Erbil 16°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 14:34

وەزارەتی پێشمەرگە: پێویستە لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا دۆسیەی پێشمەرگە چارەسەر بکرێت 

وەزارەتی پێشمەرگە: ئەمریكا لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە بەردەوامە
کوردستان TV
100%

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، كه‌ پێویستە لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا دۆسیەی پێشمەرگە چارەسەر بكرێت و ئەو كێشەیە لەنێوان بەغدا و هەولێر یەكلا بكرێتەوە، ئاماژە بەوەش دەكات كه‌ ئەمریكا لە هاوكاریكردنی دارایی و پێدانی چەك و تەقەمەنی بە هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ لە بارەی ناكۆكی نێوان حكوومەتی فیدڕال و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەر دۆسیەی پێشمەرگە، رایگەیاندوە" لە دامەزراندنەوەی حكوومەتی نوێی فیدراڵ یەك لەو بابەت و دۆسیانەی كە پێویستە رێككەوتنی لەسەر بكرێت دۆسیەی پێشمەرگەیە كە كێشەیەكە لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە تائێستا چارەسەر نەكراوە، لەگەڵ بابەتی بوودجەی ھێزەكانی پێشمەرگە و چەكداركردنی ئەم ھێزانە و مەشقپێكردنیان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان ".

جەبار یاوەر ڕاشیگەیاندوە" یەك لەو بابەتانەی تر كە پەیوەندیدارە بە ھێزەكانی پێشمەرگەوە پرسی ناوچە جێناكۆكەكانە لە دیالەوە تا مووسڵ كە ئێمە داكۆكی دەكەین لەسەر ھاوبەشیكردن لە پاراستنی ئەو ناوچانە پێكەوە لەنێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەپێی ئەو میكانیزمەی پێش ساڵی ٢٠١٤ ھەبوو لەو ناوچانەدا".

لەبارەی پشكی پێشمەرگە لەو ھاوكارییانەی كە ئەمریكا بۆ سوپای عێراق دابینی دەكات، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشداوە "لە دەستپێكی شەڕی داعش و دوای پێكھێنانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەبەردەوامی ھاوكارییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی تری ھاوپەیمان بە چەند شێوازێك دەگاتە ھێزەكانی پێشمەرگە، یەك لەو شێوازانەش لە ئاسمانەوە و بەھۆی فرۆكەكانیانەوە پشتیوانی ھێزی پێشمەرگەیان كرد، لەگەڵ ھاوكاری كردنی مەشقپێكردنی ھێزەكانی پێشمەرگە كە ئێستا سەنتەرێكی مەشقی ھێزەكانی ھاوپەیمانان دامەزراوە و بەردەوامن لە مەشقپێكردن".

جەبار یاوەر ئاشكراشیكردوە" ئەمریكا بەپێی ئەو پلانەی بۆ ساڵی ٢٠١٨ دایناوە بەردەوامە لە ھاوكارییەكانی پێشمەرگە و بەمزووانەش كۆنفرانسێك بۆ پلانی ساڵی ٢٠١٩ دەبەسترێت. "

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە وتوشیەتی" تائێستا بڕی ئەو ھاوكارییە داراییەی بۆ بەشێك لە ھێزەكانی پێشمەرگە كە بەشداریان لە شەڕی داعش كرد بەردەوامی ھەیە و مانگانە دەگاتە وەزارەتی پێشمەرگە و دەدرێتە مووچەی ئەو ھێزانە، جگە لەوە ھاوكاری چەك و تەقەمەنیش تائێستا بەردەوامی ھەیە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.