Erbil 7°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 08:23

نێچیرڤان بارزانى و کۆبیش دۆخى عێراق تاوتوێ ده‌که‌ن

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم پێشوازی له‌ نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق كرد
کوردستان TV
#7
100%


نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ده‌ست به‌ دیالۆگی جددی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق بكه‌ن و به‌ده‌م داواكارییه‌كانی هاووڵاتیانه‌وه‌ بچن.

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23/7/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز یان كۆبیش، نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا باس له‌ ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق و به‌تایبه‌تی گرژییه‌كانی باشووری عێراق كرا و به‌ڕێز كۆبیش جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ده‌ست به‌ دیالۆگی جددی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق بكه‌ن و به‌ده‌م داواكارییه‌كانی هاووڵاتیانه‌وه‌ بچن، جه‌ختیشی له‌ ڕۆڵی كاریگه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌و گفتوگۆیانه‌ و له‌ به‌شداریكردن له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقدا، كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ی به‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و پرۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست كرد كه‌ كۆتایی پێكهاتووه‌ و به‌ پێویستی زانی دادگای فیدراڵ بڕیاری خۆی له‌سه‌ر دوا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بدات و په‌سه‌ندی بكات تا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان زیاتر بپرژێنه‌ سه‌ر گفتوگۆی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت.

به‌ڕێزیان ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانى بۆ هه‌ر هاریكارییه‌ك له‌مباره‌یه‌وه‌ نیشان دا تاكو سه‌قامگیری بۆ عێراق بگه‌ڕێته‌وه‌ و داواكاریی خۆپیشانده‌ران له‌ چوارچێوه‌ی پرۆگرامی حكوومه‌ت له‌ ئێستا و داهاتوودا جێگیر بكرێت و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.