خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، رایگەیاند، لە شەممەی رابردووەوە تا ئەمڕۆ لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی كار بۆ ئامادەكردنی لیستی كاندیدانی پارتیمان دەكرێت، لەبەر ئەوەش مەكتەبی سیاسی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگاكان و ھەموو لقەكانی حزب بابەتی دانانی كاندیدانی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان تاوتوێ كردووە، چەندین كۆبونەوەی تایبەت بەو پرسەوە ئەنجام دراون و بڕیارە لیستێك كە لە 100 كاندید پێك ھاتووە، ئامادە بكەین، دانانی ژمارەی كاندید بۆ ھەر پارێزگایەكیش لەسەر بنەمای دەنگی پارتی دەبێت لەو پارێزگایەدا.
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، "لیستی پارتی، لیستێكی ھەمەڕەنگ دەبێت، واتا ٣٠%ی بۆ ئافرەت دەبێت و لە ھەموو ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان كاندیدمان دەبێت، راستە ھاووڵاتیانی كەركووك و ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان بەشداری لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستاندا ناكەن، لەگەڵ ئەوەش خەڵكێكی زۆرمان ھەیە كە خەڵكی كەركووكن و دەمێكە لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن، ئەوانیش بێبەش نەكراون، ھەتا كاندیدی كوردی ئێزدی و فەیلیمان ھەیە بۆ پەرلەمانی كوردستان".
خەسرۆ گۆران وتیشى" كۆمسیۆن ٢٥ی ئەم مانگەی دیاری كردووە بۆ رادەستكردنی ناوی كاندیدەكان، ئێمەیش ھەوڵ دەدەین لە ٢٥ی مانگدا ناوی لیستی كاندیدمان ئاڕاستەی كۆمسیۆنی باڵای راپرسی و ھەڵبژاردنەكانی كوردستان بكەین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.