Erbil 15°C ھەینی 03 ئایار 12:55

دیندار زێباری: حکوومەتى هه‌رێم هەوڵی کەمکردنەوەی مەینەتی کوردانى ئێزدی دەدات

چوار ساڵ لەمەوبەر داعش هێرشێکی دڕندانەی کردە سەر شنگال
کوردستان TV
100%

چوار ساڵ لەمەوبەر داعش هێرشێکی دڕندانەی کردە سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ناوچە ئێزدینشینەکان و دەشتی مووسڵ، تیرۆریستان لەو هەڵمەتەدا دوور لە دابونەریتی مرۆڤایەتی هەموو جۆرە پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤیان بەرامبەر بە خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانە پیادە کرد، هەر لە کوشتن و تێکدانی ماڵەوە تا دەگاتە ڕفاندنی ژن و منداڵ و سەبیکردن و فرۆشتنیان لە مووسڵ و سووریا، هەروەها ئەم هێرشەکە بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لەو ناوچانە کە بۆ پاراستنی سەر و ماڵیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، دیندار زێباری دەڵێ، حکوومەت هەوڵی کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی ئێزدیان دەدات.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای هێرشەکانی تیرۆریستانەوە دەستی کرد بە یارمەتیدانی ئەو ئاوارانە لە هەموو ڕوویەکەوە. لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سەرەتای مانگی ئابی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر دەڤەری شنگال کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردانی ئێزدین و، لە ئەنجامدا زیانێکی زۆر بەر دەڤەرەکە کەوت. سەرەڕای بارودۆخی نالەباری ئابووری، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک دەستی یارمەتیی بۆ ڕاگوێزراوەکان کردەوە بەبێ جیاوازی و سەرەتا بە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێکردن و خزمەتگوزارییە پێویست و سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و ئاو.

زێباری باسی لە دەرهاویشتە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو هێرشەی تیرۆریستان کرد و لەو بارەیەوە گوتی: تیرۆریستان جگە لە کوشتن و وێرانکردنی ماڵ و خانووی هاووڵاتیان، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی سڤیلی ئێزدییان ڕفاند کە ژمارەیان گەیشتە ٦٤١٧ کەس و لەوانە ٣٥٤٨ کەسیان ئافرەت بوون. بۆ ڕزگارکرنی ئەو هاووڵاتییە ڕفێندراوانە نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥/١١/٢٠١٤ لیژنەیەکی تایبەتی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی كەیسی ڕفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ ڕزگارکردنیان، دوای گەڕانەوەشیان حكوومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان و دووبارەگەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا. بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەت تا ڕۆژی ١/٨/٢٠١٨ ژمارەی ئێزدییە ڕزگارکراوەکان (٣٣١٥) کەس بووە، لەوانە (١١٥٥) ئــافرەت و (٣٣٧) پیاو و (٩٥٣) کچ و (٨٧٠) کوڕ ڕزگار کراون. ئەوانەیشی تا ئێستا ڕزگار نەکراون، ژمارەیان (٣١٠٢) کەسە، لەوانە (١٤٤٠) ئافرەت و (١٦٦٢) پیاو کە لە دەست داعشدا ماون .

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ئەو ئافرەتانە تووشی چەندین جۆر ڕەفتاری دڕندانە و دوور لە هەموو عورف و دابونەریتێکی مرۆڤانە بوونەتەوە، لە فرۆشتن، کڕین، ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی و گۆڕینی ئایینەوە بگرە تا دەگاتە تاوانی دەستدرێژی. زۆربەی ھەرەزۆری ئەو ئافرەتانەی ڕزگار دەبن، باری دەروونی و تەندروستیی جەستەییان زۆر خراپە و پێویستیان بە چارەسەر ھەیە، هەرچەندە سەرۆکایەتیی تەندروستیی دھۆک بە گوێرەی تواناکانی خۆیان، چارەسەری ئەو ئافرەتە ڕزگاربووانە دەکەن. ھەندێک لەو ئافرەتانەی کە ڕزگار کراون، منداڵیان ھەبووە، بەڵام منداڵەکانیان لەوێ بەجێ ماون، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە باری دەروونییان ئاڵۆزتر ببێت، (٣٣) ئافرەتی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش، ھیچ کەسێک لە ئەندامانی خێزانەکانیان نەماون، بۆیە ئێستا لە لای خزم و دۆستانی خۆیان دەژین.

زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئافرەتانەی لە بارێکی دەروونی ئاڵۆزدان بە پێی گرێبەستێک لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی هەرێمی بادن فورتمبێرکی ئەڵمانیا، تا ئێستا نزیکەی (١٠٠) کەس لەو ئافرەتانەی ڕزگار کراون، ڕەوانەی وڵاتی ئەڵمانیا کراون بۆ چارەسەرکردن، بەتایبەتی لە ڕووی دەروونییەوە .

د. دیندار زێباری تیشکی خستە سەر ئەوەی کە داعش بێ جیاوازی تاوانی دژی پێکهاتە ئایینییەکان ئەنجام دا و لەم بارەیەوە گوتی: لە دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای مووسڵ، بەتایبەتی دەشتی نەینەوا، جگە لە ڕفاندنی هاووڵاتیانی کوردی ئێزدی، پەیڕەوانی ئایین و ئایینزاکانی دیکەش لەو کارە دڕندانەیەی داعش بێبەش نەبوون و ژمارەیەکی زۆریان ڕفێندران. ژمارەی ڕفێندراوەکانی کریستیان بەم شێوەیە: ژمارەی ئەو ڕفێندراوانەی کە کەیسەکانیان لە ٣/٤/٢٠١٧ تاکو ڕێکەوتی ١٨/٧/٢٠١٧ دیکیۆمینت کراوە (٢٥٠) کەس بووە، لەوانە (٨٢)یان ئافرەت و (١٦٨) پیاو بوون. لەو ژمارەیە (١٧٤)یان بە شێوازی جۆراوجۆر ڕزگار کراون ، بەڵام تا ئێستا (٧٦) کەسیان ڕزگار نەکراون، لەوانەی کە ڕزگار نەکراون ژمارەیەکیان ئافرەتن. جگە لەمانە، تا ئێستا (٦٩) گۆڕی بەکۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاک لەو ناوچانە دۆزراوەنەتەوە کە لە دەست داعش ڕزگار کراون، هەروەها (٦٩) مەزار و شوێنی ئایینیی پێڕەوانی ئایین و مەزهەبەکانی دیکە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە تەقێندراونەتەوە.

دیندار زێباری ئەوەیشی ڕوون کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جیددی داوە بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئافرەتە ڕزگارکراوەکان بۆ نێو کۆمەڵگا و لەم بارەیەوە گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان سه‌نته‌رى ڕاوێژكاریى خێزانیى لە پارێزگای دهۆك دامەزراندووە كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكى پسپۆڕى یاسایى و ده‌روونى پێك هاتووه و ‌به‌رده‌وام له‌ خزمه‌تكردنى كەیسه‌كانى ژنانى ئێزدیدایه‌، لەم ڕووەوە‌ هاوكاریى زیاتر له‌ (٢٠٠٠) ئافره‌تى كردووه‌، له‌م ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ (١٠٠٠) ئافره‌ت ته‌مه‌نیان له‌ سه‌رووى (١٨) ساڵه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ گواستنه‌وه‌ىان بۆ نه‌خۆشخانه‌ و چاره‌سه‌ركردنیان و ئارامكردنه‌وه‌ى لایه‌نى ده‌روونییان لە لایه‌ن پسپۆڕانى ده‌روونناس و كۆمه‌ڵناسەوە، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێوەبه‌رایه‌تیی توندوتیژیی دژی ئافرەتان سیمینار و وۆركشۆپ و خولی تایبەتی كردووەته‌وه‌ بۆ به‌هاناوه‌هاتنیان و چۆنیه‌تیى گه‌ڕانه‌وەیان بۆ ناو كۆمه‌ڵگا و سه‌ردانیان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.