Erbil 9°C شەممە 11 کانوونی دووەم 21:52

نێچیرڤان بارزانی: بەردەوام دەبین له‌سه‌ر چاککردنی بارودۆخی ژیانی ئێزدیان

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی كۆمەڵكوژی و ڕفاندنی هەزاران ئێزدى لەلایەن داعشەوە
نێچیرڤان بارزانی: بەردەوام دەبین له‌سه‌ر چاككردنی بارودۆخی ژیانی ئێزدیان
کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی ساڵیادی كۆمەڵكوژی و ڕفاندنی هەزاران ئێزدى لەلایەن داعشەوە، دەڵێ بەردەوام دەبین لەسەر ڕزگاركردن و بایەخدان بە ڕزگاركردنی ئەو ڕفێندراوانەی هێشتا ڕزگار نەكراون و ونن، هەروەها بایەخدان بە چاككردنی بارودۆخی ژیانیان، لە هەمان كاتدا داوا دەكات حكوومەتی فیدرالیی عێراق ده‌كات بە زوویی بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی بكاتەوە و ئەركی خۆی لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەدا بەجێ بگەیه‌نێت، داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكات ئەو كۆمەڵكوژییە بە شێوەیەكی فەرمی بە جینۆساید بناسێندرێت و بەشدار بن لە باشكردنی ژیانی خەڵكی شنگالدا.


ئەمەش دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە:

پەیامی ساڵیادی كۆمەڵكوژی و ڕفاندنی ئێزدییان

ئەمڕۆ ساڵیادی كۆمەڵكوژییەكی دیكەی ئێزدییانە لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە. ئەو كۆمەڵكوژییە وەك یەكێك لە دڕندانه‌ترین كۆمەڵكوژییەكانی سەدەی بیستویەك كەوتە مێژووی گەلی كوردستان و مرۆڤایەتییەوە.


لەو هێرشه‌دا بۆ سەر دەڤەری شنگال 1293 كەسی سیڤیلی دەڤەری شنگال شەهید كران، هەروەها 6417 ئێزدیش ڕفێندران كە زۆربەی زۆریان منداڵی كچ و ئافرەتن و 2745 منداڵیش بێ دایكوباوك بوون. دەیان پەرستگەی ئێزدییان وێران كران و تا ئێستا 69 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە. ئەوانە و چەندین ئامار و بەڵگەی دیكە بەسن بۆ ئەوەی پەرلەمان و حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بڕیارێكی تایبەت دان بە جینۆسایدی ئێزدییاندا بنێن.


حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەركی خۆی لە پاراستنی ئێزدییان و هاوكاریكردنی زیاتری ئاوارەكانی دەڤەری شنگال، هەروەها نووسینگەی تایبەتیمان بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ ڕزگاركردنی ڕفێندراوان كە تا ئێستا نیوەیان ڕزگار كراون و تا ڕزگاركردنی هەموو خوشك و برا ئێزدییە ڕفێندراوەكانمان ناوه‌ستین. حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی تواناكانی هەوڵی باشكردنی ژیانی ئاوارەكانی دەڤەری شنگال ده‌دات كە چەند ساڵە لە دۆخێكی ناخۆشی ئاوارەییدا دەژین.


لەو ڕۆژە خەمناكەدا بە پێویستی دەزانین حكوومەتی فیدرالیی عێراق دەستبكات بە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی دەڤەری شنگال و بەجێگەیاندنی ئەركی خۆی لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن بە شێوەیەكی ئاسایی بگەڕێنەوە سه‌ر زێدی باب و باپیرانیان.


هەروەها داوا لە دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی دژی داعش و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی دەكەین بەشدار بن لە ئاوەدانكردنەوەی دەڤەری شنگال و باشكردنی ژیانی خەڵكی ئەو ناوچەیە كە جینۆسایدكردن و لێكەوتەكانی و خراپیی گوزەران، ژیانی ئەوانی تەواو ناخۆش كردووە. ئاوەدانكردنەوە و باشكردنی ژیانی خەڵكی دەڤەری شنگال ئەركێكی هاوبەش و هەمەلایەنەیە.


لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز بۆ قوربانیان و گیانی پاكی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دادەنوێنین كە لەپێناو ڕزگاركردنی شنگالدا شەهید بوون و تێكشكاندنی داعش لە كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا لە شنگالەوە دەستیپێكرد.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
3/8/2018
 


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.