Erbil 15°C ھەینی 03 ئایار 10:45

وێنەی سەرۆک بارزانی و کۆچەر بیرکار لە مەریوان هەڵدەواسرێت

سەرۆك بارزانی: ئەو سه‌ركه‌وتنه‌ دڵی هەموو گەلی کورد خۆش دەکات
کوردستان TV
#7
100%


لە ئاوایی نێ سەر بە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان وێنەی سەرۆك بارزانی و كۆچەر بیركار بڵاوكرانەوە، تیایدا ئاماژە بەپەیامە باوكانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ سەركەوتنی ئەم ڕۆڵەیەی كوردستان كراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ئاوایی نێ سەر بە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە زێدی كۆچەر بیركار هەڵگری خەڵاتی فیڵتزی جیهانیە لە بیركاری، لە میانی ئاهەنگێڕانی ئاواییەكەدا، وێنەی سەرۆك بارزانی لە پاڵ وێنەی كۆچەر بیركاردا هەڵواسرا.

سەرباری ئەوەی ڕژێمی ئێران بەتوندی ڕووبەڕووی هەر هەڵوێستێكی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەبێتەوە، بەڵام كوردانی ئاوایی نێ، كە بەهەڵوێستی كوردانەیان دەناسرێنەوە، ئەمڕۆ لەمیانی ئاهەنگی خۆشی دەربڕین و بەخشینەوەی شیرینی بەبۆنەی سەركەوتنە مەزنەكەی ڕۆڵەكەیانەوە، وێنەی سەرۆك بارزانییان هەڵواسی.

پێش كەمێكی لە هەژماری "لاوانی نێ" لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكدا، وێنەكانی سەرۆك بارزانی و كۆچەر بیركار بڵاوكرانەوە، تیایدا ئاماژە بەپەیامە باوكانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ سەركەوتنی ئەم ڕۆڵەیەی كوردستان كراوە.

كۆچەر بیركار لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەرازیل خەڵاتی فیڵتزی لە بواری بیركاریدا وەرگرت، كە بەنۆبڵی بیركاری ناسراوە، ناوبراو دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایە و پرۆفیسۆرە لە زانكۆی كامبریج، لەمیانی وەرگرتنی خەڵاتەكەیدا گوتی "هیوادارم دڵی 40 ملیۆن کوردم خۆش کردبێت.


له‌م باره‌یه‌وه‌ش سەرۆک بارزانی له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایی لە کۆچەر بیرکار دەکات ئه‌و گه‌نجه‌ كورده‌ی گه‌وره‌ترین خه‌ڵاتی بیركاری پێ به‌خشرا، كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:

بەڕێز کاک کۆچەر بیرکار

بەخۆشحاڵییەکی زۆرەوە هەواڵی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەم بیست کە بەڕێزتان لە بوارێکی گرینگ و زەحمەتی زانستیی وەک بیرکاریدا وەدەستتان هێناوە.

بێ گومان ئاواتەکەتان هاتەدی و ئەو سەرکەوتنەتان دڵی هەموو گەلی کورد خۆش دەکات و من یەکێکم لەو 40 ملیۆن کوردەی زۆر بەو سەرکەوتنەتان خۆشحاڵم و شانازییت پێوە دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاترت بۆ دەخوازم.

زۆر جێگای خۆشحاڵییە کە گەنجی کورد دەتوانێت لە بواری زانستیدا پێشبڕکێ لەگەڵ زانایانی جیهان بکات و خەڵاتی نێودەوڵەتی وەربگرێت.

هیوادارم کاکە کۆچەر ببێتە سەرمەشق و نموونەی باڵا بۆ گەنجانمان و هەوڵ بدەن وەک کاکە کۆچەر بە سەرکەوتن لە بواری خوێندن و زانستدا ناوی گەلەکەتان بەرز ڕابگرن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.