Erbil 30°C دووشەممە 16 ئەیلوول 22:17

به‌رزی فشاری خوێن چییه‌؟

له‌ بۆماوه‌یی خانه‌واده‌كه‌یان تووشبووان ھه‌یه‌
کوردستان TV
100%

زه‌خت به‌رزی به‌ دوو ژماره‌ ئه‌پێورێ، ژماره‌ی سه‌ره‌وه‌ واتا به‌رزی په‌ستانی ئه‌و خوێنه‌ی كه‌ دڵ پاڵی پێوه‌ ده‌نێت بۆ به‌شه‌كانی له‌ش، به‌ڵام ژماره‌كه‌ی خواره‌وه‌ واتا به‌رگری ئه‌و خوێنه‌ پاڵنراوه‌یه‌ كه‌ دێت بۆ بۆرییه‌كانی خوێن.

* ئایا فشاری خوێنت چه‌ند بێ ئاساییه‌؟

پێوانه‌ی ١٢ له‌سه‌ر ٨ به‌ ئاسایی و ساندارد دانراوه‌ به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ نێوان ١٠ له‌سه‌ر ٦ بۆ ١٣ له‌سه‌ر ٩ به‌ ئاسایی دائه‌نرێت، ھه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ژماره‌یش له‌وانه‌یه‌ به‌پێی ته‌مه‌ن بگۆڕێ، بۆ نمونه‌ كه‌سێكی ته‌مه‌ن په‌نجا ساڵان فشاری خوێنی ١٣ له‌سه‌ر ٩ بێ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ گه‌نجێكی تازه‌ پێگه‌یشتوو فشاری ١٠ له‌سه‌ر ٧، پسپۆران ئه‌ڵێن ئه‌وانه‌ی فشاری خوێنیان له‌ بنه‌ڕه‌تدا نزمه‌ ئه‌گه‌ری تووشبوونیان به‌ به‌رزی فشاری خوێن زۆر كه‌متره‌ به‌ به‌راورد به‌وانه‌ی كه‌ له‌سه‌رده‌می گه‌نجییان فشاری خوێنیان ئاساییه‌.

* ئایا مه‌رجه‌ جارێك یان زیاتر فشاری خوێنت به‌رزبێ مانای وایه‌ تووشی به‌رزی فشاری خوێن بووی؟

مه‌رج نییه‌ تووشی فشاری خوێن بووبی، چونكه‌ جار به‌جار ھۆكاری ترس ودڵه‌ ڕاوكێ و كاره‌سات به‌ شێوه‌ی كاتی فشاری خوێنت به‌رز ئه‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ھه‌مان كاتدا ئه‌و كه‌سانه‌ش ئه‌گه‌ری تووشبوونیان زۆره‌ به‌به‌راورد به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پێشتر فشاری خوێنیان به‌رز نه‌بۆته‌وه‌.

كێن ئه‌وانه‌ی ئه‌گه‌ری تووشبوونیان به‌ به‌رزی فشاری خوێن ھه‌یه‌، یان ھۆكاره‌كانی تووشبوون چین؟

1. ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ بۆماوه‌یی خانه‌واده‌كه‌یان تووشبووان ھه‌یه‌.

2. ئه‌و كه‌سانه‌ی كێشی له‌شیان زۆره‌ به‌راورد به‌ باڵایان.

3. ئه‌وكه‌سانه‌ی جگه‌ره‌ كێشن یان له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر كحول ئه‌خۆنه‌وه‌.

4. ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌م جووڵه‌ن و وه‌رزش ناكه‌ن.

5. ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خۆشی شه‌كره‌یان ھه‌یه‌.

6. ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌م ناپارێزن له‌ خوێ و چه‌وری و شیرینی.

7. ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ گرنگی خواردنی كانزای پۆتاسیۆم ناده‌ن واتا گرنگی به‌ خواردنی سه‌وزه‌و میوه‌ ناده‌ن كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی مادده‌ی پۆتاسیۆمن.

* نیشانه‌كانی به‌رزی فشاری خوێن چین؟

ئه‌م نه‌خۆشییه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌و به‌ بكوژی بێده‌نگ ناسراوه‌ چونكه‌ نیشانه‌یه‌كی به‌رچاوی نییه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر زیاد له‌ ڕاده‌ به‌رزبێته‌وه‌ كه‌سه‌كه‌ بینینی لێڵ ئه‌بێ و تووشی سه‌رئێشه‌یه‌ك ئه‌بێ له‌گه‌ڵ ھێڵنجی مه‌عیده‌.

 

* چۆن ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ به‌رزی فشاری خوێن له‌سه‌ر خۆت كه‌م كه‌یته‌وه‌؟

به‌ تێگه‌یشتن له‌ ھۆكاره‌كانی وه‌كو له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێ كردووه‌ ئه‌توانی ئه‌گه‌ری تووشبوون له‌سه‌ر خۆت به‌ ته‌واوی كه‌م بكه‌یته‌وه‌.

* چۆن بزانیت تووشی به‌رزی فشاری خوێن بوویت؟

ئه‌بێت بۆ ماوه‌ی دوو حه‌فته‌ ، له‌ ڕۆژێكدا دووجار به‌ جیھازی پێوانی زه‌خت، زه‌ختی خۆت بگری و ژماره‌ی سه‌ره‌و خواره‌ی ھه‌رجاره‌و لای خۆت بنووسه‌، بۆ نمونه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو حه‌فته‌یه‌ ٢٥ جار پێوانی زه‌ختی خۆتت كردووه‌، ژماره‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆ ھه‌موو جاره‌كان كۆكه‌ره‌وه‌ و دابه‌شی ٢٥ ی بكه‌، وه‌ به‌ ھه‌مان شێوه‌ ژماره‌كه‌ی خواره‌ش كۆ بكه‌ره‌وه‌ و دابه‌شی ٢٥ ی بكه‌، ئه‌و كاته‌ پێوانی ڕاسته‌قینه‌ی زه‌ختی خۆت ده‌ست ئه‌كه‌وێ، به‌ڵام ئه‌بێ ئه‌وه‌ ڕه‌چاو بكه‌ له‌ كاتی زه‌خت گرتندا نه‌ ماندوو بی، نه‌ بجووڵێ، ئه‌بێت له‌سه‌ر كورسییه‌ك به‌ ھێمنی دانیشی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی ڕاسته‌قینه‌ بدات به‌ده‌سته‌وه‌.

* ئایا به‌رزی فشاری خوێن تا چ راده‌یه‌ك مه‌ترسیداره‌؟

به‌رزی فشاری خوێن به‌ یه‌كێك له‌ مه‌ترسیدارترین حاڵه‌ته‌ ته‌ندروستییه‌كان دائه‌نرێ، چونكه‌ ھۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ تووشبوون به‌ جه‌ڵته‌ی دڵ و جه‌ڵته‌ی مێشك و له‌ كاركه‌وتنی گورچیله‌كان و تووشبوون به‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌ دائه‌نرێ.

 سه‌رچاوه‌/ رادیۆی ده‌نگ

 

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.