ماوەیەكە توركیا هێرشە ئاسمانی و زەمینییەكانی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان چڕ كردووەتەوە، بەشێك لە گوندنشینانیش ناچار بوونە ماڵوحاڵیان جێ بهێڵن. لەلایەكی دیكەوە، پەكەكە لە ژێر ناوی هاوكاری و سەرخستنی شۆڕشەوە، باج و سەرانە لە ڕەوەندەكانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت.
لهم بارهوه ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند" رۆژێك ناوچەكە بۆردوومان نەكرێت، ژیانێكی نوێ دەستی پێ دەكات، هەموو رۆژێك توركیا سنووری سیدەكان بۆردومان دەكات، ئەوەش لەبەر پەكەكەیە، لە 6 مانگی رابردوودا رۆژانە توركیا بۆردوومانی ناوچەكە دەكات، ئەوەش ترس و دڵەڕاوكێی لای دانیشتووانی ناوچەكە دروست كردووە، هەر بەو هۆیەوە منداڵێك گیانی لە دەست داوه، 196 خێزان بۆ سێ رۆژ ماڵەكانیان جێ هێشتووه، هەروەها 750 دۆنم زەوی سووتاوە، داهاتی گوندەكان ئەمساڵ هەموو چ پوش و پاوان و چ رەزوباخەكان هەمووی لەناو چوون، ئێستایش رۆژانە فڕۆكە جەنگییەكان بەسەر ناوچەكەدا دەسووڕێنەوە و ناوچەكە بۆردومان دەكەن، هەروەها ئێرانیش ئەمساڵ دوو جار ناوچەكەی تۆپباران كرد، كە بەو هۆیەوە 6 گوند بە تەواوەتی چۆڵ كران و 246 دۆنم زەوییش بە تەواوەتی سووتا".
چەلەبی گوتیشی" خەڵك و حكوومەت هەموو یەك داواكارییان هەیە، داواكاریی ئەوان ئەوەیە حزبەكانی رۆژهەڵات و پەكەكە لە گوند و ئاواییەكان دوور بكەونەوە، چونكە ئەوان هۆكاری سەرەكیی بۆردوومانكردنی ناوچە سنوورییەكانن، ئەگەر ئەوان دەیانەوێت بەشێكی دیكەی كوردستان ئازاد بكەن، ناكرێت دەستكەوتی باشووری كوردستان لەناو ببەن، بۆیە داواكاریی خەڵك ئەوەیە ئەوان لە ناوچە سنوورییەكان دوور بكەونەوە".
بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان ئاماژەیشی دا: "پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" لە ناوچە سنوورییەكان ساڵانە باج و سەرانە لە خەڵك وەردەگرێت لە بەرانبەر 100 سەر مەڕ یان بزن، 3 سەر لە ڕەوەندەكان وەردەگرێت و لە بەرانبەر یەك سەر مانگا 10 هەزار دینار و بۆ یەك سندووق هەنگیش بڕی هەزار دینار وەردەگرێت، لە وەرزی پێگەییشتنی بەرهەمە كشتوكاڵیەكانیشدا، دەبێت جووتیاران لە ژێر ناوی هاوكاری و سەرخستنی شۆڕشەوە، باج بە پەكەكە بدەن".
لە ساڵی 1991ـەوە بە هۆی بوونی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، توركیا بەردەوام تۆپبارانی ئەو ناوچانە دەكات و بەو هۆیەیشەوە بە سەدان گوند چۆڵ كراون و بە دەیان كەسیش بوونەتە قوربانی، ماوەی چەند رۆژێكیشە توركیا زۆر بە چڕی و بە بەردەوامی ناوچە سنوورییەكان تۆپباران دەكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.