Erbil 30°C دووشەممە 16 ئەیلوول 22:27

سکچوون و رشانه‌وه‌ له‌ منداڵاندا

ئاوی پیس و خواردنی ناخاوێن، هۆكاری سه‌ره‌كی سكچوون
کوردستان TV
100%

له‌ جیهاندا سكچوون به‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشییه‌ هه‌ره‌ مه‌ترسیداره‌كان داده‌نرێت، به‌ پێی راپۆرته‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ژیانی منداڵانی خوار ته‌مه‌ن پێنج ساڵان دروست ده‌كات ئه‌گه‌ر به‌زووی چاره‌سه‌رنه‌كرێت

پاكوخاوێنی و هۆشیاری ته‌ندروستی و به‌زوویی سه‌ردانكردنی نه‌خۆشخانه‌ له‌كاتی توشبووندا منداڵه‌كه‌ت به‌دوور ده‌گرێت له‌و مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌یه‌.

هۆكاره‌كانی سكچوونی منداڵان:

ئاوی پیس و خواردنی ناخاوێن، هۆكاری سه‌ره‌كی سكچوون و رشانه‌وه‌ن به‌تایبه‌ت له‌ وه‌رزی هاویندا، ئه‌و منداڵانه‌ی شیری دایكیان ده‌خۆن كه‌متر توشی سكچوون ده‌بن خۆ ئه‌گه‌ریش سكچوون بگرن ئه‌وا ئاسانتر چاره‌سه‌ر ده‌كرێن و زووتر چاك ده‌بنه‌وه‌.

به‌گشتی، به‌هۆی سكچوونه‌وه‌ ئاو له‌ له‌شی منداڵدا كه‌م ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆی وشكبوونه‌وه‌، ئه‌گه‌ر وشكبوونه‌وه‌ بگاته‌ رێژه‌یه‌كی دیاریكراو ئه‌وكات مه‌ترسی له‌سه‌ر گیانی منداڵه‌كه‌ت دروست ده‌كات، ئه‌گه‌ر چه‌ند رۆژێك منداڵ سكی بچێ و بڕشێته‌وه‌ و چاره‌سه‌ر وه‌رنه‌گرێ ئه‌وا له‌سه‌دا 20ی كێشی منداڵه‌كه‌ت كه‌م ده‌كات و چیتر منداڵ به‌رگه‌ ناگرێت.

نیشانه‌كانی سكچوونی منداڵان:

سكچوون و وشكبوونه‌وه‌ و تینویه‌تی نیشانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانن و پاشان نیشانه‌كانی تر به‌ده‌رده‌كه‌ون كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ :

- تۆخبوونی ره‌نگی میز به‌به‌رده‌وامی

- كه‌م میزكردن یاخود میزنه‌كردن

- كه‌مبوونه‌وه‌ی چالاكی و وزه‌ی له‌چاو رۆژانی ئاسایی

- بێ هێزی و نه‌بوونی ئاره‌زوو بۆ خواردن

- وشكبوونه‌وه‌ی ده‌م و لێو و گریانی بێ فرمێسك.

نیشانه‌ هه‌ره‌ مه‌ترسیداره‌كان به‌هۆی سكچوونی منداڵانه‌وه‌:

هه‌ندێكی نیشانه‌ی تر هه‌یه‌ كه‌ به‌هۆی سكچوونه‌وه‌ منداڵ توشی ده‌بێت و ئه‌گه‌ر زوو به‌زوو چاره‌سه‌رنه‌كرێت ئه‌وا ژیانی له‌مه‌ترسیدایه‌ له‌وانه‌:

- ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ شیر یان ئاو نه‌خوات.

- ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ چاوی زۆر به‌قوڵا بچێت.

- ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ ده‌ست و قاچی ساردبووه‌وه‌.

- ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ زۆر خه‌واڵووبوو.

- ئه‌گه‌ر هه‌ناسه‌دانی زۆر خێرابوو.

رێنمایی/

 

* بۆ پاراستنی منداڵ له‌ سكچوون، زۆر گرنگه‌ له‌ له‌دایكبوونیه‌وه‌  تا ته‌مه‌نی دوو ساڵ شیری دایكی بخوات.

* گرنگیدان به‌ پاكوخاوێنی منداڵ به‌تایبه‌ت له‌ رووی كوڵاندنی ئاوی خواردنه‌وه‌ و خاوێنی قاپ و كه‌وچك و ئه‌و شتانه‌ی كه‌ په‌یوه‌نده‌ی راسته‌وخۆی هه‌یه‌ به‌ خواردنی منداڵه‌وه‌.

* ده‌توانرێت ته‌نها به‌ گرتنه‌ به‌ری رێوشوێنی پاك و خاوێنی ئاو و خواردن به‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا 95 رێگری بكرێت له‌ توشبوون به‌ سكچوون و رشانه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌/ ڕاگه‌یاندنی ته‌ندروستی سلێمانی

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.