Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 21:04

به‌ به‌شداری نێچیرڤان بارزانی بەردی بناغەی کونسولخانەی ئەمەریکا لە هەولێر دانرا

له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا بەردی بناغەی كۆمه‌ڵگه‌ى کونسولخانەی وڵاته‌ یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر دانرا
کوردستان TV
100%

سه‌رله‌به‌یانیی ئەمڕۆ هەینی 6-7-2018 لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، به‌ڕێزان دۆگڵاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق  و كین گرۆس کونسولی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكی و هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا بەردی بناغەی كۆمه‌ڵگه‌ى کونسولخانەی وڵاته‌ یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر دانرا.

لە ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی بە ئامادەبوونی لەو ڕێوڕه‌سمه‌دا، پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای بە گرنگ وه‌سف كرد، بەتایبەتی دوای ڕووداوانی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و پاراستنی کوردستان بە دامەزراندنی ناوچەی دژه‌فڕین، هەروەها ڕۆڵی سوپای ئەمەریکای لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە شکستپێهێنانی داعش بەرز نرخاند.

بەڕێزیان پڕۆژەی دروستکردنی كۆمه‌ڵگه‌ى کونسوڵخانەی ئەمەریکی لە هەولێر بە گرنگ زانی و بە نیشانەی گرنگیدانی ئەمەریکا بە هەرێمی کوردستانی لە قەڵەم دا و هیوای خواست ئەمەریکا زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بدات.

ئەمەش دەقی وتەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانە:

بەیانیتان باش،
ئێمە ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵین لێرە پێکەوە لەگەڵ جەنابی باڵیۆز و جەنابی کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر بە شێوەیەکی فەرمی بۆ دەستپێکردنی کار بۆ کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان.

بێگومان، پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەمەریکا، دوای 2003 بۆ ئێمە پەیوەندییەکی گرنگ بووە، بەڵام ئەوەی کە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە، دەمەوێ بەبیر خۆمانی بێنینەوە لە دوای ساڵی 1991 کە ئەمەریکا بەشێکی سەرەکی بوو لە پاراستنی میللەتی ئێمە لە کاتی کۆڕەوەکە و ئەو کارەساتە گەورەیە کە بەسەر میللەتی ئێمەدا هاتبوو، هەر لەو کاتەوە کە ناوچەی دژەفڕینی بۆ پاراستنی ئێمە دامەزراند لە عێراقدا، هەروەها تا ئەو پەیوەندییەش کە لە ساڵی 2003 وە پێکەوە دەستمان پێکرد.

دەمەوێ ئەوەش بەبیر خۆمان بێنینەوە کە وڵاته‌ یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە شەڕی داعشدا هاوکاریی ئێمەیان کرد و ئەگەر ئەو هاوکارییانەی سوپای ئەمەریکا نەبوایە، ئێمە نەماندەتوانی داعش بەو شێوەیە لە شوێنی خۆی ڕابگرین.

ئێمە ئەمڕۆ زۆر بە خۆشحاڵییەوە سەیری ئەم پڕۆژەیە دەکەین کە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین، هیوادارین ئەمە سەرەتایەک بێت، ڕاستە ئەمڕۆ ئێمە لێرەین وەک دەستپێکردنێک، بەڵام خۆی لە خۆیدا نیشانەیە بۆ دەرەوە و هەموو جیهان کە ئەمەریکا دەیەوێ لە عێراق بمێنێته‌وه‌، ئەمەریکا دەیەوێ لە کوردستان بمێنێته‌وه‌، ئەمەریکا دەیەوێ پەرە بە پەیوەندییەکانی خۆی بدات لەو ڕووەوە بۆ عێراق بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە.

خۆشحاڵم بە ئامادەبوونی جەنابی باڵیۆز، ئەمڕۆ ئێمە بە شێوەیەکی فەرمی دەستی پێدەکەین. هیوادارم ئەم پەیوەندییە لەمەودوا زیاتر بێت و هەموو بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە.

هەموو لایەکتان بەخێر بێن بەسەر چاو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.