Erbil 8°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 10:35

کۆمیسیۆن 75%ى ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان تەواو کردووه‌

گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی كراوه‌ بۆ چاپكردنی فۆرمی دەنگدان
کوردستان TV
100%


كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم رایدەگەیەنێت گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی كردووە بۆ چاپكردنی فۆرمی دەنگدان و گەرەنتی ساختەنەكردنیان پێ دراوە و تا ئێستاش لە 75% ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان تەواو بوون.

شێروان زرار وتەبێژی كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندوە" بەپێی ئەو خشتەیەی لەبەردەستماندایە بەخۆشحاڵییەوە زۆرینەی كارەكان تەواوكراون، تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان و پەسەندكردنی ھاوپەیمانێتییەكان و ئەنجامدانی تیر و پشك بۆ قەوارە سیاسییەكان و لە ئێستاشدا وەرگرتنی لیستی پاڵێوراوان كە لە لایەن ئەو ھاوپەیمانێتی و قەوارە سیاسییانەوە پێشكەشكراون ھەنگاوێكی گرنگ بوو، ئەوەی ماوە لە پاش ئەم قۆناغە ئەوەیە كە ھەفتەی رابردوو كارمان كرد لەسەر گرێبەست لەسەر بابەتی فۆرمی دەنگدان، ئەمەش بابەتێكی گرنگە، بەخۆشحاڵییەوە لەگەڵ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی گرێبەستێكمان ئەنجامداوە و گەرەنتی ئەوەی بۆ كردووین كە ئەو فۆرمانە ساختەكارییان تیاداناكرێت و زەمانەتی تەواومان لەمبارەیەوە وەرگرتووە."

وتەبێژی كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم راشیگەیاندوە" ھەنگاوی پاشتر گەڕانەوەی ناوی پاڵێوراوانە كە لە پاش وردبینی بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاكی بۆ دڵنیابوونەوە و وردبینی زیاتر دەنێردێت، پاشان ھەڵمەتی ھەڵبژاردنیش كە وا بڕیارە نزیكەی ٢٠ رۆژ بێت كە دوا قۆناغی ئامادەكارییەكانە بۆ ھەڵبژاردنەكانی ٣٠ی ئەیلوول، ئومێد دەكەین وەكو چۆن تاوەكو ئێستا كارەكان رۆیشتوون بەو شێوەیە بەردەوام بێت و لە ٣٠ی ئەیلوول بتوانیین ھەڵبژاردنێك بكەین كە جیاواز بێت لەوەی عێراق."

شێروان زرار ،راشیگەیاندوە" دەتوانین بڵێین تاوەكو ئێستا رێژەی ٧٥ لەسەدی كارەكانی ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول تەواو بووە، تاوەكو ئێستا گرفتێك دروست نەبووە و پێشبینی دەكەین ٣٠ی ئەیلوول ھەڵبژاردنێكی باش ئەنجامبدەین."

لەبارەی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشەوە وتویەتی" ئەو پرسیارە زۆر لە ئێمەش دەكرێت و زۆر بە راشكاویی وەڵامتان دەدەینەوە، ئێمە بەپێی یاسای ژمارە چوار بەرپرسین لە جێبەجێكردنی ھەموو رێكارەكانی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی كوردستاندا، ئێمە بەپێی فەرمانی ھەرێمی ژمارە یەك ئاگاداركراوینەتەوە بۆ ئامادەكاریكردن تەنھا بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، ئێمەش ئامادەكارییەكانمان كردووە."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.