Erbil 5°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 07:03

ئیسڕائیل هێرشه‌که‌ی سه‌ر موجاهیدین خه‌ڵقی پۆچه‌ڵکردووه‌ته‌وه‌

ته‌قه‌مه‌نیی گه‌یاندووه‌ته‌ ده‌ستی دوو هاوكاره‌كه‌ی
ئیسڕائیل هێرشه‌كه‌ی سه‌ر موجاهیدین خه‌ڵقی پۆچه‌ڵكردووه‌ته‌وه‌
کوردستان TV
100%

راگه‌یاندنه‌كانی ئیسڕائیل ده‌ڵێن ده‌زگای ئه‌منیی موساد له‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆمبه‌دا رۆڵی سه‌ره‌كیی هه‌بووه‌ كه‌ دیپلۆماتێكی ئێرانیی بۆ گروپی موجاهیدین خه‌ڵق له‌ پاریس داینابووه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی تایمزی چاپی ئیسڕائیل، موساد زانیاریی زۆر گرنگی له‌مباره‌یه‌وه‌ خستووه‌ته‌ به‌رده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا و به‌لژیكا. ده‌وترێ پیلانی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ به‌ده‌ستی دیپلۆماتێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ نه‌مسا به‌ڕێوه‌ده‌چووه‌ كه‌ ئێستا له‌ زیندانه‌.

ناوبراو كه‌ ناوی " ئه‌سه‌دوڵڵا ئه‌سه‌دی "ـیه‌ یه‌كێك له‌ دیپلۆماته‌كانی باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ نه‌مسا بووه‌ و نیازی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی به‌لژیكیی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی ئه‌نجومه‌نی به‌رگریی نه‌ته‌وه‌یی ئێران بۆمب بته‌قێننه‌وه‌. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌شدا چه‌ند هه‌زار كه‌س و له‌ناویاندا چه‌ندین كه‌سایه‌تیی ئه‌مریكیی ئاماده‌بوون.

ئه‌سه‌دوڵڵا ئه‌سه‌دی چه‌ند هه‌فته‌ به‌ر له‌ ئێستا له‌ ویلایه‌تی باڤاریای ئه‌ڵمانیا ده‌ستگیركرا و داواكاری گشتیی ئه‌ڵمانیا هه‌فته‌ی رابردوو به‌ فه‌رمی ئه‌وی به‌ سیخوڕیی و پیلانگێڕیی به‌ مه‌به‌ستی كوشتن به‌ تاوانباری ناسیی.

هه‌روه‌ها ناوبراو به‌وه‌ تاوانباره‌ كه‌ ته‌قه‌مه‌نیی گه‌یاندووه‌ته‌ ده‌ستی دوو هاوكاره‌كه‌ی و پیلانیشی بۆ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌كه‌ داڕشتووه‌.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ كه‌ موسادی ئیسڕائیل پێش ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌كه‌ زانیاریی وردی له‌به‌رده‌ست بووه‌، هه‌ر بۆیه‌ش پیلانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ پێش ئه‌وه‌ی به‌ ئه‌نجام بگات پوچه‌ڵكراوه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ / ده‌نگی ئه‌مریكا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.