستایان بكرێته دوو به‌رامبه‌ر و كۆمه‌ڵێك ده‌رماڵه و ئیمتیازاتی بۆ ده‌سته‌به‌ركردن. ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی سیسته‌مێكی په‌روه‌رده‌یی واقعی و تۆكمه و به‌رهه‌مهێنه‌ر دابمه‌زرێنن و له ڕێیه‌وه ژاپۆن توانی له تێكڕایی قه‌یرانه ئاینی و سیاسی و شه‌ڕ و كاره‌ساته سروشتییه‌كان ده‌ربازی بێت و كۆمه‌ڵێك ڕیفۆڕمی بنه‌ڕه‌تیی له تێكڕای سێكته‌ره‌كانی ژیاندا بكات.
هه‌ندێك مامۆستا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان قوتابییانی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی تێكه‌ڵ به‌یه‌كدی بكه‌ن، به‌تایبه‌تیی له چالاكیی وه‌رزشیدا، له میانه‌ی ئه‌و تێكهڵبوونهدا مناڵان له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سێتییه‌وه گه‌شه‌ده‌كه‌ن و سڵاو و ڕێز ئاڵوگۆڕده‌كه‌ن و هه‌ست به بوونی خۆیان ده‌كه‌ن. هاوكات له كۆتایی ساڵدا مامۆستایانی كۆمه‌ڵێك له قوتابخانه‌كان به‌یه‌كه‌وه كۆده‌بنه‌وه و ئاڵوگۆڕی ئه‌زمون و زانیاریهكانییان ده‌كه‌ن و له یه‌كدییه‌وه فێرده‌بن.
بابه‌تی "ڕه‌وشت" له هه‌موو قوناغه‌كانی خوێندندا ده‌خوێندرێت.
بۆ نموونه له پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تاییدا، بۆئه‌وه‌ی قوتابییان بتوانن سه‌ركه‌وتوو بن و بچنه قۆناغی دواتر، مامۆستا داوایان لێ ده‌كات به گرووپ دابنیشن و هه‌ر یه‌كه‌یان (9 پێشنیار) به‌پێی ڕێزبه‌ندی بنوسێت، كه له‌ڕووی ڕه‌وشت و ئاكاره‌وه هه‌ر تاكێك پیوێسته هه‌ی بن و ڕه‌چاوبكرێن تاكو بتوانن له پۆلی پێنجه‌مدا بۆ پۆلی شه‌شه‌م سه‌ركه‌وتوو بن. بۆ نموونه ئه‌مانه پێشنیاری یه‌كێك له قوتابییه‌كانن: (دسپلین واته پابه‌ندبون به یاسا و ڕێساكانی قوتابخانه و كۆمه‌ڵگه. ڕێزگرتن له هه‌مووان. هه‌مووانیش له‌پێناوی یه‌ك. ڕه‌چاوكردنی هه‌ستی ئه‌وانی دی. هاوڕێیه‌تیكردن له‌گه‌ڵ زۆرینه‌دا. به‌كارهێنانی شێوازی ته‌ندروست و ڕێزدارانه له كاتی قسه‌كردندا. هاریكار به. پێشنیاری باش بخه‌ڕوو. هه‌روه‌ها ڕێز و سڵاو بۆ هه‌مووان پێشانبده).
له ساڵێكی خوێندندا قوتابی پێنچ ئه‌زمون ده‌كات
ئه‌زمونی بهكهلۆریا بۆ پۆلی شه‌شه‌م نییه، به هیچ شێوه‌یێك (كه‌وتن) نییه، به‌ڵام كه قوتابی له وانه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ڕێگه‌ی ده‌درێتێ بچێته قۆناغی دواتر، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك ڕاهێنان و خولی هاوینه له قوتابخانه و ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه هه‌ن، چه‌ند چالاكیی هه‌ن، پێویسته تێیاندا به‌شداربێت، تا بتوانێت له‌و ماده‌یه‌دا فێرببێت و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت.
قوتابیان له‌سه‌رچی راده‌هێندرێن
قوتابییان له پۆلی یه‌كه‌مه‌وه بۆ دواناوه‌ندیی، به‌خۆیان خزمه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن و چێشت دابه‌شده‌كه‌ن و ئه‌ركی پاككردنه‌وه‌ی ناو پۆل و قوتابخانه ده‌گرنه ئه‌ستۆ. به‌ڵێ ئه‌م په‌روه‌رده‌یه وای كردووه، تاكی ژاپۆنی به‌یانییان كاتێ له ماڵ دێنه‌ده‌ره‌وه و به جلی پاك و جوان، به‌رله‌وه‌ی به‌ره‌و كار و ئۆفیسه‌كانیان به‌رێ بكه‌ون، به‌رده‌م ماڵی خۆیان و شۆسته و جاده پاكده‌كه‌نه‌وه ئینجا ده‌چن بۆ سه‌ر كار و ده‌وام!
له‌دوای ساڵی (1945) له ژاپۆن خه‌ڵكی سه‌رقاڵی سه‌ربازیی بوون و وڵاتیش له‌دوای جه‌نگه‌وه خاپور و وێران ببوو. بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان زۆر پێویستییان به كرێكاری شاره‌زا هه‌بوو، ئه‌وه بوو كۆمه‌ڵێك كولێژی ته‌كنیكی و پیشه‌یییان دامه‌زراندن، بۆئه‌وه‌ی لاوانیان تێدا فێری پیشه و كاركردن بكه‌ن، تا ئه‌مڕۆكه‌ش بایه‌خ هه‌ر به‌م كولێژانه ده‌درێت. ئێستاش له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كاندا قوتابییان و لاوان له بواری پیشه‌یی و ته‌كنیكیدا ده‌خوێنن، تا فێری كار و پیشهیێك ببن بۆ ده‌ستخستنی كار، نه‌وه‌ك خوێندن له‌پێناوی به‌دیهێنانی بڕوانامه‌دا! بۆ نموونه له ئه‌ڵمانیا ڕێژه‌یی (85%) له بواری ته‌كنیكی و پیشه‌یی ده‌خوێنن و ته‌نیا له (15%) له بواری خوێندنی باڵا و ئه‌كادیمی ده‌خوێنن.
په‌روه‌رده‌ی ته‌ندروست و به‌هێزی ژاپۆن تاكه‌كانی فێری كاری هاوبه‌ش و خۆبه‌خشانه كردووه. خه‌سڵه‌تی ژاپۆنییه‌كان وه‌ك شانه‌ی مێشهه‌نگه، بۆیه بهرههمكانیشیان كوالێتی به‌رز و باشترینن. هونه‌رمه‌ندان و پیشه‌وه‌ران و ئه‌ندامانی سنوری شاره‌وانییه‌كان هه‌میشه هه‌وڵده‌ده‌ن به‌جۆرێك له جۆره‌كان خۆبه‌خشانه، به‌شداربن له‌و پرۆسه په‌روه‌رده‌ییه و پاڵپشتیكردنی قوتابخانه‌كان. هه‌ر نه‌بێت چاودێری و سه‌لامه‌تی قوتابییان له‌ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه به به‌رپرسیاریێتییه‌وه له‌ئه‌ستۆده‌گرن. هه‌ندێك له‌و خه‌ڵكانه دێن مناڵان فێری یاری كه‌له‌پوریی ژاپۆنی ده‌كه‌ن، هونه‌رمه‌ندانی نیگاركێش به‌شدارن له فێركردنی و چۆنیه‌تیی نیگاركێشان و به‌كارهێنانی ڕه‌نگه‌كان...
له‌ئێستاوه حكومه‌ت و پسپۆڕانی ژاپۆنی دیراسه‌ی باری په‌روه‌رده‌یی ده‌كه‌ن و پلان بۆ (2030 تا 2060) داده‌ڕێژن، به‌پێی خوێندنه‌وه‌یان و به‌هۆی مناڵنهخستنهوهوه، پێشبینی ده‌كه‌ن بۆ (2030) نزیكه‌ی (20 ملیۆن كه‌س) له ژاپۆن كه‌مبكات، واته ڕێژه‌یی قوتابییان كه‌مده‌بێته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌ی ژاپۆنی پیرده‌بێت!
دوای ئه‌و كاره‌سات و تراژیدیانه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی ژاپۆندا هاتن و هاوكات ململانێكانی له‌گه‌ڵ چین و كۆریا و ئه‌مه‌ریكا، لێ بایه‌خدانی ژاپۆن به ڕۆحی لێبورده‌یی و په‌روه‌رده‌ی ئاشتی و خۆشه‌ویستی له‌نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا و وه‌لانانی ڕق و تۆڵه‌سه‌ندنه، ڕازێَكی مه‌زنی دیكه‌ی سه‌ركه‌وتنی ژاپۆنن
*سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده له په‌رله‌مانی عێراق
كوردستان تیڤی/ كامران حاجی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.