مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكارانی ھەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئەو بازرگانانەی كە بە تمەن كاڵاكانیان دەفرۆشنە بازرگانانی ئێرانی، پارەكانیان زۆر روو لە دابەزین دەكات و دەكەونە زیانێكی گەورەوە.
مستەفا عەبدولڕەحمان لە بارەی دابەزینی بەھای تمەنی ئێرانی و كاریگەری لەسەر رەوشی بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند" ھەموو گرژی و ئاڵۆزییەك لە ھەر وڵاتێكدا كە ئێمە مامەڵەی لەگەڵ دەكەین ئەگەر بەردەوامی ھەبێت، ئەوا ئێمە و بازرگانەكانمان رووبەڕووی زیان دەبینەوە، ئەوانەی كە بە ترانزێت كاڵا لە دەرەوە دەھێننە ھەرێمی كوردستان و دواتر بە بازرگانانی ئێرانی دەفرۆشنەوە و مامەڵەكانیان بە دۆلارە ئەوا زیان دەكەن و پارەكانیان بە زوویی دەست ناكەوێتەوە و رەنگە ئەو پارەیەشیان ھەر دەست نەكەوێتەوە".
مستەفا عەبدولڕەحمان بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاند" ئەو بازرگانانەی كە بە تمەن كاڵاكانیان دەفرۆشنە بازرگانانی ئێرانی، ئەوا پارەكانیان زۆر روو لە دابەزین دەكات و دەكەونە زیانێكی گەورەوە".
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو" ئەگەر كاڵاش لە ئێران بكڕین ئەوان ناتوانن بەردەوام كاڵاكانیان بەو نرخە بفرۆشن، چونكە كارخانەكانیان كەرەستە خاوەكانیان لە دەرەوەی ئێران و بە دۆلار یان یۆرۆ دەكڕن و نرخەكە لە ئاستی تمەن زۆر بەرزبووەتەوە و ناتوانن بەو نرخەی پێشوو بەرھەمەكانیان بفرۆشنەوە".
سەرۆكی یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكارانی ھەرێم ئاماژەی بەوەشكرد" بەردەوامبوونی دۆخەكە بەو شێوەیە دەبێتە ھۆی دروستكردنی كێشە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوولا و سەرھەڵدانی ئاڵۆزی لە نێوان بازرگانانیش بە ھۆی دروستبوونی كێشە لە وەرگرتنەوەی پارەكانیان و كڕینی كاڵادا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.