Erbil 7°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 08:28

وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى : ده‌بێ مامۆستا سه‌رکرده‌ی بواره‌که‌ی خۆی بێ

وێنه‌یه‌ك بۆ ماڵپه‌رى كوردستان تیڤى نێردراوه‌
کوردستان TV
100%

له‌راگه‌یاندراوێكدا كه‌وێنه‌یه‌كى بۆ ماڵپه‌رى كوردستان تیڤى نێردراوه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ڕاگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى ڕایده‌گه‌ێنێت
ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی(23/7/2018)  د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی   له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ل ژماره‌یه‌ك مامۆستای زانكۆ  كه‌ تایبه‌ت بوو به‌به‌ڕێكردنی یه‌كه‌مین گروپی مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستان بۆ وڵاتی فنلاند بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆرسه‌كانی تایبه‌ت به‌خوله‌كانی وانه‌وتنه‌وه‌ له‌ زانكۆكانی كوردستان.

پێداچونه‌وه‌ به‌ڕێگه‌كانی وانه‌وتنه‌وه‌ یه‌كێك له‌ پڕۆژه‌ ستراتیجییه‌كان

له‌و كۆیونه‌وه‌یه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بونی د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، د.كاوه‌ شێروانی سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چو، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ وته‌یه‌كیدا ئاماژه‌ی به‌گرنگی پرۆژه‌كه‌ كرد و ڕایگه‌یاند: پێداچونه‌وه‌ به‌ شێوازی پێداگۆگی، یاخود ڕێگه‌كانی وانه‌وتنه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پرۆژه‌ ستراتیجییه‌ گه‌وره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان، چونكه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌، كه‌ به‌ڕیفۆرم ناونراوه‌، به‌ڵام زیاتر له‌ ڕیفۆرم تێده‌دپه‌ری و به‌شۆڕشێك ناوی ده‌بین، شێوازی وانه‌وتنه‌وه گۆڕانكاری ته‌واوی به‌سه‌ردا ده‌هێنین.

وڵاتان به‌بایه‌خدان به‌مامۆستا و په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا پێشكه‌وتون

د.یوسف گۆران ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: كه‌ وانه‌وتنه‌وه‌‌ یه‌كێك بوه‌ له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كیكه‌كانمان له‌ زانكۆكان، وتیشی به‌هۆی ئه‌وه‌ی مامۆستا ڕه‌گه‌زی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تیه‌ له‌ خوێندن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر توانیمان گۆڕانكاری له‌ شێوازی وانه‌وتنه‌وه‌ی مامۆستا بكه‌ین ئه‌توانین گۆڕانكاری له‌ هه‌موشێتك بكه‌ین، ڕونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بایه‌خی تایبه‌ت به‌مامۆستا و خوێندن درا، ئه‌وا ده‌توانین ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ به‌دی بهێنین، وتیشی ئه‌زمونی وڵاتان فێری كردوین كه‌ ده‌بێ له‌سه‌ر ڕێگه‌ ڕاسته‌كه‌ كاره‌كانمان بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش نمونه‌ی به‌كۆریای باشور و مالیزیا و سەنگافۆرە و ئیندۆنوسیا و...چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ هێنایه‌وه‌، ئاشكراشیكرد كاتێك مێژوی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، ئینجا ده‌زانین چۆن پیشكه‌وتون، به‌تایبه‌ت له‌ گرنگیدان به‌خوێندن  و په‌ره‌وەرده‌‌ و خوێندنی باڵا له‌ناویشاندا گرنگی زۆریان به‌مامۆستا داوه‌.

ده‌بێ مامۆستا سه‌ركرده‌ی بواره‌كه‌ی خۆی بێ

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له‌ ڕۆڵی گرنگی مامۆستا له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا كرد و ڕایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر توانیمان گۆڕانكاری له‌ دیدگا و تێڕوانین و شێوازی وانه‌وتنه‌وه‌ بكه‌ین، له‌وكاته‌دا ده‌توانین گۆڕانكاری گه‌وره له‌ پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا‌ بكه‌ین، وتیشی هه‌رچه‌نده‌ له‌ ڕابردودا‌ كاری زۆر كراوه‌،‌ به‌ڵام هه‌وڵه‌كان‌ وه‌ك پێویست سه‌ركه‌وتوبوین، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: ده‌بێ مامۆستا سه‌ركرده‌ی بواره‌كه‌ی خۆی بێ.

فنلاند باشترین وڵاته‌ له‌ بواری شێوازی وانه‌وتنه‌وه‌

هه‌ر له‌ میانه‌ی قسه‌كانیدا، د.یوسف گۆران باسی له‌ ئه‌زمونی سه‌ركه‌وتوی فنلاند له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا كرد و، بۆ ئه‌وه‌ش ڕایگه‌یاند: له‌ بواری وانه‌وتنه‌وه‌دا فنلاندا باشترین وڵاته‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ چه‌ندین كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ و كۆنفرانسى نێودەوڵەتى كه‌ به‌شداریمان كردوه‌ ستایشی پرۆسه‌ی خوێندنی فنلاندیان بۆ كردوین، هه‌ربۆیه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ڕاستیانه‌‌ و به‌داداچونه‌كانمان،‌ پڕۆژه‌یه‌كه‌مان داڕشت بۆ دوباره‌ دارشتنه‌وه‌ی سیستمی  یه‌كگرتویی وانه‌وتنه‌وه‌ له‌ زانكۆ حكومی و تایبه‌تیه‌كان، وتیشی بۆ هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان زانكۆ حكومی و تایبه‌ته‌كان نیه‌، چونكه‌ هه‌ردو كه‌رته‌كه‌ ئه‌ركی په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌كانی ئێمه‌یان له‌ ئه‌ستۆیه‌، بۆیه‌ ده‌بێ به‌یه‌ك پێوه‌ر كاربكه‌ن.

كوردستان ده‌بێته‌ خاوه‌ن شێوازی تایبه‌تی وانه‌وتنه‌وه‌

سه‌باره‌ت به‌ئه‌ركی ئه‌م ستافه‌ كه‌ به‌ره‌و وڵاتی فنلاند به‌ڕیده‌كه‌ون، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: ئه‌ركی ئێوه‌ ته‌نها بینینی كۆرسیك نیه له‌ فنلاند،‌ به‌ڵكو دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی دومانگ كۆرس ده‌خوێنین و، له‌ هاتنه‌وه‌‌تان ئه‌ركه‌كانتان زۆر قورس تر ده‌بێ، چونكه‌ له‌ ژێر چاودێری وڵاتی فنلاند له‌ كوردستان پرۆگرامێكی تایبه‌ت به‌ شێوازی وانه‌وتنه‌وه‌ بۆ كوردستان داده‌نێن، هه‌ربۆیه‌ ئه‌ركه‌كه‌تان له‌گه‌ڕانه‌وه‌تان بۆ كوردستان ته‌واو نابێ، به‌ڵكو ئه‌ركه‌ قورسه‌كه‌تان له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌تانه‌، چونكه‌ زیاتر له‌ بواری شێوازی وانه‌وتنه‌وه‌ ده‌بێ بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك خۆتان ته‌رخان بكه‌ن.

زانست پیرۆز نیه‌ و، بەشێوەى ڕەخنەگرانە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێ

د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌ی ته‌رخانكرد بۆ كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی شێوازی وانه‌وتنه‌وه‌ و له‌و بواره‌دا وتی: یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانی سه‌ركه‌وتنی ئیداره‌ و ده‌وڵه‌ت چالاكبون و ڕاپه‌ڕاندنی كاركه‌كان و كرانه‌وه‌یه‌‌ به‌ڕوی دونیا له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵبون‌ به‌گۆڕانكاری و ئایدیا تازه‌كان، دواجاریش به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی خه‌ڵكیه، ئاشكراشیكرد، كه‌‌ ئه‌گه‌ر ئاگامان له‌ پرۆگرامه‌كانی دنیا نه‌بێ ناتوانین پێشبكه‌وین، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ی به‌ كێشه‌كانی وانه‌وتنه‌وه‌ كرد و ڕایگه‌یاند: كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی شێوازی وانه‌وتنه‌وه‌ له‌ زانكۆكان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ سود له‌ وانه‌وتنه‌وه‌ و ته‌لقینی حوجره‌كان وه‌رگیراوه‌، وتیشی چونكه‌ سیستمی په‌روه‌رده‌یی ئێمه‌ سیستمیكی ئاینی بوه‌، بۆیه‌ مامۆستا و شێوازی وانه‌وتنه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پیرۆزی داڕێژراوه‌، به‌ڵام كاتێك كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ زانست ده‌بێ جیاواز بێ له‌گه‌ڵ ئه‌و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئاین ده‌كرێ‌، چونكه‌ ئاساییه‌ و ده‌بێ ڕه‌خنه‌ له‌ زانست بگیرێ و گفتوگوۆگی له‌باره‌وه‌ بكرێ، وتیشی‌ كێشه‌ی ئێمه‌ ته‌نها له‌سه‌ر سیستمه‌ كۆنه‌كه‌ی زانسته‌،‌ نه‌ك سیستمه‌ تازه‌كه‌ی، كه‌ بریتیه‌ له‌ گفتوگۆ و ڕه‌خنه‌ و تیم وۆرك و هتد، وتیشی‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له‌ كۆتایدا مامۆستایه‌كی باش و خوێندكارێكی باش ده‌ربچوێنین، ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای زانست به‌رنامه‌كانمان دابڕێژینه‌وه‌، ئێستاش كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ ئێمه‌‌‌ی مامۆستایان ببینه‌ سه‌رمه‌شقی ئه‌و بابه‌ته‌.

په‌ره‌پێدان به‌شێوازی وانه‌وتنه‌وه‌ پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌ و نیشتیمانیه‌

له‌ كۆتایشدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: ڕه‌وانه‌كردنی ئێوه‌ بۆ فنلانده‌ ته‌نها شتێكی ئاسایی نیه‌، به‌ڵكو شتیكی گه‌وره‌یه‌، بۆیه‌ هانتان ده‌ده‌م و هه‌وڵده‌ده‌ین سینته‌رێك بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌كادیمی له‌سه‌رجه‌م زانكۆكان هه‌بێ، چونكه‌ ده‌مانه‌وه‌ێ بابه‌تی پێداگۆگی له‌ ڕوی زانستی و پراكیتیكه‌وه‌ په‌ره‌پێبده‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێداگۆگی پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌ و نیشتیمانیه‌ و، په‌یوه‌ندی به‌ نه‌وه‌كانی داهاتو هه‌یه‌ و، په‌روه‌رده‌ی له‌سه‌ر بونیاد ده‌نێن، هه‌روه‌ك پرۆسه‌كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌رورده‌ش ده‌بێ، چونكه‌ دواجار ئێوه‌ مامۆستا بۆ په‌روه‌رده‌ش ئاماده‌ ده‌كه‌ن، به‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر منداڵه‌كانمان ده‌بێ.

ڕیفۆرم هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه‌

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، د.كاوه‌ شیروانی سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ پرۆسه‌كه‌ كرد و، به‌هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ی كه‌رتی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا له‌ زانكۆكانی كوردستان له‌ قه‌ڵه‌میدا.

مامۆستایان له‌ فنلاند به‌شداری له‌ كۆرسه‌كانی تایبه‌ت به‌شێوازی نوێی وانه‌وتنه‌وه‌ ده‌بن

پاشانیش، له‌لایه‌ن د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كارنامه‌ی ڕۆژانی وۆركشۆپه‌كه‌ و ته‌وه‌ره‌كانی له‌ وڵاتی فنلاند ئاشكرا كرد، دواتریش له‌لایه‌ن ئاماده‌بوانه‌وه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر كارنامه‌ و ماوه‌ی مانه‌وه‌ی مامۆستایان له‌ وڵاتی فنلاند كرا و، وتی: ئێوه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م زانكۆ حكومی و تایبه‌ته‌كان ده‌كه‌ن، بۆ ماوه‌ی دو مانگ له‌ وڵاتی فنلاند ده‌مێننه‌وه‌ و، به‌شداری له‌ كۆرسه‌كانی تایبه‌ت به‌شێوازی نوێی وانه‌وتنه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

 

zanko


شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.