جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە حكومەتی توركیا دەكات ئاسمانی نێوان توركیا و سلێمانی بكاتەوەو لەبەر هەڵوێستی لایەنێكی سیاسی سزایی خەڵكی سلێمانی نەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە لەمیانەی ڕێوڕەسمی كردنەوەی تێرمیناڵی نوێی فڕۆكەخانەی سلێمانی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند" لەماوەی ڕابردوودا لەبەر مەرامی سیاسی تۆمەتی ناڕەوا ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكرا كە گوایە پابەند نین بە ڕێنمایەكان و بوون بە دەروازەیەك بۆ كاری نایاسایی، دواتر تیمی پشكنینی فڕۆكەوانی عێراق ڕەتی ئەو تۆمەتانەیان دایەوە و فڕۆكەخانەی سلێمانیان وەسف كرد وەك باشترین فڕۆكەخانە لەسەر ئاستی عێراقدا.
هەروەها ووتیشی" فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەرفەتێكی گەورەیە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار و لەبەر بارودۆخی دوێنێ و ئەمڕۆی كوردستان و عێراق سودەكانی نەبینراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد" دۆخی هەرێمی كوردستان هەروا بەم شێوەیەی ئێستا نامێنێت و ئابووری كورستان بەهێز دەبێتەوە.
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داواشی لە حكومەتی توركیا كرد ئاسمانی نێوان توركیا و سلێمانی بكاتەوەو چیتر لەبەر هەڵوێستی لایەنێكی سیاسی كە تەنها هاوسۆزی و پشتگیركردنی هاونەتەوەیی خۆی بووە سزایی خەڵكی سلێمانی نەدات و خەڵكی سلێمانی بەشێك نین لە ململانێ سیاسیەكان.
جێگای ئاماژە بۆكردنە توركیا چەند جارێك لایەنێكی سیاسی لە پارێزگای سلێمانی تۆمەتبار كردووە بە هاوكاریكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان لەكاردانەوەشیدا گەشتەكانی فڕۆكەخانەكانی وڵاتەكەیەتی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕاگرت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.