Erbil 8°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 19:53

کتێبی "له‌ ڕه‌خنه‌وه‌ بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌" چاپ و بڵاوکرایه‌وه‌

هه‌ندێك هه‌وڵی ڕه‌خنه‌یی نووسه‌ره‌
کوردستان TV
100%

"له‌ ڕه‌خنه‌وه‌ بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌" ناونیشانی كتێبێكی نوێی ڕه‌خنه‌یی "ئارام سدیق"ـه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك وتار و لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی له‌ خۆگرتووه‌ له‌م رۆژانه‌دا بڵاوكرایه‌وه‌.

ئه‌م كتێبه‌ هه‌ندێك هه‌وڵی ڕه‌خنه‌یی نووسه‌ره‌، كه‌ درێژكراوه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ ڕه‌خنه‌ییانه‌یه‌، كه‌ ساڵانێكه‌ كاریان له‌سه‌ر ده‌كات و كۆی ئه‌م نووسینانه‌ كۆمه‌ڵێك هه‌وڵن بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی دیدگای ڕه‌خنه‌یی خۆی و ئه‌و جۆره‌ تێكستانه‌ی كه‌ له‌ ڕێی ڕه‌خنه‌وه‌ ڕه‌تی كردوونه‌ته‌وه‌. نووسه‌ر له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌ ده‌ڵێت: ڕه‌خنه‌ لای من میكانیزمێكه‌ بۆ كه‌شفكردنی تێكست و بینینی تێكسته‌ له‌ هه‌موو ڕووه‌كانییه‌وه‌. له‌ ساڵانی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك هه‌وڵ و خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆرم هه‌بوون، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم له‌ ڕووی دیدی ڕه‌خنه‌ییه‌وه‌ هیچیان وه‌كو ئه‌م هه‌وڵه‌م ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ناویاندا نییه‌.

دواتریش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كۆی ئه‌م پڕۆژه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی جۆرێك له‌ تێكست كه‌ مرۆڤی پاسیڤ و ئینسانی بووده‌ڵه‌ دروست ده‌كه‌ن و نه‌ك مرۆڤێك كه‌ خاوه‌نی بڕوا و متمانه‌ و ئیراده‌یه‌كی به‌هێز بێت. مرۆڤێك بێت نیگه‌ران، به‌ڵام داهێنه‌ر، نائومێد، به‌ڵام ده‌سته‌وه‌ستان نا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پێشه‌كییه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌ڕوو ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ له‌ تێكست، كه‌ له‌م كتێبه‌دا باسی كراوه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و تێكستانه‌شه‌ كه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌م تێكیستانه‌ن له‌م كتێبه‌دا بواری باسكردنیان نه‌بووه‌، جۆرێك تێكست، كه‌ مرۆڤ ده‌كه‌نه‌ بوونه‌وه‌رێكی ناچالاكی ده‌سته‌وه‌ستان و كۆیله‌، كه‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وانی دیكه‌ بن بیری بۆ بكه‌نه‌وه‌ نه‌ك خۆی بیر بكاته‌وه‌ و بیری نوێ دابهێنێت.

له‌ كۆتایشدا ده‌نووسێت: هیوادارم ئه‌وه‌ی له‌م كتێبه‌دایه‌ هه‌نگاوێكی نوێ بێت بۆ ڕه‌خنه‌یه‌كی ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ی ڕادیكاڵ، جۆرێك له‌ ڕه‌خنه‌ كه‌ سنووری هاوڕێیه‌تی و دۆستایه‌تی ببڕێت و ڕاشكاوانه‌ ده‌ست بخاته‌ سه‌ر خاڵه‌ لاوازه‌كانی تێكست و خه‌وش و كه‌مووكوڕییه‌كانی بخاته‌ ڕوو.

كتێبه‌كه‌ له‌ پێنج به‌ش پێكهاتووه‌ و نووسه‌ر تێیدا بێجگه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ده‌ركه‌وته‌كانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی، هاوكات ڕه‌خنه‌ی له‌ كتێب و گوتاره‌كانی هه‌ریه‌ك له‌ "توانا ئه‌مین، قانیع خورشید، گه‌شبیر ئه‌حمه‌د، سۆران محه‌مه‌د، كاروان كاكه‌سوور، د.هیمداد حوسێن" و چه‌ند نووسه‌رێكی دیكه‌ش گرتووه‌. كتێبه‌كه‌ له‌ دوتوێی 189 لاپه‌ڕه‌دا و له‌ چاپخانه‌ی چوارچرا له‌ شاری سلێمانی له‌ چاپدراوه‌.

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی

چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.